ئەشرەفییە و شێخ مەقسود؛ لە هەڵگەڕانەوەی عەشایەرە عەرەبەکانەوە تا مەترسی جەنگی سەرتاسەری 

٩ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ١:١١ پاش نیوەڕۆ

ئەشرەفییە و شێخ مەقسود؛ لە هەڵگەڕانەوەی عەشایەرە عەرەبەکانەوە تا مەترسی جەنگی سەرتاسەری 

پەنجەرە

ناوچەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە چەند ڕۆژێکی پڕ لە ئاڵۆزی و جەنگیان بەڕێکرد، بەڵام وادیارە هاوکێشە نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەکان کۆتایی بە حوکمی 13 ساڵەی ئاسایشی ناوخۆی کوردی لەو ناوچانە دەهێنێت.


ئیسرائیل؛ پشت لە کورد و ڕوو لە شەرع 

دوای ڕوودانی دانوستان لەنێوان حکومەتی سوریا و ئیسرائیل لە ئازەربایجان لەلایەن سوپای سوریاوە هێرشکرایە سەر درووزەکان، لە سیناریۆیەکی دووبارەدا و دوای دانوستانی نێوانیان لە فەرەنسا ئەمجارە سوپای سوریا هێرشیکردە سەر کوردانی حەلەب.

ئەمەریکا و ئیسرائیل بەرامبەر هێرشەکانی گروپە چەکدارە سورییەکان بۆ سەر کوردانی حەلەب بێدەنگبون، ئەمەش ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە هێرشەکە بەڕەزامەندی ئەوان ئەنجامدرابێت یاخود بێدەنگییان لێکردبێت.

شارەزایانی بواری سیاسی هاوڕان لەسەر ئەوەی هێرشی گروپە چەکدارەکان بۆ سەر حەلەب لەلایەن تورکیاوە ئەنجامدراوە، بەوپێیەی ئەحمەد شەرع کەمترین هەڵوێستی لەسەر ئاڵۆزییەکان نواند و زیاتر تورکیا خاوەندارێتی دۆخەکەی دەکرد.

پێدەچێت تورکیا دانوستانی نێوان ئیسرائیل و سوریای قۆستبێتەوە، بەوەی ئیسرائیل دەستکەوتی لە دانوستانەکاندا بەدەستهێنا و تورکیاش لەبەرامبەردا هێرشەکانی سەر حەلەبی کردە دەستکەوت بۆ خۆی.


حەلەب؛ ناوچەیەکی گرنگ و هەستیار بۆ تورکیا 

گرنگی حەلەب بۆ تورکیا هاوشێوەی گرنگی موسڵە بۆ ئەو وڵاتە، بەوپێیەی ئەو دوو شارە تا ڕادەیەک نزیکن لە تورکیاوە و گرنگی ئابووری و ستراتیژییان بۆ ئەو وڵاتە هەیە.

حەلەب بۆ تورکیا بەشێکە لە "میساقی میللی" و ڕێگەیەکی گرنگی بازرگانیشە، ئەمە جگە لەوەی حەلەب دووەم شاری گەورەی سوریایە و لەڕووی جوگرافییەوە نزیکە لە تورکیاوە.

تورکیا لەپاڵ ئامانجە ئابوورییەکانیدا دۆخەکەی قۆستەوە و گروپەکانی بۆ هێرشکردنە سەر حەلەب هاندا، لەلایەک هەوڵیدا هێزەکانی سوریای دیموکرات رابکێشێتە نێو جەنگێکی گەورە و سەرتاسەرییەوە، لەلاکەی تریش فشارەکانی وەکو کارتێک بۆسازش پێکردنی هەسەدە بەکارهێنا.


هەسەدە؛ خۆ بەدوورگرتن لەشەڕ

هێزەکانی سوریای دیموکرات خۆیان بەدوور گرت لە فراوانکردنی شەڕ بەو پێیەی پێشتر بانگەشەی ئەوەیان دەکرد هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ هێزێکی سەربەخۆن، هەروەک ڕێگریشیان کرد لەوەی شەڕەکە ببێتە شەڕێکی سەرتاسەری.

ناوچەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود لەڕووی جوگرافی و سەربازییەوە دابڕاوبوون لە سنوری دەسەڵاتی هەسەدە و گەمارۆ درابوون، بەهاناوەچوونی ئەو ناوچانە کە دووری نێوانیان 50 کیلۆمەترە بۆ هەسەدە قورسبوو.

هەسەدە ترسی هەبوو لەوەی شەڕی نێوانیان لەگەڵ سوریا و بەهاندانی تورکیا ببێتە شەڕێکی سەرتاسەری، بۆیە هەوڵی سنوردارکردنی شەڕەکەیدا، ئەمە جگە لەوەی هەڵگەڕانەوەی عەشایەرە عەرەبەکانی ئەشرەفییە بۆ هەسەدە زەنگێکی مەترسیداربوو.

زەنگێکی مەترسیداربو بەو مانایەی لە ئەگەری فراوانبوونی شەڕدا، عەشایەرێکی زۆری عەرەبی نیشتەجێی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات و مەترسی هەڵگەڕانەوەی عەشیرەتە عەرەبەکان لەو ناوچانەش هەمیشە مەترسی جدی و چاوەڕوانکراوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو