حەلەب گەمارۆ درابوو؛ بۆچی هەسەدە شەڕی هەڵبژارد؟

١٣ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٨:٥٥ پاش نیوەڕۆ

حەلەب گەمارۆ درابوو؛ بۆچی هەسەدە شەڕی هەڵبژارد؟

پەنجەرە

لەکاتێکدا گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و حەلەب لەلایەن سوریاوە گەمارۆ درابوون و لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دابڕابوون، بەڵام هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لەبری کشانەوە شەڕیان هەڵبژارد.

پێش دەستپێکردنی شەڕی حەلەب ئەنجامەکەی دیاربوو بۆیە شەڕەکە بە "خۆکوژی" ناودەبرێت، ئەمەش وایکردووە پرسیاری ئەوە لای خەڵک دروست ببێت بۆچی شەڕێک ئەنجامدرا کۆتاییەکەی دیاربوو؟
هەسەدە ؛ گیرۆدەبون لەنێوان دوو بەرداشدا 

کشانەوەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە گەڕەکە کوردنیشینەکانی حەلەب بەشێکبوو لە رێککەوتنی نێوان حکومەتی سوریا و هەسەدە، هەرئەمەش وایکردبوو هەڵوێستی هەسەدە بەهێز نەبێت.

لەکاتێکدا ئەمەریکا ڕازی نەبوو بەوەی هەسەدە پاڵپشتی ئەو هێزانە بکات کە لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود بوون، خودی ئەو هێزانەش بەوپێیەی خەڵکی ناوچەکە بوون کشانەوەیان ڕەتدەکردەوە.

رەتکردنەوەی کشانەوە لە گەڕەکە کوردنیشینەکانی حەلەب لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆوە، جۆرێک لە "ئیحراج"ـی بۆ مەزڵوم عەبدی دروستکردبوو، بەوەی نەتوانێت پاڵپشتی کردارییان بۆ دەرببڕێت و بژاردەی ئەوانیش شەڕ و نەکشانەوە بوو.

زیاد حەلەب، فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە گەڕەکە کوردنیشینەکانی حەلەب پێش ئەوەی شەهید بکرێت، رایگەیاند: یان دەمرین یاخود لە گەڕەکە کوردییەکان دەمێنینەوە.

بەشێکی تر لەچاودێران دۆخەکە وا دەبینن، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی کوردی خوێندنەوەیان بۆ رووداوەکان بەوجۆرە بووە، ئەگەر بەرگری بکەن و نەکشێنەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نێوەنگیری دەکات و مانەوەیان دەبێتە ئەمری واقیع.


شەڕ لە حەلەب و دوکەڵ لە رۆژئاوای کوردستان

بەشێکی تر لە چاودێرانی نێودەوڵەتی بەوجۆرە خوێندنەوە بۆ ئاڵۆزییەکانی حەلەب دەکەن، روودانی شەڕ و ئاڵۆزی لەلایەن هەسەدەوە بە حەتمی زانراوە، بۆیە هەوڵیانداوە لە حەلەبەوە پەیامی دەست نەبردن بۆ ناوچەکانی تر بگەیەنن.

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی کوردی لە حەلەب بە هێزێکی کەم و لەنێو دوو گەڕەکی گەمارۆ دراوی چەند مانگیدا، بەرگرییان هەڵبژارد و ڕووبەڕووی هێزێکی گەورەی چەندین هەزار چەکداری بونەوە.

بەڕای چاودێرانی سیاسی، هەسەدە لەڕێگەی بەرگری حەلەبەوە ئەو پەیامەی گەیاند کە هێزەکانیان لە ناوچەیەکی گەمارۆدراودا بەرگری دەکەن، بۆیە دەستبردن بۆ ناوچەکانی تری ژێر کۆنترۆڵیان قورس و زەحمەت دەبێت.

هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە وێڕای پاڵپشتییان بۆ گەڕەکە کوردنیشینەکانی حەلەب، بەڵام لەهیچ قۆڵێکی ترەوە جوڵەیان بەهێز نەکرد و ڕێگرییان لە فراوانبونی شەڕ کرد، لەمڕێگەیەوە شەڕەکەیان لە حەلەب دا قەتیس کردەوە.

چاودێران دەڵێن، پاڵپشتی نەکردنیان لە حەلەب لەلایەن ئەمەریکاوە و ترسیان لە بیانوودان بەدەست تورکیاوە، وایکرد هەسەدە هەوڵی فراوانکردنی شەڕ نەدات.

سەرباری کۆتایی هاتنی شەڕ لە حەلەب و خواستی هەسەدە بۆ فراوان نەبونەوەی شەڕ، بەڵام جوڵەی هێز لەناوچەکانی دێر حەفر بەردەوامە و دۆخی ئەو ناوچانە لەبەردەم ئەگەری قۆناغێکی نوێی شەڕ و ئاڵۆزیدایە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو