ئەسعەد شەیبانی؛ ئەو دیپلۆماتکارەی بە تێکدانی رێککەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدە تۆمەتبار دەکرێت کێیە؟

١٢ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ١٠:٢٠ پێش نیوەڕۆ

ئەسعەد شەیبانی؛ ئەو دیپلۆماتکارەی بە تێکدانی رێککەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدە تۆمەتبار دەکرێت کێیە؟

پەنجەرە

لە ٢٩ی ئازاری ساڵی ٢٠٢٥، لەڕێگەی وەزارەتی دەرەوەوە بوە ناوێکی دیار و ڕواڵەتی دەرەوەی حکومەتی سوریا، ئەسعەد شەیبانی پێشتر کەسایەتی نەناسراو بو بەڵام ئێستا ناوێکی دیار و دیارترین دیپلۆماتکاری وڵاتەکەیەتی.

دەستبەکاربونی شەیبانی تەنها بڕیارێکی ئیداری نەبو، بەڵکو ڕاگەیاندنی قۆناغێکی نوێ بو کە تێیدا جیهادییەکان تێکەڵ بە سوریای نوێ بون و بانگەشەی بونیادنانی دەوڵەتێکی جیاوازیان لەو وڵاتە کرد. 

ئەسعەد شەیبانی، لە سەردەمی گروپە جیهادییەکاندا بە چەندین ناوی خوازراوەوە کاریکردووە، لەوانە "ئەبو عائیشە" و “حوسام شافعی" و "زەید ئەلعەتار".

دەرچوونی شەیبانی لەژێر ناوی خوازراو و گەیشتنی بە نوێنەرایەتیکردنی دەرەوەی وڵاتەکەی، ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییە گەورەکانی پێکهاتەی ئۆپۆزسیۆنی چەکداری سوریا بو لە شەڕ و کوشتارەوە بۆ دەسەڵات گرتنە دەست.


ئەسعەد شەیبانی؛ لە گوندەوە بۆ شار

ئەسعەد شەیبانی لە ساڵی ١٩٨٧ لە ریفی حەسەکە لەدایکبوە و لەهۆزی بەنی شەیبانە، لە ناوەندە دیپلۆماسی و نێودەوڵەتییەکانیشدا هەڵگری پاشناوی هۆزەکەیەتی.

سەرەڕای پاشخانە خێڵەکییەکەیان بەڵام خێزانی شەیبانی زیاتر لە دیمەشق ژیاون، ئەمەش وایکرد ناوبراو هەر لە پایتەخت بەشی زمان و ئەدەبی ئینگلیزی بخوێنێت و  لە ساڵی ٢٠٠٩ ببێتە خاوەنی بڕوانامە.

بەدەستهێنانی بڕوانامە و شارەزابون لە زمانی ئینگلیزیدا، بوە یارمەتیدەر بۆی تا دواتر لەریزی گروپە چەکدارەکاندا گرنگی پێبدرێت و ئەنجامەکەشی گەیشتن بو بە پۆستی وەزیری دەرەوە.


خاڵی وەرچەرخان: لە دیمەشقەوە بۆ شاخ

لەگەڵ سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی سوریا لە ساڵی 2011، ئەسعەد شەیبانی بەشداری خۆپیشاندانەکانی کرد و ئەمەش بوە  سەرەتایەک بۆ وەرچەرخانی بە ئاراستەی گروپە چەکدارەکان.

لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠١٢دا،  کاتێک بەرەی نوسرە دامەزرێنرا، شەیبانی بوە هەڵگری ناوی “ ئەبو عائشە ئەلحەسکاوی” و وەکو ئەندامێکی ئەو رێکخراوە دەست بەکاربو.

شەیبانی لەریزەکانی بەرەی نوسرەدا وەکو کەسایەتییەکی میدیایی و ئەمنی رۆڵی پێدرا، نەک وەک سەرکردەیەکی مەیدانی و شەڕکەر، ئەمەش وایکرد ببێتە کەسایەتییەکی گرنگی سێبەر و ڕۆڵی هەبێت لە پەیوەندییە نهێنییەکانی رێکخراوەکەدا.


جیابوونەوە: لەناوی خوازراوەوە بۆ ناوێکی تری خوازراو

دوای جیابونەوەی بەرەی نوسرە لە رێکخراوی ئەلقاعیدە و راگەیاندنی بەرەی فەتحی شام، شەیبانیش ناوە خوازراوەکەی لە “ ئەبو عائیشە ئەلحەسکاوی”یەوە گۆڕی بۆ “ حسام شافعی”.

لەم قۆناغەدا شەیبانی وەکو سیمای دەرەکی بەرەی فەتحی شام دەرکەوت، پەیامەکانی بەجۆرێک ئاراستە دەکرد لەلایەک چەکدارە جیهادییەکان رازی بکات و لەلاکەی تریش دڵنیایی گۆڕانکاری لە بیرکردنەوەی رێکخراوەکەیدا بگەیەنێتەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.


دیپلۆماسی خۆڵەمێشی

شەیبانی لە ساڵی ٢٠١٧ ڕۆڵی هەبووە لە گۆڕینی ناوی رێکخراوەکەی بۆ دەستەی تەحریر شام، دواتر ڕۆڵی بەڕێوەبردنی سیاسەتی دەرەوەی گروپەکەی پێدراوە و لەژێر ناوی “ زەید ئەلعەتار” دا کارەکانی راییکردووە.

دۆسیە هەستیارەکانی وەک دانوستان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان، هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوە فریاگوزارییەکان و ڕێککەوتننامەی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لەگەڵ ڕژێمی ئەسەدی پێسپێردراوە. هەروەها پێشوازی لە ڕۆژنامەنووس و دیپلۆماتکارانی بیانی کردووە و بووەتە کەناڵی دەرەکی گروپەکەی.


ڕێگای ئەکادیمی؛ ئامادەکاری بۆ قۆناغی داهاتوو

شەیبانی لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٢ بۆ ٢٠٢٤، بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای لە زانستە سیاسییەکاندا لە ئەستەنبوڵ بەدەستهێناوە. 

هەوڵە ئەکادیمییەکانی بەڕێکەوت نەبوو، بەڵکو بەشێک بوو لە ئامادەکارییەکی درێژخایەن بۆ چوونە ناو گۆڕەپانی سیاسی و دیپلۆماسی، ڕەنگە فاکتەری دەرەکیش ڕۆڵی هەبووبێت لە ئامادەکردنیدا بۆ قاناغی داهاتووی سیاسی و دیپلۆماسی .


لە زەید ئەلعەتارەوە بۆ وەزیر شەیبانی

لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی سوریا، شەیبانی وەکو وەزیری دەرەوەی سوریا لە حکومەتی راگوزەر دەستنیشانکرا. 

لەو کاتەوەی دەستبەکاربووە، جگە لە کارکردن بۆ یەکخستنەوەی سوریا لەگەڵ جیهانی عەرەبی و هەوڵدان بۆ رازیکردنی تورکیا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، هەوڵیداوە تێڕوانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەسەر گروپەکەی بگوڕێت کە پێشتر وەک تیرۆر لێیان ڕوانراوە.

بەپێی پێگەی ئەلمۆنیتەر، لە دوا کۆبوونەوەی نێوان وەزیری بەرگری سوریا و وەفدی هەسەدەدا، هەردوولا نزیکبون لە رێککەوتن، بەڵام شەیبانی هەموو شتێکی تێکداوە و دواتر بڕیاری پەلاماردانی گەڕەکە کوردنیشینەکانی حەلەب دراوە.

بەرپرسانی هەسەدە دەڵێن، شەیبانی هێندەی ئەحمەد شەرع رۆڵی لە سوریادا هەیە، بەڵام ئەو رۆڵەکەی بۆ رازیکردنی تورکیا و لەدژی کورد بەکار دەهێنێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو