نەوت، دەسەڵات و هاوکێشە نوێیەکانی فورات؛ ئایا ماستەرپلانە ئەمریکی- سعوودییەکە کورد پەراوێز دەخات؟
١٢ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٩:٣٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
بە چڕکردنەوەی تێڕامانەکان لەسەر گۆشەیەکی سەرەکی کێشەکان، کە ئەویش وزەیە، هەروەها بۆ تێگەیشتن لە قوڵایی ئەو ململانێیەی ئێستا لە سووریای ساڵی نوێدا دەگوزەرێت، پێویستە سەرەتا سەیری داتاکانی کەرتی وزە بکەین کە وێنەیەکی ڕوونمان لەسەر ململانێی دەسەڵات پێدەدەن.
سووریا لە ساڵی ٢٠١٠دا خاوەنی یەدەگێکی سەلمێنراوی نەوت بوو کە بە ٢.٥ ملیار بەرمیل مەزەندە دەکرا، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٥دا ئەم بڕە بۆ ١.٨ ملیار بەرمیل کەمبووەتەوە. ئاستی بەرهەمهێنانیش گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هاتووە؛ لە ساڵی ٢٠١٠دا سووریا ڕۆژانە ٣٨٠ هەزار بەرمیلی بەرهەم دەهێنا، کە ١١٠ هەزار بەرمیلی بۆ ئەوروپا هەناردە دەکرد و ئەوەی تری بۆ پێداویستی ناوخۆ بەکاردەهێنا.
لە سەردەمی جەنگ و سەرهەڵدانی داعشدا، توانای بەرهەمهێنان بۆ ٨٠ هەزار بەرمیل دابەزی، بەڵام لە دواترو و لەم سەردەمانەدا ئاستی بەرهەمهێنان بەرزبووەتەوە بۆ ڕێژەیەکی نزیک لە سەردەمی پێش جەنگ.
کێشەی سەرەکی حکومەتی کاربەڕێکەری ناوەندی لێرەدایە: نزیکەی ٨٦٪ی بەرهەمهێنانی نەوتی سووریا لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دایە. لە کاتێکدا سووریا ڕۆژانە پێویستی بە ٢٦٠ هەزار بەرمیل نەوت هەیە بۆ پێداویستی ناوخۆیی، بەڵام توانای دابینکردنی ئەو بڕە لەلایەن دەوڵەتەوە نییە، هەرچەندە نزیکەی ٣٣ هەزار بەرمیل لە عێراقەوە هاوردە دەکات و پێشتریش پشتی بە هاوکارییەکانی ئێران دەبەست.
بیانوی دیمەشق لەم کورتهێنانەدا دەگەڕێتەوە بۆ قۆرخکاری بەرهەمهێنانی ئەو سەرچاوەیەی وزە لە لایەن هەسەدەوە. ئەم پێویستییە توندە وایکردووە دیمەشق بە پەرۆشەوە بەدوای گۆڕینی هاوکێشەی هێزدا بگەڕێت، بەتایبەت کە هەسەدە مەرجی بۆ ڕێککەوتن ئەوەیە کە دەبێت ٥٠٪ی داهاتی ئەو نەوتە بۆ حکومەتە خۆجێیەکانی کوردستان بێت، ئەمەش حکومەتی ناوەندی توڕە کردووە و بە ناوی "سەروەری ووڵات" ڕەتی دەکاتەوە.
لە ناو ئەم ململانێ ناوخۆییەدا، ڕاگەیەندراوەکەی ٢ی ئابی ٢٠٢٥ی ئازەربایجان هاتە ئاراوە، کاتێک کۆمپانیا ئەمریکییەکانی وەک (باکەر هیوز، هەنت ئێنێرجی، و ئارجێنت ئێڵ ئێن جی) ڕایانگەیاند کە نیازیان هەیە ماستەرپلانێکی گشتگیر بۆ کەرتی وزەی سووریا دابڕێژن، کە لە ڕۆژئاوای ڕووباری فوراتەوە دەست پێدەکات. بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئارجێنت، کە ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە لۆبیکردن بۆ کۆبوونەوەکەی مانگی ئایاری نێوان تڕەمپ و شەرع لە سعوودیە، ئاماژەی بەوە کردووە کە هەرچەندە ئەمریکییەکان سەرکردایەتی پڕۆژەکە دەکەن، بەڵام پێویستە پارەدارکردنەکە لە سەرچاوەی دیکەوە بێت، ڕەنگە سعودییە بهێنرێتە ناو ئەو هەماهەنگییە داراییەوە.
ئەم جوڵەیە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی سعوودیە، کە لە کۆتایی تەمموزی ساڵی ڕابردوودا سەرپەرشتی کۆڕبەندێکی وەبەرهێنانی لە دیمەشق کرد و گرێبەستی چەند ملیار دۆلاری ئاشکرا کرد، لەنێویاندا ١٥٠ ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژە خێراکانی وزە و واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن کە هەموو بوارەکانی نەوت و کارەبا و وزە نوێبووەوەکان دەگرێتەوە.
هەروەها عێراق و سووریا لە ١٣ی ئابدا گەیشتنە ڕێککەوتن بۆ چاککردنەوەی بۆری کەرکووک-بانیاس، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ گەمارۆدانی پێویستییەکانی دیمەشق لە دەرەوەی دەسەڵاتی کوردەکان دەبینرێت.
لێرەدا لایەنە کریتیکاڵ و مەترسیدارەکە دەست پێدەکات؛ تڕەمپ ڕایگەیاندووە کە بە مەرج ئامادەیە سزاکان هەڵبگرێت، بەڵام حکومەتی کاربەڕێکەر هەسەدە وەک لەمپەر لەبەردەم سەقامگیری دەبینێت.
پێکدادانەکانی ساڵی ڕابردووی حکومەت لەگەڵ درووزەکان لە سوەیدا و ئەو کۆمەڵکوژییەی لەم چەند ڕۆژەی دواییدا بەرامبەر کوردەکان لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی حەلەب ئەنجامدرا، لەگەڵ کوشتن و چەوساندنەوەی عەلەوییەکان، دەریخست کە ئاشتەوایی ناوخۆیی چەندە ئەستەمە. هەرچەندە سوەیدا نەوتی تێدا نییە، بەڵام ئاڵۆزییەکانی ئەوێ ئاماژەیەک بوو بۆ ئەوەی کە لە کوردستان (باکووری ڕۆژهەڵات)ی سوریای دەوڵەمەند بە وزە ڕەنگە پێکدادانی هێز ڕووبدات بە چڕی، چونکە ڕووداوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕەنگە دانوستانەکانی حکومەت و هەسەدە گەیشتبنە چەقبەستوویی.
حکومەتی کاربەڕێکەری سوریا بە واشنتۆنی ووتوە بۆ ئێمە باکووری ڕۆژهەڵات ئەوەندە ناسەقامگیرە کە ناتوانرێت پەرە بە بەرهەمهێنان بدرێت، ئەمەش وەک گوشارێک بۆ کەمکردنەوەی پشتگیری ئەمریکا بۆ کوردەکان بەکاردەهێنرێت.
مەترسی دەستێوەردانە بەردەوامەکانی میلیشیاکانی نزیک و سەر بە تورکیا یان لایەنە ناوخۆییەکان و ئەنجامی کۆمەڵکوژییەکەی حەلەب، ڕەنگە حکومەتەکەی شەرع زیاتر بەرەو توندوتیژی و خۆسەپاندن ببات.
هەروەها پێشهاتێکی نوێ و کاریگەر، کە ڕەنگە لە هەموو ڕووداوەکانی تر کاریگەر تر بن، ئەویش بریتییە لە وەی کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا بە دیاری کراوی لە پێنجی کانوونی دووەم، واتا سێ ڕۆژ پێش هێرشە خوێناوییەکەی حکومەت و میلیشیاکانی سوریا بۆ سەر ئەشرەفییەو شێخ مەقسود،
ڕۆیتەرز لەسەر زاری ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا (سانا) بڵاوی کردەوە، دانوستانەکانی نێوان سووریا و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دوای چەند مانگێک لە وەستان دەستیان پێ کردووەتەوە. پێدەچێت ئەو دانوستاندنە دەستکەوتی باشی بۆ ئیسرائیل تیادابووبێت، ئەمەش لە بەرامبەر هەر دەستکەوتێکدا کە سوریا بیەوێت بە دەستی بهێنێت و کاریگەری لەسەر ئاسایش، سەقامگیری و پڕۆژە پلان بۆدانراوەکانی ئیسرائیل نەبێت.
لەلایەکی ترەوە، بەربەستە بیڕۆکراتییەکان و گەندەڵی بەربڵاو کە لە ڕژێمی ئەسەدەوە مابووەوە، هێشتا بەردەوامە. وەبەرهێنەران ڕووبەڕووی نەبوونی سنووری ڕوونی دەسەڵات لە نێوان وەزارەتەکان و دەستە نوێیەکان دەبنەوە.
ئەگەرچی سووریا و سعوودیە باس لە "ئاڵوگۆڕی مەعریفە" دەکەن بۆ چارەسەری ئەم کێشانە، بەڵام پێویستە واشنتۆن لە جیاتی تەنها سەیرکردنی بەرژەوەندی کۆمپانیاکانی، کار لەسەر بنەما یاساییەکانی وەبەرهێنان و پڕکردنەوەی کەلێنی نێوان دیمەشق و کوردەکان بکات.
پێویستە هاوسەنگییەک لە نێوان ئارەزووی حکومەت بۆ ناوەندییەت و خواستی هەسەدە بۆ ئۆتۆنۆمی دروست بکرێت. بەبێ چارەسەرێکی سیاسی دادپەروەرانە کە مافی پێکهاتەکان و داهاتی دادپەروەرانەی وزە مسۆگەر بکات، هەر ماستەرپلانێکی ئەمریکی یان سعوودی تەنها دەبێتە هۆکاری زیاتر بۆ ناسەقامگیری و قوڵکردنەوەی برینە ناوخۆییەکانی سووریا لەژێر سایەی ململانێی نەوتدا.