رامی عەبدولڕەحمان؛ رێبوارە ماندوو نەبوەکەی رێگەی ئازادی و بەرگریکارە سەر سەختەکەی مافی مرۆڤ
١٢ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ١:٥٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
رامی عەبدولڕەحمان، چالاکوانێکی سورییە و بەڕەچەڵەک عەرەبی سونەیە، لە سوریا لەدایکبووە و هەر لەوێش گەورە بووە، بەڵام ساڵی 2000 ئەو وڵاتەی بەرەو بەریتانیا بەجێهێشتووە.
لەساڵی 2006 روانگەی سوری بۆ چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤ دامەزراند، رێکخراوەکەی پێشێلکارییەکان لە سوریا دیکۆمێنت دەکات و بەرگریکارێکی سەرسەختی مافەکانی مرۆڤە.
رامی عەبدولڕەحمان، ناوبەناو خۆیی و رێکخراوەکەی دەکەونە بەر هێرشی ئەو گروپ و لایەنانەی بەپێشلێکاری مافی مرۆڤ تۆمەتبار دەکرێن، بەڵام هێرشەکان هیچ کاریگەرییان لەسەر پێگە و میسداقییەتی رێکخراوەکەی نابێت و تا دێت متمانەی زیاتر بەدەست دەهێنێت.
لەچوارچێوەی هەوڵەکاندا بۆ ناشیرینکردن و لێدان لە میسداقیەتی خۆیی و رێکخراوەکەی، هەوڵدرا رامی عەبدولڕەحمان وەکو کەسایەتییەکی عەلەوی بناسێنرێت، بەڵام هەرزوو ئەو بانگەشانەیەی رەتکردەوە و رایگەیاند: ئەو عەلەوی نییە بەڵکو سونەیە.
درەوشانەوەی بەختی رامی عەبدولڕەحمان
روانگەی سوری بۆ چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤ، بووەتە مینبەرێک بۆ دیکۆمێنتکردن و بڵاوکردنەوەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە سوریا، زۆربەی میدیا و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان پشت بە زانیارییەکانی دەبەستن.
دوای هەڵگیرسانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی سوریا لە ساڵی 2011، روانگەی سوری بووە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و پشت بە زانیارییەکانی لەبارەی دۆخی سوریاوە دەبەسترا.
روانگەی سوری لەڕێگەی تۆڕێک چاودێرەوە پێشێلکارییەکانی رژێمی بەعسی سوری بۆ دنیای دەرەوە دەگواستەوە و رژێمەکەی بەتەواوەتی توڕە کردبو، ئێستاش کار لەسەر پێشێلکارییەکانی گروپە چەکدارەکان دەکات و ئەمەش وایکردووە بکەوێتە بەردەم هێرش و پەلاماری زۆر.
ئەو گروپ و لایەنانەی ئێستا هێرش دەکەنە سەر روانگەی سوری و بەڕێوەبەرەکەی تا پێش رووخانی ئەسەد ستایشیان دەکرد، بەڵام ئێستا ئاراستەی ئەوان لە ستایشەوە بۆ هێرشکردن گۆڕاوە، لەکاتێکدا رێکخراوەکە لەسەر ریتمی کارکردنی خۆی بەردەوامە.
دوای هێرشی گروپە چەکدارە سورییەکان بۆ سەر گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود، رامی عەبدولڕەحمان هێندەی تر گروپە چەکدارەکانی توڕە کرد، کاتێک ئەوانی بە دژە مافی مرۆڤ وەسفکرد و ستایشی ئەزموونی حوکمڕانی هەسەدەی کرد.
رامی عەبدولڕەحمان و خەڵاتی نێودەوڵەتی
رامی عەبدزلڕەحمان لە ساڵی 2014 لەلایەن گۆڤاری فۆرن پۆڵسییەوە بە یەکێک لە کەسایەتییە کاریگەرەکانی جیهان دانرا، ئەمەش لەبەرامبەر ئەو کاریگەرییە گەورەیەی خۆیی و رێکخراوەکەی لەسەر دۆخی سوریا هەیانبوو.
رامی عەبدولڕەحمان چەندین خەڵاتی تری نێودەوڵەتی وەرگرتووە، هەروەها لە ساڵی 2020 خەڵاتی "هنری نان" ی لەلایەن گۆڤاری "ستێرن"ی ئەڵمانییەوە بۆ ئازادی رۆژنامەوانی پێدراوە.
پێشتر لەلایەن رژێمی ئەسەد و ڕاگەیاندنی نزیک لە روسیا، ئێران و حیزبوڵاوە هەوڵی گومان خستنە سەر زانیارییەکانی روانگەی سوری دەدرا، بەڵام ئێستا لەلایەن حکومەتەکەی شەرع و گروپە چەکدارەکانەوە هەمان هەوڵدەدرێت.
لەکاتێکدا ناوبراو سەرجەم ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و رێکخراوەکەشی تا دێت قورسایی و میسداقییەتی زیاتر پەیدا دەکات، ئەمەش بوەتە مایەی نیگەرانی بۆ ئەو لایەنانەی کە رەخنەیان لێدەگرێت.