سەرەتای قەیرانی دارایی لە عێراق؛ ناڕەزایەتی دژی دواکەوتنی موچە و زیادکردنی باج
١١ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٨:٣٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
خۆپیشاندان لە پارێزگای بابل دژی دواکەوتنی موچە و لە شاری بەغدادیش ناڕەزایەتی دژی زیادکردنی باج ئەنجامدرا، ئەمەش بە سەرەتای دەرکەوتنی کاریگەری قەیرانی ئابووری لەسەر عێراق دادەنرێت.
بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و ئەو قەرزە ناوخۆییە گەورەیەی کەوتووەتە سەری، حکومەتی عێراق دووچاری قەیرانی دارایی بوە و داهاتی کەمترە لە خەرجییەکانی.
ئەمڕۆ یەکشەممە، فەرمانبەرانی گرێبەست لە پارێزگای بابل خۆپیشاندانیان دژی دواکەوتنی موچەکانیان ئەنجامدا، داوایانکرد دواکەوتنی موچە دووبارە نەبێتەوە.
بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەو قەیرانە داراییەی دووچاری بوە، حکومەتی عێراق بڕیاریداوە ئەو یاساییانە کارا بکاتەوە کە دوای 2011 دەرکراون و تایبەتن بە زیادکردنی باج لەسەر کاڵا و شمەکی هاوردەکراو.
دژی زیادکردنی باج و جێبەجێکردنی پێناسی گومرگی نوێ بەسەر کاڵا هاوردەکراوەکاندا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، لەبەردەم ژووری بازرگانی بەغدا گردبونەوە ئەنجامدرا.
سەرهەڵدانی خۆپیشاندان دژی دواکەوتنی موچە و ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر زیادکردنی باج بەسەر کاڵای هاوردەکراو، بە سەرەتای دەرکەوتنی ئەو قەیرانە داراییە دادەنرێت کە بەرپرسانی عێراق هۆشدارییان لەبارەیەوە داوە.