پژاک خۆی ئامادە دەکات؛ ئەو ناوچانەی پێگەی پژاک تێیاندا بەهێزە لەپێشەوەی ناڕەزایەتییەکانەوەن
٩ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٨:٣٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئێران دا، پژاک بەراورد بەهێزە کوردییەکانی تر جوڵەی زیاترە و خۆپیشاندان لەو ناوچە کوردییانەشەوە سەریهەڵدا کە پێگەی پژاک تێیاندا بەهێزە.
حزبی دیموکرات، کۆمەڵە و حزبە کوردییەکانی ئێران پێگەیان لەناوچە کوردییە سونەکان بەهێزە، لەکاتێکدا پژاک جگە لەو ناوچانە لە ناوچە کوردییە شیعە مەزهەبەکانیش خاوەن پێگەیە.
ناڕەزایەتی لە ئیلام و کرماشانەوە سەریهەڵدا و تەشەنەی سەند، کە دانیشتوانەکەی کوردی شیعە مەزهەبن و لایەنگرانی پژاک لەو ناوچانە لەهێزە کوردییەکانی تر زیاترە.
بەرپرس و گەریلاکانی پژاک لەهەموو کات زیاتر جوڵەیان هەیە و پێگە تایبەتەکانی خۆیان بۆ گەیاندنی پەیامەکانیان بەکار دەهێنن، لەکاتێکدا بەشداری کۆبوونەوەی هەماهەنگی حزبە کوردییەکانیشیان کردووە.
پژاک لەرابردوودا پەیوەندی لەگەڵ ئێران هاوشێوەی حزبە کوردییەکانی تر ئاڵۆز نەبووە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا نێوان ئێران و ئەو هێزە کوردییە لەوپەڕی خراپیدا بوو.
کاتێک چەند مانگێک لەمەوبەر لە ناوچەی پێنجوێن لەڕێگەی درۆنەوە هێرشکرایە سەر ئۆتۆمبێلی گەریلایەکی پژاک، ئەو هێزە ئێرانی تۆمەتبار کرد و ژمارەیەک سەربازی ئێرانی کوشت.
دوای شەڕی دوازدە رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، هێزەکانی ئێران لە سنوری قەندیل پاشەکشەیان لە ١٠ بنکە و بارەگای سەربازی کرد و پژاک کۆنترۆڵی کردن، دواتر ئاڵۆزی لە نێوانیان سەریهەڵدایەوە بەهۆی ئەوەی پژاک داواکاری ئێرانی بۆ چۆڵکردنی بنکەکان رەتکردەوە.
بەڕای چاودێرانی سیاسی، هۆکاری جموجۆڵە چڕەکانی پژاک دژی ئێران بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەو هێزە هەست بە روودانی گۆڕانکاری دەکات و خۆی بۆ بارودۆخی نوێ ئامادە دەکات.