سیستەمی سیاسی ئێران لەبەردەم بەهارێکی دژواردا

١٢ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ١٠:٠٣ پێش نیوەڕۆ

پەنجەرە، هونەر حاجی جاسم

سیستەمی سیاسی کۆماری ئیسلامی ئێرانی دەمێکە بەدەست کۆمەلێک قەیرانی بنەڕەتی مێژووی دەنالێنێت. بەتایبەتیش قەیرانی دارایی و ئابووری و داڕمانی دراوی ئێرانی و پاشەکشەی هەژموونی هەرێمی و پەراوێزخستنی سیاسی و دیبلۆماسی و چەندین قەیرانی تری سیاسی، ئابووری، کۆمەلایەتی، ئاسایشی، پیسبوونی جۆرەکانی ژینگە و قەیرانی ئاسایشی خۆراک. چونکە لە سەرەتایی هاتنە سەرکاری ئەم سیستەمە سیاسیە پلانێکی تۆکمەیی ستراتیژی نەبوو لە بەڕێوەبردن و گەشەپێدانی نەخشەی ئابووری ئێران، تاکو ئێران بکات بەهێزێکی جیۆئابووری بەهێزی ناوچەیی و جیهانی. ئەمەش دوای ئەوە دەرکەوت کە لە ئیمام خومەینی پرسی ڕات چیە دەربارەی ئابووری ئێران، ئەویش بە دەنگێکی سارد گوتی ئابووری مالی کەرە ( اقتصاد مالی خرە ) ئەوکاتەی خومەینی ئەم قسەیکرد ئابووری ئێران لە هێزی ئابووری ولاتانی کەنداو و تەواوی جیهانی ئیسلامی بەهێزتر بوو، هەر بەنمونە ئەوکات خەلیجیەکان بەدوای پسپۆرانی بواری دارایی و ئابووری خانەنشینی و ئێرانی دەگەڕان تاکو پەیکەری وەزەراتی ئابووری و گەشەپێدانی نەخشەی ئابووریان بۆ درووست بکەن، وە هەرووەها مالیزیەکان و ئەندەنوسیەکان بۆ گەرمکردنەوە خەریکی کۆکردنەوەی دار بوون و مێش و مەگەز خەریک بوو بیان خوات! بەلام ئێستا سەیری GDP ئێرانی بکە بکەن لەگەل ئەم ولاتانە بۆمان ڕوون دەبێتەوە جیاوازیەکە نەک بەدی ناکرێت، بەلکو دەگەینە ئەو ئەنجامەی کەوتنی سیستەمە سیاسیەکەی ئێستای ئاخوندەکان بۆتە کارێکی پێشبینکراوو.

 بەلام لەگەل ئەوەشدا.ئێرانی ئێستا، دوای نەمان و لاوازبوونی هەژموونی هەرێمی و ڕوخانی ئابووریەکەی لەکۆتا ساتەکانی هەناسە وەرگرتن دایە! بەلام پرسیارەکە لێرەدایە کە ئایە ئەم بەهارە تاکو گەرمایی مانگی ئابی تارانی پایتەخت دەتوانێت بمێنێتەوە؟! ئایە کێشەکانی دوای لابردنی ئەم سیستەمە چی دەبن؟.ئایە دۆزی کورد و نەتەوەکانی کورد بەراورد بە پێش ڕوخانی سیستەمی پادشایی سالی 1979 لە چ ئاستێک دایە؟


بەهاری داهاتوو بەهاری دەرکەوتنی قەیرانەکان

وەرزی بەهار بۆ تەواوی گەلانی زاگرۆس وەرزی نوێبونەوە و لەدایبکونی نوێگەریە. بۆیە فەلسفەی وەرزی بەهار لەلای نەتەوەکانی زاگرۆس فەلسفەی مانگی بەهار بە دووبارە هاتنەوەی ژیان دەبینرێت. ئەو مانگەیە کە مرۆڤ، هەناسەیەکی نوێ هەلدەمژێت و نوێگەری دێنتە کایەوە. زەوی فێری ئەوەمان دەکات کە دوای هەر سەختییەک، توانای سەوزبوونەوە هەیە. بۆیە بەهار فەلسفەی گۆڕانە؛ هیچ دۆخێک هەمیشەیی نییە، نە ساردی، نە تاریکی. هەموو شتێک لە ناوخۆیدا هێزی گۆڕان هەڵدەگرێت، تەنها پێویستە کات و ئارامی پێبدەین. لە فکری مرۆڤی زاگرۆسیدا، بەهار وەرزێکە بۆ ئەوەی دووبارە خۆمان بدۆزینەوە: ئەو بیرانەی کە وەک گەڵا لە دڵماندا وشک بوون، ئەو هیوایانەی کە پێمان وابوو مردوون، هەموویان لە مانگی بەهاردا دەتوانن جارێکی تر سەوز بن. بەهار فێرمان دەکات کە ژیان نە تەنها بەردەوامییە، بەڵکو هەردەم دەستپێکردنێکی نوێشە. دەکرێت دیدی فەلسفەی بۆ بەهاری وەرزی بەم جۆرە نەک تەنیا بۆ گۆڕینی وەرز بێت بەلکو بۆ سیستەمێکی سیاسی وشک و سارد و کە لەوەرزی ساردی خۆیدا ڕەق بۆتەوە، بەهاری داهاتوو سەرەتایی خاوبوونەوەی و ئاوێتەبوونی بێت لەگەل زەوی و توخمێکی تری لێ درووست بێت، بەلام مەرجیش نیە توخمەکە باشتربێت!

سیستەمی سیاسی کۆماری ئیسلامی ئێران کاتێک پایەکانی جێگیرکرد لە سەرەتایی وەرزی بەهار بوو. دەمێکیشە ئەم سیستەمە سیاسیە ئێرانی ئێستا چاوەڕوانی بەهارێکە. سالی ڕابردوو بۆ نەوروز و ڕۆژانی پشوو گەشتی ئێرانم کرد. لە یەکەمین دابەزینم لە فرۆکەخانەی ئیمام خومەینی تێگەیشتم سیستەمی سیاسی ئێران ناتوانێت چەند بەهارێکی تر بەڕێ بکات. هەر ئەوەبوو دوای گەڕانەوەم لەم گەشتە، فرۆکە جەنگیەکانی ئیسرائیل هێرشێکی دوازدە ڕۆژەیان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد. ئەمەش وایکرد کە سیستەمی سیاسی ئێرانی مەحکوم بکات بە گۆڕانکاری. بەتایبەت لە دوای کوژرانی زیارتر لە 30 فەرماندەی سوپای پاسداران و زانای ئەتۆمی. ئەمەش نەک تەنیا گورزێکی گەورە بوو لە پەیکەری سیستەمی سیاسی کۆماری ئیسلامی ئێران کەوت، بەلکو وەرزی خەزانی ئەم سیستەمەی زۆر خێرا کرد

ئێستا کۆماری ئیسلامی ئێران جگە لە قەیرانی دارایی و ئابووری چەندین قەیرانی تری هەیە، کە وەکو دەولەت توانای چارەسەرەکردنی زۆر ئەستەمە. بۆیە ڕۆژ دوای ڕۆژ سیستەمی سیاسی ئێرانی لەناوەخۆیدا توشی داخورانی ئێسقانەکانی دەبێت. بەتایبەتیش دوای 7 ئۆکتۆبەری سالی 2023 تاکو ئەم ساتەوەختە سیستەمی سیاسی ئێرانی لە ئاستی هەژموونی هەرێمیش تووشی پاشەکشەیێکی گەورەی بۆتەوە، ئەم پاشەکشەیێیەش لە هەموو ئاستەکانی سیاسی، دیبلۆماسی، ئابووری، ئەمنی و کۆملایەتی بەچاو دەبینرێت. ئێستا دۆخی دارایی و ئابووری خەلک لە ئێران لە خراپترین دۆخی مێژووی دایە. هەموو ئەو تەنگژانە وایکردووە زۆر ئەستەم بێت کە سیستەمی سیاسی کۆماری ئیسلامی ئێران بتوانێت لەم بەهارە دژواردا بمێنێتەوە!

