لەماوەی چەند خولەکێکی کەمدا وەزارەتی بەرگری سوریا چوار پەیامی هەڕەشە ئامێز بڵاو دەکاتەوە
١٠ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٩:٢٨ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەماوەی ١٢ خولەکدا، چوار پۆست لە سۆشیال میدیای وەزارەتی بەرگری سوریاوە بڵاوکرانەوە و سەرجەم پۆستەکانیش گرێدراون بە دۆخی ناوچە کوردنیشینەکانی حەلەبەوە.
وەزارەتی بەرگری سوریا لە پۆستی یەکەمدا، هەسەدە تۆمەتبار دەکات بەوەی گەریلاکانی حەلەبیان بەجێنەهێشتووە و ئەو پاسانەیان کردووەتە ئامانج کە بۆ گواستنەوەیان رەوانەی شێخ مەقسود کراون، بەو هۆیەوە سێ سەربازی سوری کوژراون و ١٢ ی تریش بریندار بوون.
لە پۆستی دووەمدا، وەزارەتی بەرگری سوریا تۆمەتی موماتەڵە کردن دەداتە پاڵ هەسەدە و دەڵێت: ئەمە دەرفەتی رێککەوتن کەمدەکاتەوە.
وەزارەتی بەرگری سوریا لە پۆستی سێهەمدا دەڵێت: شێخ مەقسود چەکداری پەکەکەی تێدایە، ئەو چەکدارانە ١٠ گەنجی کوردییان کوشتووە و جەستەشیان سوتاندوون.
لە پۆستی چوارەمدا، وەزارەتی بەرگری سوریا هەسەدە بە تاوانبار ناو دەبات و جەخت لەسەر بەردەوامیدان بە هێرشکردنە سەر ناوچە کوردنیشینەکان دەکاتەوە تا ئەوکاتەی کۆنترۆڵی دەکەن.