وردەکاری پرۆسەی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی 

١٢ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٧:٠٩ پاش نیوەڕۆ

وردەکاری پرۆسەی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی 

پەنجەرە

دوای تێپەڕبونی نزیکەی پێنج مانگ بەسەر دەستگیرکردنیاندا، ئەمڕۆ دووشەممە، لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل و 11 دەستگیرکراوی تری لالەزار برانە بەردەم دادوەری دادگای تاوانەکانی سلێمانی.

ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی لاهور شێخ جەنگی ودەستگیرکراوەکانی تری بەرەی گەل کراون، بریتین لە کوشتنی بە مەبەست و رێککەوتن و دەست تێکەڵکردن بۆ ئەنجامدانی تاوان.

بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی سکاڵاکارن لە دۆسیەکەدا و لەم چوارچێوەیەشدا سکاڵا لەسەر ئەژی ئەمینیش تۆمار کراوە، ناوەڕۆکی دۆسیەکانیش گرێدراون بە تۆمەتی کوشتنی بەمەبەست و هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی تاوانی رێکخراو.

پرۆسەی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و سەرکردەکانی تری بەرەی گەل کەمتر لە کاتژمێرێکی پێچووە، دواتر دادگا بڕیاریداوە بۆ وردبینیکردن دۆسیەکە رەوانەی دادگای تەمیز بکات.

رەوانەکردنی دۆسیەکە بەمەبەستی وردبینیکردن بۆ دادگای تەمیز تەنها بۆ پێداچوونەوەیە، نەک گواستنەوەی دۆسیەکە بۆ دادگای هەولێر کە داواکاری تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگییە.

دڵسۆز زەنگەنە، کادیری دیاری بەرەی گەل کە ئەمڕۆ لە دادگای سلێمانی ئامادەبو، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: گواستنەوەی دۆسیەی کاک لاهور بۆ هەولێر داواکاری خێزان و کەسوکارەکەیەتی، چونکە ئەوان خۆیان دەڵێن یاسا سەروەر نییە.

وتیشی: هیچ شایەتحاڵێک نییە شاهێدی بدات و ئەو تۆمەتانە پشتڕاست بکاتەوە کە دراونەتە پاڵ کاک لاهور و هاوڕێکانی.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو