چەند شایەتحاڵێک لە تارانەوە بارودۆخی ئێران بۆ پەنجەرە دەگێڕنەوە

١٣ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ١:٢٦ پاش نیوەڕۆ

چەند شایەتحاڵێک لە تارانەوە بارودۆخی ئێران بۆ پەنجەرە دەگێڕنەوە

پەنجەرە

چەند شایەتحاڵێک لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە بارودۆخی تاران بۆ پەنجەرە دەگێڕنەوە و ئاماژە بەوەدەکەن، ئێران هێزەکانی ئاڵوگۆڕ پێکردووە بۆ ئەوەی دەستکراوەبن لە نواندنی توندوتیژیدا بەرامبەر بە خۆپیشاندەران.

یەکێک لە شایەتحاڵەکان لە شاری تارانەوە، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: خەڵکێکی زۆر کوژران و دەستگیرکراون، کاتێک دەچینە بازاڕ ژمارەی هێزە چەکدارەکان لە خەڵک زیاترە.

وتیشی: ئێران هێزی لە تارانەوە بۆ ناوچەکانی تر بردووە و هێزی لەو ناوچانەشەوە بۆ تاران هێناوە، بۆ ئەوەی ئەو هێزانە لەلایەن خەڵکەوە نەناسرێنەوە و دەستکراوە بن.

ماوەی هەفتەیەکە بۆ ڕێگرتن لە تەشەنە سەندنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لەلایەن ئێرانەوە هێڵەکانی ئینتەرنێت پچڕێنراوە، بۆ قسەکردن لەگەڵ دانیشتوانی ئەو وڵاتە پەنا دەبرێتە بەر ناوچە سنورییەکان و بەکارهێنانی هێڵی موبایلی ئێرانی.

یەکێکی تر لە شایەتحاڵەکان ئاماژە بەوەدەکات، دۆخەکە لەهەموو ڕوویەکەوە سەختە و شەوی ڕابردوو دۆخی تاران تاڕادەیەک ئارام بوە، چونکە خەڵکێکی زۆر کوژراوە و دەستگیرکراوە و هێزێکی زۆر بۆ ڕێگرتن لە ناڕەزایەتی بڵاوەی پێکراوە.

ئەو شایەتحاڵە دەڵێت: کوشتنی ژمارەیەکی زۆر خۆپیشاندەر و هەڵمەتە دەستگیرکردنە بەرفراوانەکان، خۆپیشاندەرانی چاوترسێن کردووە.

جەختیشیکردەوە: بەڵێن دراوە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا، جارێکی تر هێڵەکانی ئینتەرنێت بکرێنەوە ئەگەر دۆخەکە هێور ببێتەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو