شاسوار عەبدولواحید لە دۆخی چاوەڕوانیدا نیگەرانە لەو دۆخەی تێیدایە و سێ ڕۆژ مانی لە خواردن گرتووە

١٣ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ١٠:٠٠ پێش نیوەڕۆ

شاسوار عەبدولواحید لە دۆخی چاوەڕوانیدا نیگەرانە لەو دۆخەی تێیدایە و سێ ڕۆژ مانی لە خواردن گرتووە

پەنجەرە

دوای رەتکردنەوەی ئازاد کردنی شاسوار عەبدولواحید بە کەفالەت لەلایەن دادگای سلێمانییەوە، ناوبراو لە بنکەی پۆلیسی گرتن و گواستنەوەی سلێمانییەوە چاوەڕوانی بڕیاری نوێی دادگا دەکات.

ئەو سزایەی لەسەر سکاڵای "شادی نەوزاد" پەرلەمانتاری پێشووی جوڵانەوەکەی بەسەریدا سەپێنرابوو، لە ڕۆژی 29 ی مانگی رابردووەوە کۆتایی هاتووە، بەڵام هێشتا شاسوار عەبدولواحید ئازاد نەکراوە و لە دۆخی چاوەڕوانیدایە.

شاسوار عەبدولواحید، لە بنکەی پۆلیسی گرتن و گواستنەوەی سلێمانی دەست بەسەرە، بەو پێیەی ئەو سزایەی لەسەر سکاڵای "شادی نەوزاد" بەسەریدا سەپێنرابو، لە گرتووخانەی چاکسازی گەورانی سلێمانی بەسەری بردووە.

دوای کۆتایی هاتنی سزاکەی تەنها شوێنی هێشتنەوەی شاسوار عەبدولواحید لە گرتوخانەی چاکسازی گەورانەوە بۆ بنکەی پۆلیسی گرتن و گواستنەوە گۆڕدراوە، بەوپێیەی دوای کۆتایی هاتنی سزاکەی نابێت لە گرتووخانەی چاکسازی بهێڵرێتەوە.

لە ئێستادا شاسوار عەبدولواحید لە بنکەی گرتن و گواستنەوە چاوەڕێی بڕیاری نوێی دادوەرە، بەوەی بە کەفالەت ئازاد دەکرێت یاخود لەسەر دۆسیەیەکی نوێ سزا دەدرێتەوە و ڕەوانەی گرتووخانەی چاکسازی دەکرێتەوە.

هەفتەی رابردوو، شاسوار عەبدولواحید بۆ ماوەی سێ ڕۆژ مانی لەخواردن گرت، ئەمەش بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە هێشتنەوەی لەزیندان و ئازاد نەکردنی.

ئەوکات میدیاکانی نەوەی نوێ ئاماژەیان بەوەکرد، شاسوار عەبدولواحید لەزینداندا باری تەندروستی تێکچووە و بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە، بەڵام هۆکارەکەی مانگرتنی بو لە خواردن.

بەپێی بەدواداچوونەکانی پەنجەرە، دوای سێ ڕۆژ لە مانگرتنی لە خواردن، دواتر شاسوار عەبدولواحید مانگرتنەکەی شکاندووە و لە ئێستادا لە بنکەی پۆلیسی گرتن و گواستنەوە لە دۆخی چاوەڕوانیدایە.

شاسوار عەبدولواحید، لە ڕۆژی 12 ی مانگی 8 ی ساڵی رابردوو دەستگیرکرا، لەوکاتەوە تا ئێستا لە زینداندایە و دوای بەسەر بردنی ئەو سزایەی بەسەریدا سەپێنرا لەسەر دۆسیەی شادی نەوزاد، هێشتا چارەنوسی یەکلایی نەکراوەتەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو