بەکارهێنانی هێز و سەرکوتکردن؛ سیمای نەگۆڕی بەرەنگاربونەوەی خۆپیشاندەرانی ئێران
١١ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ١٢:٠٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی خەڵکی ئێران لە دژی خراپی دۆخی ئابووریی و بەرزبونەوەی نرخی کاڵا و شمەک تا دێت تەشەنە دەسێنێت، لەکاتێکدا بەکارهێنانی هێز و هەوڵدان بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لەبری هەنگاونان بۆ جێبەجێکردنی خواستەکانیان، تەنها کارتی دەست دەسەڵاتدارانی ئێرانە.
چالاکوانانی ئێران دەڵێن، زیاتر لە هەزار کەس بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە دەستگیرکراون و بەپێی وتەی تۆڕی مافی مرۆڤی ئێرانی بنکە لە واشنتن، زیاتر لە 34 خۆپیشاندەریش کوژراون.
سوپای پاسداران و پۆلیسی ئێران ئەزموونێکی گەورەیان لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی دژە دەسەڵاتدا پەیدا کردووە، بەتایبەت ساڵانێکی زۆرە لەو ڕووەوە هەمیشە خۆیان تاقی دەکەنەوە و سەرکەوتوو بون.
خۆپیشاندانی خوێندکاران لە ساڵی 1999
هاوینی ساڵی 1999، دەسەڵاتدارانی ئێران رۆژنامەی "سەلام"یان داخست کە ئاراستەیەکی ریفۆرمخوازی هەبو، ئەمەش بووە مایەی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی خوێندکاران لە تاران.
دواتر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هێرشکرایە سەر شوێنی مانەوەی خوێندکاران، بەو هۆیەوە خوێندکارێک کوژرا و ئەمەش وایکرد شەپۆلێکی ناڕەزایەتی ئێران بگرێتەوە و بۆ ماوەی چەند رۆژێک بەردەوام بێت.
هێزەکانی بەسیج هەڵمەتێکی توندیان دژی خۆپیشاندەران دەستپێکرد، بەلای کەمەوە 4 خۆپیشاندەر کوژران و ژمارەیەکیش شوێن بزر کران، هەروەها 1200 بۆ 1400 کەسیش دەستگیرکران.
خۆپیشاندانی ساڵی 2009 دوای دە ساڵ لە خۆپیشاندانی خوێندکاران، لە ساڵی 2009 خۆپیشاندانی جەماوەری بەرفراوان جارێکی تر ئێرانی گرتەوە، دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار و بردنەوەی "مەحمود ئەحمەد نەژاد" کە هەڵبژاردنەکە بە هەبژاردنێکی پڕ لە ساختەکاری ناوبرا.
سەرباری خۆپیشاندانە بەرفراوانەکان بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێران ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنیان رەتکردەوە، بەهۆی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانیشەوە دەیان کەس کوژران و هەزاران کەسیش دەستگیرکران.
خۆپیشاندانی خوێناوی ساڵی 2019
دیسانەوە دوای 10 ساڵ لە خۆپیشاندانی ساڵی 2009، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە مانگی 11 ی ساڵی 2019 لە ئێران سەریهەڵدایەوە بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنییەوە.
خۆپیشاندانەکان سەرەتا هێمنانە بون و بەخێرایی 20 شاری گرتەوە، داواکاری سەرەکییان باشکردنی دۆخی ئابووری بو، بەڵام دواتر دۆخەکە گۆڕا بۆ داواکردنی کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی خامنەیی.
دەسەڵاتدارانی ئێران هێڵەکانی ئینتەرنێتیان پچڕاند و هەڵمەتێکی توندیان دژی خۆپیشاندەران دەستپێکرد، بۆیە ئەمە لە مێژووی ئێران دا بە "نۆڤەمبەری خوێناوی" تۆمار کرا.
ئێران ؛ خۆپیشاندان و دروشمی "ژن ، ژیان ، ئازادی"
دوای ئەوەی لە ساڵی 2022، ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی "ئەخلاق"ی ئێرانەوە دەستگیرکرا و بەهۆی ئەشکەنجەدانەوە گیانی لەدەستدا، ناڕەزایەتی گەورە جارێکی تر ئێرانی گرتەوە و "ژن، ژیان ، ئازادی" دروشمی خۆپیشاندەران بوو.
گەنجان و ژنان پێکهێنەری بەشێکی زۆر لە خۆپیشاندەران بون، بەڵام پەرچە کرداری دەسەڵاتدارانی ئێران شەپۆلێکی نوێی توندوتیژی بو دژی خۆپیشاندەران.
جگە لە کوژرانی ژمارەیەکی زۆر خۆپیشاندەر و دەستگیرکردنی هەزارانی تر، ژمارەیەک خۆپیشاندەریش بڕیاری لەسێدارەدانیان لە پرۆسەی دادگاییکردنی خێرادا لەدژ دەرکرا.
توندوتیژی ؛ فاکتەری هاوبەشی نێوان خۆپیشاندانەکان
لەماوەی 27 ساڵی رابردوودا، ئێران هەموو جارێک لەرێگەی هێزەوە وەڵامی ناڕەزایەتییەکانی داوەتەوە، بۆیە بەکارهێنانی هێز و توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران بە ئامرازە بەردەوام بەکارهێنراوەکانی ئەو وڵاتە دادەنرێت.
پشت بەستنی دەسەڵاتدارانی ئێران بەهێز و توندوتیژی بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لەکاتێکدایە، هەنگاوی بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان نەناوە.