گەمارۆی سەر کەمپی مەخمور توندتر کرا و سێ کەسیش دەستگیرکران
٩ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٨:٣٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
چالاکوانێکی سیاسی لە قەزای مەخمور دەڵێت، هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی سوریادا سوپای عێراق گەمارۆی سەر کەمپی مەخموری توندتر کردووە و سێ کەسی دانیشتووی کەمپەکەشی دەستگیرکردووە.
غازی فەیسەڵ، چالاکوانی سیاسی لە قەزای مەخمور، بە پەنجەرەی راگەیاند: پێدەچێت دۆخی سوریا و کەمپی مەخمور وەکو یەک پاکێج ببینرێت، بۆیە کاتێک ئاڵۆزی لە سوریا روودەدات، گەمارۆی سەر کەمپی مەخموریش توند دەکرێتەوە.
دەشڵێت: سێ دانیشتووی کەمپی مەخمور بۆ کڕینی پێداویستی لە کەمپەکە دەرچوون، بەڵام لەلایەن سوپای عێراقەوە دەستگیرکراون و لە دوێنێوە دەست بەسەرن.
کەمپی مەخمور لە کۆتایی ساڵانی نەوەدەکان دروستکراوەو نزیکەی 9 هەزار هاوڵاتی لە کەمپەکەدا نیشتەجێن، کە بەلایەنگرانی پەکەکە هەژمار دەکرێن.