فشاری تورکیا بۆ سەر هەسەدە؛ لە هێرشی راستەوخۆوە بۆ بەکارهێنانی گروپە چەکدارەکان
١٠ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٩:٣٠ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
تورکیا شێوازی فشارەکانی بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە گۆڕیووە، پێشتر خۆی هێرشی راستەوخۆی بۆ سەر ئەو هێزە کوردییە ئەنجام دەدا، بەڵام دوای رووخانی ئەسەد ئەو کارەی بە گروپە چەکدارە سورییەکان سپاردووە.
ژمارەیەک گروپی چەکداری سوری هەرچەندە سەر بە وەزارەتی بەرگری سوریان، بەڵام کار بە رێنماییەکانی تورکیا دەکەن و زیاتر لەژێر کۆنترۆڵی ئەو وڵاتەدان وەکئەوەی لەژێر کۆنترۆڵی دیمەشقدا بن.
ساڵەح موسلیم، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پەیەدە، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئەو گروپانەی هێرش دەکەنە سەر حەلەب گروپە نزیکەکانن لە تورکیا.
دەشڵێت: تورکیا ئەو گروپانەی بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە هانداوە.
تۆمەتبارکردنی تورکیا بە هاندانی گروپە چەکدارە سورییەکان بۆ هێرشکردنە سەر ناوچە کوردنیشینەکان لەکاتێکدایە، تورکیا پێشتر خۆی لەرێگەی درۆن و موشەکەوە چەکدارانی هەسەدەی بۆردومان دەکرد.
بەکارهێنانی گروپە سورییەکان بۆ هێرشکردنە سەر کوردانی رۆژئاڤا لەکاتێکدایە، بەشێک لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە سوریا پێشتر هێرشەکانی تورکیایان وەکو تاوانی جەنگ ناساندووە..
جوان محەمەد، سەرۆکی سەندیکای پارێزەران لە هەرێمی جەزیرە، دەڵێت: دەبێت تاوانەکانی تورکیا لە رۆژئاڤا بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان شرۆڤە بکرێن.
وتیشی: ئەو تاوانانەی لە ناوچەکانی ئێمەدا ڕوویانداوە تاوانی جەنگن، چونکە هێزە کوردییەکان و سەرچاوەکانی داهات کراونەتە ئامانج.
بەرپرسانی تورکیا ڕۆڵ و کاریگەری وڵاتەکەیان لە هێرشکردنە سەر هەسەدە ناشارنەوە، هەڕەشەی ڕازی نەبوون بە دۆخی نوێی سوریاش دەکەن ئەگەر بەوجۆرە مامەڵە لەگەڵ هەسەدەدا نەکرێت کە ئەوان دەیانەوێت.
خالید عومەر، پارێزەر و بەرپرسی فەرمانگەی بێسەروشوێنبووان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئاماژە بەوەدەکات بە پێی یاسای نێودەوڵەتی هێرشەکانی تورکیا کاتێک یاسایی دەبن، تورکیا لە دۆخی بەرگریدا بێت و لە سوریاوە هێرشی کرابێتە سەر.
ئەو دەڵێت: دۆخەکە پێچەوانەیە و تورکیا هێرش دەکات یان گروپە چەکدارەکان هاندەدات.
شارەزایانی یاسایی دەڵێن، تورکیا خۆی لە واژۆ کردنی هەندێک پرۆتۆکۆڵی مافی مرۆڤ بەدوور گرتووە، بۆیە ئەستەمە بتوانرێت دۆسیەکانی سوریای لەدژ بجوڵێنرێت.
جوان عیسۆ، پارێزەر و ئەندامی کۆمیتەی کۆچبەرانی سەرێکانی، وتی: بە پێی پرۆتۆکۆلی جنێف و چەندین ڕێککەوتنی فرەلایەنەی دیکە کە تورکیا واژۆی کردوون، کارەکانی تورکیا لە سوریا دەچنە چوارچێوەی تاوانی مرۆڤایەتییەوە.