ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکات؛ ئایا کورد خۆی بۆ قۆناغی دوای کشانەوەی ئەمەریکا لەناوچەکە ئامادە کردووە؟
١٢ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٧:١٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەکاتێکدا ئیسرائیل بەو هەموو هێز و توانا سەربازی و لۆجستییەوە خۆی بۆ قۆناغی دوای کشانەوەی ئەمەریکا ئامادە دەکات، بەڵام کورد مەترسی کشانەوەی ئەمەریکای بەهەند وەرنەگرتووە.
ئیسرائیل بەبێ ئەمەریکا
ئیسرائیل پلانی داناوە لەماوەی دە ساڵی داهاتوودا پشت بە توانا سەربازییەکانی ئەمەریکا نەبەستێت، بەڵکو پشت بەخۆی ببەستێت بۆ ڕووبەڕوو بونەوەی مەترسییەکانی سەر وڵاتەکەی.
پێدەچێت لەماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا، ئەمەریکا و ئیسرائیل لێکتێگەیشتن ئەنجام بدەن، سەبارەت بە دەستبەرداربونی ئیسرائیل لە توانا سەربازییەکانی ئەمەریکا و پشتبەستن بە خۆی.
بونیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: تا دە ساڵی تر کۆتایی بە پشتیوانییە سەربازییەکانی ئەمەریکا دەهێنین.
هەوڵەکانی ئیسرائیل لەچوارچێوەی ئامادەکاریدایە بۆ ئەگەری پێنەدانی چەک پێیان لەلایەن ئەمەریکاوە وەکو ئەوەی لەسەردەمی سەرۆکایەتی جۆبایدن دا روویدا، هەروەها لەنێو شەقامی ئەمەریکیدا خەریکە رای دژە ئیسرائیلی زاڵ دەبێت.
شارەزایەکی بواری سەربازی بەدووری دەزانێت، ئەمەریکا دەستبەرداری ئیسرائیل ببێت و پێیوایە ئیسرائیل دەستی درێژی ئەمەریکایە لەناوچەکەدا.
فەریق جەبار یاوەر، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئەمەریکا بۆ هەر ئۆپەراسیۆن و کارێکی سەربازی ئیسرائیل رادەسپێرێ، بۆیە ئەمەریکا دەستبەرداری نابێت و هاوپەیمانی ستراتیژین.
کورد؛ بێ ئاگا لە مەترسییەکانی قۆناغی داهاتوو
رەنگە کورد زەرەرمەندی سەرەکی بێت لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە، بەوپێیەی هێزەکانی لەلایەن ئەو وڵاتەوە پاڵپشتی دەکرێن و قەوارە سیاسییەکانیشی بە پاڵپشتی ئەمەریکا لەسەر پێی خۆی وەستاوە.
مەترسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە لەکاتێکدایە، تا ئێستا کورد خاوەنی هێزی سەربازی نیشتمانی و یەکگرتوو نییە، ئەمە جگە لەوەی قەوارەکەشی بەرگەی فشاری مانگێک بەبێ پاڵپشتی نێودەوڵەتی ناگرێت.
فەریق جەبار یاوەر پێیوایە، ئەمەریکا تاسەر لەناوچەکەدا نامێنێتەوە و بەپێی ئامانج و بەرژەوەندییەکانی خۆی ئاڵوگۆڕ بەهێزەکانی دەکات.
جەبار یاوەر دەڵێت: لەسەر ئەرزی واقیع هیچ ئامادەکارییەک لە کورددا نابینم بۆ دوای کشانەوەی ئەمەریکا، لایەنە سیاسییەکان نەک یەکگرتوو نین، بەڵکو دژی یەکترین.
دەشڵێت: لەسەر ئاستی بەرژەوەندییە باڵاکان پلانێکی گشتگیر نییە بۆ ئەوەی لایەنەکان لەسەری رێکبکەون، هەروەها پێشمەرگە و هەموو هێزەکان بەسەر دوو حزبە سەرەکییەکەدا دابەشبون.
جەختیکردەوە: یەکێتی و پارتی بەدوو ڕوانگە سەیری پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتان دەکەن، بۆیە هیچ ئامادەکارییەک نییە و ئەمەش مەترسیدارە.