ئێران لەبەردەم لێشاوی ناڕەزایەتی نوێدا؛ دەسەڵات دەگۆڕێت یان ناڕەزایەتییەکان دادەمرکێنرێنەوە؟
٩ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٨:١٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لێشاوێکی نوێی ناڕەزایەتی ئێرانی گرتووەتەوە و چاوەکان لەسەر ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانن، بەوەی خرۆشانی جەماوەری ئەمجارە گۆڕانکاریی لێدەکەوێتەوە یان لەڕێگەی هێزەوە کۆتایی پێدەهێنرێت.
پێشبینیکردن بۆ ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی ئێران لە ئێستاوە قورسە، بەڵام ناڕەزایەتی لەکاتێکدا سەریهەڵداوەتەوە هەلومەرجی نێودەوڵەتی گۆڕاوە و دۆخی سەربازی و ئابووری ئێرانیش سەختتر بووە.
ناڕەزایەتییەکان؛ لە چینی هەژار و توڕەوە بۆ خرۆشانی جەماوەری
داینەمۆی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئێران لە سەرەتاوە گەنجانی توڕە و بێکار و چینی هەژاربوون، بەڵام دواتر خۆپیشاندانەکان فراوانتر بوون و خەریکە زۆربەی ناوچەکان دەگرێتەوە.
خۆپیشاندان لە نێو شارە زۆرینە فارسەکانەوە هەڵگیرسا و نەتەوەکانی تر سەرەتا خۆیان بەدوور گرت، بەوپێیەی وانەیان لە جاری پێشوو وەرگرتبو، ترسیان لە سەرکوتکردن هەبوو، بەڵام وا خەریکە ناڕەزایەتی هەموو وڵات دەگرێتەوە.
مامەڵەی سەرەتای دەسەڵاتدارانی ئێران لەگەڵ خۆپیشاندەراندا نەرم بوو، بە ئومێدی ماندوو کردنیان و دواتر بەجێهێشتنی شەقام، بەڵام فراوانبونی ناڕەزایەتییەکان مامەڵەی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی توندتر کرد.
پچڕاندنی هێڵەکانی ئینتەرنێت و بەکارهێنانی زەبروزەنگ دژی خۆپیشاندەران، هەوڵێکی نوێی هێزە سەربازیی و ئەمنییەکانی ئێرانە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی دۆخەکە، بەڵام زەبروزەنگ خەڵکی توڕەتر کردووە.
دوای هۆشداریدانی سەرۆکی ئەمەریکا بە دەسەڵاتدارانی ئێران و کوژران و برینداربونی سەدان خۆپیشاندەر، دۆخی ئێران چووەتە قۆناغێکی ئاڵۆزتر و پڕ لە توندوتیژی ترەوە.
ئێران کەوتووەتە بەردەم قۆناغی تەشەنە سەندنی زیاتری ناڕەزایەتییەکان و لە کۆنترۆڵ دەرچوون، یان بەکارهێنانی زەبروزەنگی زیاتر لەلایەن هێزە سەربازییەکانەوە و دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتییەکان.
ئایا ئێران بەخۆپیشاندان دەگۆڕێت؟
خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی چەندین ساڵەی دانیشتوانی ئێران تاڕادەیەک نائومێدی کردبوون لەوەی بتوانن گۆڕانکاری لەو رێگەیەوە بهێننە ئاراوە، بەڵام ئاوێتە بونی ناڕەزایەتی و فشارە دەرەکییەکان خەریکە ئومێدیان بۆ دەگێڕێتەوە.
رەنگە دانیشتوانی ئێران هەڵە نەبن لەوەدا کە ناڕەزایەتی نێوخۆیی بەتەنها نابێتە هۆی گۆڕانکاری، بەوپێیەی گۆڕانکاری پەرتبونی دەسەڵاتی سەربازیی و فشاری دەرەکی پێویستە.
کاتێک زەیندولعابدین دەسەڵاتی تونسی بەجێهێشت لەلایەن هێزە سەربازییەکانەوە پاڵپشتی نەکرا، حوسنی موبارەک بەناچاری دەسەڵاتی بەجێهێشت چونکە سوپا هەماهەنگ نەبوو لەگەڵی، موعەمەر قەزافی کاتێک تەنگی پێهەڵچنرا هەڵگەڕانەوە لەنێو سوپاکەی ڕوویدا، بەشار ئەسەدیش ئەوکاتە هەڵهات سوپاکەی شەڕی بۆ نەکرد.
مانەوەی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان بە یەکگرتوویی و پەرت نەبوونیان تاڕادەیەک گەرەنتی مانەوەی دەسەڵاتی ئێران دەکات، بەڵام دروستبونی کەلێنی گەورە لەنێو هێزەکانیدا دەبێتە سەرەتایەک بۆ لەقبوونی پێگەکەی.
هەرچەندە پەرتبونی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی ئێران دۆخی وڵات دەخاتە بەردەم ئەگەری هەڵگیرسانی ئاڵۆزی و ناسەقامگیری گەورەشەوە، چونکە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆیی دەهێنێتە ئاراوە.
لاوازبونی ئێران لە دوای جەنگی دوازدە رۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل، لاوازبوونی هێزە هاوپەیمانەکانی لەناوچەکەدا و گواستنەوەی فشارەکان بۆ ناوخۆی ئەو وڵاتە، وایانکردووە چاوەڕوانی روودانی گۆڕانکاری لەو وڵاتە بکرێت.
فشاری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆسەر ئێران بەهێزتر بوە، ئیسرائیل خۆی مەڵاسداوە و لەدەرفەت دەگەڕێت بۆ هەڵگیرسانی قۆناغێکی تری شەڕ، خەڵک لە جاران برسیتر و توڕە ترە، ئەم فاکتەرانە پایەکانی دەسەڵاتیان لەئێران لەقتر کردووە.
کاتێک جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل هەڵگیرسا، خەڵکی ئێران دەرفەتەکەیان بۆ ناڕەزایەتی و گۆڕانکاری نەقۆستەوە و نیگەرانیشبون لە هێرشەکانی ئیسرائیل، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە و دۆخی ئابووری خەڵکی توڕەتر کردووە.
یەکانگیربونی فشاری دەرەکی و ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی سەربازی لەگەڵ توڕەیی خەڵک، ئەگەری روودانی گۆڕانکارییان لە ئێران زیاتر کردووە هەرچەندە لەئێستادا ئاماژەی هێرشی دەرەکی بەدی ناکرێت.
ڕوودانی گۆڕانکاری لەئێران ئاسان نییە، بەڵام ئەستەم و چاوەڕوان نەکراویش نییە، هەرچەندە لە ئەگەری ڕوودانی سەرجەم سیناریۆکاندا ڕوودانی ئاڵۆزی و کوشتوبڕی زیاتر لەو وڵاتە چاوەڕوانکراوە.
دۆخی ئێران؛ لەنێوان برسێتی خەڵک و خۆ مەڵاسدانی چەندین هێزی جیاوازدا
رەزا پەهلەوی لە ئێستادا وەکو جێگرەوەی دەسەڵات ڕۆڵ دەگێڕێت، چەند جارێک سەردانی ئیسرائیلی کردووە و بەردەوام گوتار ئاراستەی کۆمەڵگەی ئێرانی دەکات، ئەمە جگە لەوەی سەرقاڵی لۆبیکردنە بۆخۆی.
پەهلەوی بە پاڵپشتی میدیا و ئەو توانا داراییە گەورەیەی لەبەردەستیدایە، کراوەتە وێنەیەکی زاڵ و بەردەوام گوتار ئاراستەی هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش دەکات بۆئەوەی بەرامبەر خۆپیشاندەران توندوتیژی نەنوێنن.
هەرچەندە سروشتی کۆمەڵگای ئێرانی ئاڵۆزە و قەبوڵکردنی پەهلەوی قورسە، بەڵام وێنەیەکی وا گەورەشی بۆ دروستکراوە تا وەکو جێگرەوە ببینرێت، ئەمە جگە لەوەی هەست دەکرێت پاڵپشتی ئەمەریکی_ئیسرائیلی هەیە.
لەنێو دەسەڵاتی ئێرانیدا کەم نین ئەو سیاسی و کەسایەتییانەی قوربانی دەست ڕەخنەگرتن بوون لە شێوازی حوکمڕانی ئێران، بۆیە لە ئەگەری روودانی هەر گۆڕانکارییەکدا پشتگوێخستنی ئەوانیش قورسە.
ئەو بۆچوونە دروستبوە و هەمیشە ئاماژەی پێدەکرێت کەرووخانی ئێران کێشەی گەورەی لێدەکەوێتەوە، بۆیە زۆرجار باس لە ئەنجامدانی گۆڕانکاری لەنێو سیستەمەکە و هێشتنەوەی "ئێرانی دەولە" و رووخانی "ئێرانی سەورە" دەکرێت.
چەندین هێزی تریش هەن چاودێری دۆخی ئێران دەکەن و لەنێو وڵاتدا پێگە و لایەنگرانیان هەیە لەنموونەی موجاهدینی خەڵق، هەروەها کۆمەڵگای ئێرانیش پڕە لە خەڵکی نوخبەی پێگەدار.
روودانی گۆڕانکاری لە ئێران تەنها کێشمەکێشی لەنێوان ئەو هەموو هێزەدا لێناکەوێتەوە، بەڵکو ئەو وڵاتە دەبێتە شوێنی ململانێکردنی ئەجێندا جیاواز و دژ بە یەکەکان.
دەرفەت بۆ تورکیا دەڕەخسێت لە رێگەی تورکەکان و کەنداو لەرێگەی عەرەبەکانی ئەهوازەوە، هەروەها وڵاتانی تر لەڕێگەی کوردەوە ببنە بەشێک لەململانێ ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە، بۆیە رووخانی ئێران چەند ئاڵۆزە بونیاتنانەوەی لەوە ئاڵۆزترە.
ئەنجام
ئەگەر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئەمجارەش کۆتاییان بێت ئێران ناتوانێت بەم دۆخەوە بەردەوام بێت، چونکە دابڕاوە لەدونیا و دۆخی ئابووری وڵاتەکەش خەریکە بەتەواوەتی دادەتەپێت.
ئەگەر پێشتر ئێران لە رێگەی گروپە نزیکەکانییەوە شەڕی لەناوخۆی وڵاتەکەی دوورخستبێتەوە، ئەوا لەئێستادا هەموو ئەو گروپانە لاوازکراون یاخود کەوتوونەتە دۆخی نائومێدییەوە.
ئیسرائیل لە بۆسەدایە بۆ ئێران و هەمیشە وەکو وڵاتێکی نەیار و مەترسیدار بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی لێیدەڕوانێت، ئەو نەک "ئیرانی سەورە" بەڵکو "ئێرانی دەولە"شی قەبوڵ نییە و ئێرانێکی پەرت و لاوازی دەوێت.
ئەمەریکا لەگەڵ مانەوەی کێشەکانی ئێران و سەرئێشەی ئەو وڵاتەدا نییە بە هەڵواسراوی، وڵاتانی کەنداویش لەسەردەمی شاوە تا ئێستا ئێران وەکو هەڕەشە و مەترسی دەبینن.
وڵاتانی ئەوروپاش هیچ هەمانگی و پەیوەندییەکی ستراتیژییان لەگەڵ ئێران نییە، ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها چین و روسیایە، ئەوەی یەکەمیان تەنها راوی بەرژەوەندی خۆی دەکات و روسیاش خراوەتە نێو قوڕاوێکەوە خۆشی گیرۆدە بووە.
بۆیە ئێران ئەگەر ئەمجارەش لەدەست خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیە نێوخۆییەکانی قوتاری ببێت، ئەوا روودانی گۆڕانکاری حەتمییە و لەسەر کات وەستاوە، چونکە وڵاتێکی وا گەورە کە لە دونیا دابڕاوە ناتوانێت بەمجۆرە بەردەوام بێت.
رۆژنامەنوس