فڕیدانە خوارەوەی تەرمی دەنیز؛ چیرۆکی ئەو چەکدارانەی باوەڕی خۆیان بەکوشتنی ئەوانیتر تاقیدەکەنەوە

١٣ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ١:٢٦ پاش نیوەڕۆ

فڕیدانە خوارەوەی تەرمی دەنیز؛ چیرۆکی ئەو چەکدارانەی باوەڕی خۆیان بەکوشتنی ئەوانیتر تاقیدەکەنەوە

پەنجەرە

دیمەنی ئەو کچە کوردەی لە باڵەخانەیەکی وێرانەی شاری حەلەبەوە تەرمەکەی فڕێدرایە خوارەوە، لێشاوێک توڕەیی و نیگەرانی بەدوای خۆیدا هێنا و جارێکی تر دەسەڵاتی نوێی سوریای خستەوە بەر نەشتەری رەخنە و سەرزەنشت.

چەکدارە سورییەکان بە شانازییەوە و وەکو بەشێک لە چیرۆکی سەرکەوتن، گرتەی ڤیدۆیی فڕێدانە خوارەوەی تەرمی سارد و سڕی “ دەنیز”یان بڵاو کردەوە، بەڵام بڵاو بونەوەی بەجۆرێک شکایەوە هاوشێوەی هەڵدانی بەرمیلێک تەقەمەنی بو بۆ نێوخۆیان.

عەلی حسێن، نوسەر و چاودێری عێراقی دەڵێت: چەندە نیگەرانم لە دڵخۆشبونی خەڵکانێک بەفڕێدانە خوارەوەی تەرمی کچە کوردەکە، هێندەش دڵتەنگم کاتێک خەڵکانێک باوەڕی خۆیان بە کوشتنی ئەوانیتر تاقیدەکەنەوە.

دەشڵێت: چەکدارە سورییەکان ویستیان بۆ جیهان بسەلمێنن ئەوان باشترینن لە زانینی هونەرەکانی کوشتن و سەربڕین دا.

دیمەنی فڕێدانە خوارەوەی تەرمی “ دەنیز’ بەشێکە لەو وێنە دووبارە بوانەی ساڵانێکە سورییەکان پێی ئاشنا بون، لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی ئەسەدەوە چووەتە زیهنیان و پاشان گروپە چەکدارەکان برەوی زیاتریان پێدا.

لە وەتەی ئەسەد دەسەڵاتی لە سوریا گرتە دەست  رۆژانە ژمارەی زیاتری کوژراو و شوێن بزرکراوان  خراوەتە سەر مڵۆی خەرمانی داتا و ئامارەکان، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا قوربانییەکان هێندە زۆربون خەریکە ژماردنیان بایەخی نامێنێت.

خوێن و بۆنی تەرمی سەر شەقامەکان  کێشەی هەژار و برسییەکانی سوریای وەلا ناوە، کە دۆخەکە بەجۆرێکە هەزاران کەس گرفتی دەستکەوتنی ژەمێک خۆراکیان هەیە.

عەلی حسێن دەڵێت: ئەو چەکدارەی تەرمی “دەنیز” ی لە باڵەخانەکە فڕێدایە خوارەوە، پێیوابو بە کوشتنی ئەم کچە زیاتر لە خودا نزیک دەبێتەوە، چونکە ئەوانەی لەگەڵیان هاوڕا نین بەدەرچوو لە ئاین سەیریان دەکەن.

دەشڵێت: هەموان سەرقاڵی داهێنانی شێوازی نوێی کوشتنن، لەکاتێکدا خەریکە شوێن بۆ شارنەوەی ئێسکی رزیو نامێنێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو