جەنگ لە حەلەب و دوکەڵ لە ناوچەکانی تری رۆژئاوای کوردستان

١٢ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٧:١٤ پاش نیوەڕۆ

جەنگ لە حەلەب و دوکەڵ لە ناوچەکانی تری رۆژئاوای کوردستان

پەنجەرە

دوای گرژی و ئاڵۆزی لە گەڕەکە کوردنیشینەکانی حەلەب، تورکیا هەوڵی هەڵگیرسانی شەڕ و دروستکردنی بارگرژی زیاتر دەدات، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، هەسەدە بە هەماهەنگیکردن لەگەڵ ئیسرائیل و هەوڵدان بۆ جیابونەوە لە سوریا تۆمەتبار دەکات.

تورکیا ئامادەیی خۆیی پیشانداوە بۆ هاوکاریکردنی سوریا لەبەردەوامیدان بە پرۆسە سەربازییەکانی، بەڵام هێشتا روون نییە تورکیا قۆناغی هەڕەشەکردن تێدەپەڕێنێت بۆ بەشداریکردنی راستەوخۆی شەڕ لە دژی هەسەدە یاخود نە.


رووداوەکانی حەلەب؛ سەرەتا یاخود کۆتایی بارگرژییەکان 

رووداوەکانی حەلەب و هێرشی گروپە چەکدارە سورییەکان بۆ سەر گەڕەکە کوردنیشینەکان، جارێکی تر مشتومڕی لەسەر دۆخی سوریا دروستکردەوە.

هەرچەندە گەڕەکە کوردنیشینەکان لەلایەن گروپە چەکدارە سورییەکانەوە کۆنترۆڵکرا و هێزەکانی هەسەدە کشانەوە، بەڵام هێشتا لێکەوتەی شەڕەکە باس و خواسی گەرمی ناوەندە سیاسی و میدیاییەکانە.

شێرزاد شێزدی، چاودێری سیاسی دەڵێت: ئەوەی لە حەلەب ڕوویدا جێبەجێکردنی پلانی گۆڕینی دیموگرافیا و کوشتنی خەڵکی سڤیل بو، ئەنجامدەرانی هێرشەکان پاشماوەی چەکدارەکانی داعش بوون.

دەشڵێت: ئەوەی روویدا کودەتایەک بو لەلایەن دەسەڵاتی ئەمری واقیعی سوریاوە، هێرشەکان دەستی تورکیایان لە پشتەوە بوو.

لە دوا ساتەکانی شەڕی نێوان گروپە چەکدارە سورییەکان و هێزەکانی هەسەدەدا، باڵەخانەی پارێزگای حەلەب لەڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە کرایە ئامانج و ئەمەش مشتومڕی بەدوای خۆیدا هێنا.

ئەو چاودێرانەی لایەنگری کوردن پێیانوایە، هیچ جیاوازییەک لەنێوان بە ئامانج گرتنی باڵەخانەی دیمەشق و 11 سێپتێمبەری ئەمەریکادا نییە، وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەوەی گروپە سورییەکان زادەی رێکخراوی قاعیدەن و کارەکەیان ئەنجامداوە.

لەکاتێکدا چاودێرە عەرەبەکان لە بە ئامانج گرتنی باڵەخانەی پارێزگای حەلەب دا پەنجەی تۆمەت بۆ هەسەدە درێژ دەکەن و دەڵێن، فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکە ئێرانی بووە و هەسەدە بەکاریهێناوە.

موئەیەد حافز، چاودێری سیاسی تورکی، وێڕای تۆمەتبارکردنی هەسەدە بە هێرشکردنە سەر باڵەخانەکەی حەلەب دەڵێت: دیمەشق پێویستی بەهەر هاوکارییەک هەبێت ئەنقەرە بۆی جێبەجێ دەکات.

بەکارهێنانی ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەی کە باڵەخانەی دیمەشقی کردە ئامانج لەلایەن چاودێرانی کورد و عەرەبەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی یەکتری لەکاتێکدایە، فڕۆکەکە ئۆکرانی بووە و پێشتر دراوە بە حکومەتی سوریا.

بەپێی میدیاکانی ئۆکرانیا، فڕۆکەکە لەلایەن ئۆکرانیاوە و لەدوای ڕووخانی ئەسەد بە دیمەشق دراوە، بۆ ئەوەی لە ئەگەری دەستوەردانی روسیا لەدژی بنکە سەربازییەکانی بەکار بهێنرێت.


دوای حەلەب ؛ روودانی بارگرژی بەردەوامە

هەرچەندە بارگرژییەکان لە حەلەب کۆتاییانهات و دۆخەکە لەو ناوچەیە هێور بویەوە، بەڵام شەوی ڕابردوو ناوچەکانی دێر حەفر و هەندێک ناوچەی رۆژئاوای کوردستان بارگرژی بەخۆوە بینی.

وەزارەتی بەرگری سوریا هەوڵیدا هەسەدە بە کۆکردنەوەی هێز و هەوڵی نانەوەی بارگرژی تۆمەتبار بکات، بەڵام تۆمەتەکە لەلایەن هەسەدەوە رەتکرایەوە و رایگەیاند: درۆنی تورکی بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕێتەوە و هەندێک ناوچەی بۆردومانکردووە.

ئاماژەکان دەرخەری ئەوەن تورکیا خواستی گواستنەوەی بارگرژییەکانی بۆ ئەو ناوچە سنورییانەی وڵاتەکەی هەیە، کە دەمێکە پلانی داڕشتووە بۆ  دەرههێنانیان لەبن دەستی هەسەدە.

سەرچاوەیەک لە ئیدارەی خۆسەر کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند:تورکیا دەیەوێت بارگرژییەکان بۆ سنوری بەنداوی تشرین و هەندێک ناوچەی تر بگوزێزێتەوە، هەسەدەش ئامادەکاری بۆ هەموو پێشهاتێک کردووە.

سەرچاوەکە دەڵێت: تورکیا جوڵێنەری گروپە چەکدارە سورییەکانە و ئەمە لای هەمووان ڕوونە، بۆیە پێشڕەوی بەرەو هەر ناوچەیەک بکەن بەتوندی وەڵام دەدرێنەوە.

خواستی تورکیا بۆ درێژەدان بە شەڕ لە ڕۆژئاوای کوردستان تاڕادەیەک ڕوون بووەتەوە، بەڵام ئەگەری فراوانبونی شەڕ لەسەر هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەوەستێتەوە، بەوەی هەردوولایان ناچار بە دانوستان دەکات، یاخود بێدەنگییان بەرامبەر دۆخەکە ڕوودانی بارگرژی زیاتری لێدەکەوێتەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو