ئایا ئەمەریکا هەڵەکەی تۆم باراک راست دەکاتەوە؟

١١ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ١١:٥٤ پێش نیوەڕۆ

ئایا ئەمەریکا هەڵەکەی تۆم باراک راست دەکاتەوە؟

پەنجەرە

هێرشی گروپە چەکدارە سورییەکان بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە، دوای هەڵکردنی گڵۆپی سەوزبوو لەلایەن تۆم باراک نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکاوە بۆ ئەنجامدانی هێرشەکە.

هێرش بەرامبەر دانوستان

دوای دانوستانی نێوان ئیسرائیل و حکومەتی سوریا لە فەرەنسا، تۆم باراک نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا رەزامەندی دەربڕیووە لەسەر هێرشی گروپە چەکدارە سورییەکان بۆ سەر کوردانی حەلەب.

تۆم باراک کە بە نزیک لە سیاسەتەکانی تورکیا تۆمەتبار دەکرێت، پێش هێرشەکان لەگەڵ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا گفتوگۆی کردووە و لاری نەبونی لە هێرشەکان پێڕاگەیاندووە.

عەتا فەرحان، رۆژنامەنوسی عەرەبی سوری، لەبارەی هێرشی سەر گەڕەکە کوردنیشینەکانی حەلەبەوە، دەڵێت: هێرشەکان بە فەرمانی تورکیا ئەنجامدران، تورکیا جوڵێنەری سەرەکی هێرشەکان و حاکمی سەربازی سوریایە، تورکیا بڕیاری شەڕ و دانوستان لە سوریا دەدات.

دەشڵێت: ئەحمەد شەرع تەنها ئامرازە و جگە لە تەنازول هیچی تری نییە، تەنازول لە جۆلان و باشوری سوریا و لەبەرامبەر هەر تەنازولێکدا کوشتوبڕێکی نوێ ڕوودەدات، سەرەتا لە کەناراوەکانی سوریا و دواتر بۆ سوەیدا و ئێستاش بۆ حەلەب.

کورد و سوریا؛ درێژکردنەوەی شەڕ بۆ دوو ئامانجی جیاواز

دوای بەرگریکردنی چەند رۆژەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود، هێشتا شەڕی سەخت لەو گەڕەکانە بەردەوامە.

گروپە چەکدارە سورییەکان دەیانەوێت خێرا شەڕەکە یەکلایی بکەنەوە و کۆنترۆڵکردنی گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود بکەن بە ئەمری واقیع، لەکاتێکدا هەسەدە چاوەڕوانی هەنگاوی ئەمەریکایە.

هێزەکانی سوریای دیموکرات لە رێگەی بەرگریکردنەوە، دەیەوێت ئەمەریکا بهێنێتە سەر هێڵ بۆ راستکردنەوەی هەڵەکەی تۆم باراک و راگرتنی شەڕ، هەروەها مانەوەی ئەو گەڕەکانە لەژێر کۆنترۆڵی هێزە کوردییەکاندا.

چارەنوسی گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود لەژێر کۆنترۆڵی کورددا قورس و ئەستەمە، بەبێ هاتنە سەر هێڵی ئەمەریکا و ناچارکردنی گروپە چەکدارە سورییەکان بۆ راگرتنی شەڕ.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو