مالکی و سودانی بەدوو ئەجێندای پێچەوانەوە؛ گیرۆدەبوونی لایەنە شیعەکان لەنێوان مەزهەبی بوونی مالکی و رێگە جیاوازەکەی سودانیدا
١٣ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٨:٠٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لاوازبونی ئێران لەناوچەکەدا و گواستنەوەی ئاڵۆزی بۆ نێوخۆی ئەو وڵاتە، لایەنە شیعەکانی لەسەر چۆنیەتی حوکمڕانی عێراق لەنێوان کارەکتەری مەزهەبی و کارەکتەری نزیک لە ئەمەریکا دابەشکردووە.
هاوکات لەگەڵ فشارە نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران و گروپە شیعەکان بۆ دانانی چەک، بەرەی سودانی و مالکیش لەسەر ئاستی نێوخۆیی عێراق بە دوو ئەجێندای جیاواز و پێچەوانەوە کێبڕکێ دەکەن.
مالکی؛ فریادڕەس یاخود دەسەڵاتخواز
نوری مالکی لەلایەن بەشێک لەلایەنە شیعەکانەوە و بەدیاریکراوی رەوتی سەدر وەکو دەسەڵاتخواز لێیدەڕوانرێت و ڤیتۆی لەسەرە، لەکاتێکدا بەشێکی تر لە لایەنە شیعەکان بە فریادڕەسی دەزانن بۆ ئەم قۆناغە.
مالکی، لە هەستیارترین قۆناغی عێراق دا و لەسەردەمی شەڕی تایەفیدا حوکمڕانی عێراقی کردووە، بە کارەکتەرێکی سیاسی بەهێزی شیعەکان دادەنرێت، دوای 12 ساڵ لە دەستبەرداربوونی دەسەڵات هێشتا ژمارەیەکی قورسی نێو گۆڕەپانەکەیە.
بەشێک لەلایەنە شیعەکان گەڕانەوەی مالکی بۆ دەسەڵات لەم قۆناغەدا بەپێویست دەزانن، پێیانوایە بەهۆی دۆخی ئێرانەوە دەسەڵاتیان لە مەترسیدایە و مالکی وەکو کارەکتەرێکی مەزهەبی توانای بەرەنگاربوونەوەی دۆخەکەی هەیە.
لەکاتێکدا بەشێکی تر لەلایەنە شیعەکان بەوانەشەوە کە لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگیدان، گەڕانەوەی مالکی بە مەترسی بۆ سەر پێگەی سیاسییان دەزانن و ڤیتۆیان لەسەری هەیە.
هەرچەندە سودانی رکابەری گۆڕەپانەکەی بۆ بەجێهێشتووە، بەڵام هێشتا گەڕانەوەی بۆ مالکی بۆ دەسەڵات قورسە و کەم نین ئەو لایەنانەی لەمپەرن لە بەردەمیدا.
سودانی؛ هەڵبژاردنی رێگەیەکی جیاواز
لەکاتێکدا مالکی رکابەری کۆڵی نەدا و گۆڕەپانەکەی بۆ بەجێنەهێشت، بەڵام محەمەد شیاع سودانی دەستبەرداری کێبڕکێی پۆستی سەرۆکوەزیران بوو.
بەشێک لەلایەنە شیعەکان کشانەوەی سودانی وەکو "یاری سیاسی" لێکدەدەنەوە و پێیانوایە، سودانی دڵنیایە لەوەی رێگری بۆ مالکی دروست دەبێت، بۆیە دەیەوێت دواجار پۆستەکە بۆ کەسایەتییەک بێت ڕەزامەندی خۆیی لەسەر بێت.
هەندێک لەلایەنە شیعەکان جیاوازتر لە دۆخی نێودەوڵەتی و ناوچەیی دەڕوانن، خوازیاربوون سودانی دەرفەتی مانەوەی لە دەسەڵات پێبدرێتەوە و سود لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا وەربگیرێت.
ئەو لایەنە شیعانە وایدەبینن قۆناغی بەڕێوەبردنی دەسەڵات لەلایەن کارەکتەری مەزهەبییەوە بەسەرچووە، بۆیە دەیانەوێت لەرێگەی سودانییەوە عێراق لە فشارەکانی ئەمەریکا و مەترسییە دەرەکییەکان بپارێزن.