ئەفلاتون (Plato) لە پەرتوکی کۆمار دا باس لەوە دەکات کە گۆڕان و ڕوخانی سیستەم کاتێک دەست پێدەکات، کاتێک ئەخلاق و دادپەروەری لاواز دەبن و حوکم دەکەوێتە دەستی خەڵکی نەشیاو. لەئێستادا ئێران لە دەست نوخبەیێک دایە کە توانای بەڕێوەبردنی ولاتێکی گەورە و خاوەن هەژموون نین.هەرچی لە دیدی ماکیاڤێلی (Machiavelli) کە باس لەوە دەکات کە فەساد، نەبوونی یاسا، و لاوازی سوپا نیشتمان ڕێگە بۆ داڕوخانی دەوڵەت دەکات. بەم پێوەرەش بێت دەولەتی ئێران لە کۆتا ساتەکانی ژیان دەکات. 

ئەگەر سیستەمی سیاسی ئێستای کۆماری ئیسلامی بمێنێتەوەش، هەر لەم بەهارە مەحکومە بە گۆڕانکاری ناوەخۆی، ئەگەر گۆڕانکاری ناوەخۆی لەم سیستەمە سیاسیەش نەکرێت، ئەوە زۆر ئەستەمە بگاتە بە هارێکی تر. بەلام لە لایێکی تریشەوە دەکرێت گۆڕانە دینامیکیەکانی ناوچەکە و جیهان وابکات دووبارە هەژموونی جیۆستراتیژی کۆماری ئیسلامی ئێران زیندوو بێتەوە. دووبارە خۆی ڕێکبخاتەوە. بەلام ئەگەر کاتێک بە ووردی تەماشای پەیکەری هێزی جیۆپۆلۆتیکی و ئاسایشی نەتەوەیی ئەم سیستەمە دەکەیت زۆر ئەستەمە بتوانێت ئەم سیستەمە سیاسیە بەهاری تەمەنی درێژە بکێشێت. بە بڕوای خۆم کە زیاد لە دە سال دەبێت دیراسە و خوێندەوەم هەیە لەسەر هەژموونی جیۆپۆلۆتیکی و جیۆستراتیژی کۆماری ئیسلامی ئێرانی. دەگەمە ئەو ئەنجامەی زۆر ئەستەمە ئەم سیستەمە سیاسیە بگاتە بەهاری سالی 2027، ئەگەر بمێنێتەوەش ئەو هەموو لاشەی سیستەمە بە ڕزی بوون ژیانی سیاسی دەگوزرێنێت!
پاشەکشەی جیۆستراتیژی ئێرانی!

لەپال ئەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەبەردەم بەهارێکی دژواردا خۆی دەبینێتەوە. هاوکات شەش سالە لە پاشەکشەیێکی گەورەی جیۆستراتیژی گەورەی ناوچەیی و جیهانی و ناوەخۆی دایە، بەتابیەت دوای کوژرانی قاسم سلێمانی لە سەرەتایی سالی 2020 لە فرۆکەخانەی نێودەولەتی بەغدا. سەرەتایی هەژموونی سیاسی کۆماری ئیسلامی ئێرانی دەستیپێکرد و هیلالی شیعە توشی زەبرێکی جیۆستراتیژی بوو بە کوژرانی جنرال قاسم سلێمانی. سالی 2020 تاکو 2023 دەرفەت بوو لەبەردەم سیستەمی سیاسی کۆماری ئیسلامی ئێران خۆی ڕێکبخاتەوە بەلام 7 ئۆکتۆبەری سالی 2023 کەوتە ناو تەڵە گەورەکەی ئیسرائیل و سەرەتایی هەلوەرینی هیلالی شیعە دەستپێکرد، بەتابیەت دوای ئەوەی هەژموونی ئێرانی لە کەرتی غەزە نەما، دوایش لێدان و کوژرانی فەرماندەکانی حیزب للەی لوبنانی و دوایش ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە سووریا لە کۆتایی سالی 2024 و دابەزینی زیاتری بەهای دروای ئێرانی و پاشەکەشەی سیاسی و جیۆستراتیژی ئێرانی هەموو ئاستە سیاسی و ئابووری و سەربازی گرتەوە. 

دوای هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل لە ئایاری سالی 2025 و لێدان لە ژێرخانی سەربازی و پیشەسازی ستراتیژی سەربازی ئێرانی و هێرشی ئاسمانی ئەمریکی بۆ سەر پێگە ئەتۆمیەکانی ئەم ولاتە. ئەوەی بۆمان دەرخست کە ئێران نەک تەنیا پاشەکشەی جیۆستراتیژی نەکردووە، بەلکو بۆ ماوەیێکی چەند مانگێک ئاسمانی ولاتەکەشی لەدەست خۆی نەبوو. لەپال ئەوەشدا هەموو ئەو فەرماندە و زانا ئەتۆمیانەش کوشت کە نەخشەی جیۆستراتیژی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان داڕشتبوو. بۆیە پاشەکەشە جیۆستراتیژەکە شۆڕبۆەوە بۆ ناو دامەزراوە ستراتیژیەکانی ئەم ولاتە. ئێستاش نەک تەنیا یەک جۆری پاشەکشەی ستراتیژی لە ئێران بەدی دەکرێت، بەلکو تەواوی لاشەی سیستەمی سیاسی و پایە سیاسی، ئابووری، دارایی، کلتوری، کۆمەلایەتی، هەژموونی دینی و تەواوی کایەکان و کەرتەکانی گرتۆتەوە!


سیناریۆکانی دوای بەهار!

وەکو پێشتر ڕوونمان کردووە زۆر ئەستەمە سیستەمی سیاسی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بمێنێتەوە. تەنیا لە حالەتێک ئەگەر موعجیزەیێکی گەردوونی بێت یان فریاد ڕەسێکی پێغەمبەر ئاسا بێت ئەم سیستەمە ڕزگار بکات، ئەگەرنا ئەم سیستەمە ناوتوانێت درێژەی بەخۆی بدات. بۆیە بەخوێندنەوەی دۆخەکە سێ سیناریۆی دیار و بەرچاوو هەن:

یەکەم. مانەوەی سیستەم: یەکێک لە سیناریۆکانی بەردەم ڕژێمی ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێرانی گۆڕانکاری ناوەخۆی و ڕیفۆرمە لە تەواوی جومگە بنەڕەتیەکانی ئەم سیستەمە سیاسیە. ئەمەش بە دانان بە بەشی زۆری مەرجەکانی ڕۆژئاوا و شەقامی ناڕازی ئێرانی. ئەوکات دەتوانێت ئەم سیستەمە بمێنێتەوە و درێژە بە ژیانی سیاسی خۆی بدات. ئەمەش زۆر ئەستەمە، هەم لەلای سەرانی بەڕێوەبەری ئەم سیستەمە، هەمیش دۆخی جیۆستراتیژی ئێرانی ئێستا ڕێگا بەوە نادات کە ئەم سیستەمە خۆی ئەپدێت بکاتەوە. بۆیە لە هەموو حالەتێکدا بەهاری دژاوری کۆماری ئیسڵامی ئێرانی فۆرمی نوێی لێ چاوەڕوان دەکرێت!

دووەم. گۆڕینی ڕژێمی سیاسی: ئەوەی ئێستا لەئاستی دەرەوەی ئێران بەدی دەکرێت و خۆی بە ئەلتەرناتیڤی ئەم سیستەمە دەزانێت کوڕی شایە کە شەپۆلێکی گەورەی میدیای و ڕاگەیاندنی گەورە لە دیاسپۆرا دەستیپێکردووە. بەراورد بە بانگەشەکانی سالی 2022 ڕەزا پەهلەوی جیاوازتر دەردەکەوێت هەم لە ئاستی میدیای، هەمیش لە ئاستی لۆبیکردن و دروستکردنی تۆڕێکی ڕێکخراوی ڕێکخستنی بەڕێوەبردن و بەبازارکردنی سیستەمەی پادشایی بۆ ئێرانی داهاتوو. بەلام لەپال ئەوەشدا ئارگومێنتەکانی لەسەر کاردانەوەی سیستەمی سیاسی کۆماری ئیسلامی ئێران بنیات ناوە. ئەوەی لە ڕەفتارەکانی ڕەزا پەهلەوی و گروپەکەی بەدی دەکرێت هێنانەوەی سیستەمی پاشایەتی باوکیەتی. ئەمەش زۆر ئەستەمە بە ئاسانی دووبارە لەسەر کۆمەلگایی ئێرانی و پێکهاتە نەتەوەیەکانی ئەم ولاتە فۆرمەلە بکرێت، چونکە کاتێک سیستەمی سیاسی ئێران هاتە سەرکار تەنیا کورد ئۆپۆزسیۆنی ئەم سیستەمە بوون وەکو نەتەوە، ئەویش لە ناوچەی موکریان. بەلام ئێستا کورد لە ڕۆژهەلاتی کوردستان بە هەموو هێزەکانی نەیاری گەڕانەوەی سیستەمی پادشاین. جگە لە نەتەوەی کوردیش بەلوجیەکان و نەتەوەکانی تری وەکو ئازاری و گروپ و ئیتنیکەیەکانی تریش نەیاری گەڕانەوەی ئەم سیستەمەن! وە هەروەها بە گەڕانەوەی ئەم جۆرە فۆرمە ئەگەری پێکدادانی سەربازی و سیاسی و ئینتکی لێ بکەوێتەوە، چونکە زۆر ئەستەمە ولاتانی ناوچەکە و بلۆکەکانی خاوەن بڕیارەش ڕێگا بەوەها سیستەمێک بدەن!

سێیەم. نە پاشایی نە ئیسلامی: یەکێک لە سیناریۆکانی ئەم بەهارە دژوارەی جوگرافیەی سیاسی ئێران بریتیە لە هاتنە سەرکاری سیستەمێکی جیاوازتر کە شێوەی خۆبەڕێوەبەری بە نەتەوەکان بدات. لە ئەگەری چەسپاندن و وەها سیستەمێک کاردنەوەیی ناوەخۆی و هەرێمی و نێودەولەتیشی لێ دەکەوێتەوە. دەکرێت سەر بکێشێت بۆ پێکدادانی خەباتی چەکداری و سیاسی و ئیتنیکی. بەلام لە هەمان کاتیشدا دۆخی جیۆکلتوری و جیۆپۆلۆتیکی دوای سیستەمی سیاسی کۆماری ئیسلامی ئێرانی پێمان دەلێت زۆر ئەستەمە بە ئاسانی ڕێگا بدات سیستەمی پاشایی لە تاران بێتەوە سەر تەختی دەسەلات. بەهاری داهاتووی دژواری سیستەمی سیاسی مەلاکان و گۆڕانی نەخشەی جوگرافیەی سیاسی و گرژیە جیۆپۆلۆتیکەکانی ناوچەکە پێمان دەلێت کە زۆر ئەستەمە ئێران بە فۆرمی پادشایی و ئیسلامی بمێنیتەوە. بەلکو سەردەمی دابەشبوونی کێکە گەورەکەیە کە دەمێکە سیناریۆی ئەم جۆرە وەکو عێراق و سووریا و ولاتانی پاش بەهاری عەرەبی بۆتە دیفاکتۆی داهاتووی جوگرافیەی سیاسی ئێرانیش


نوێترین شرۆڤەکان