دۆخی ناسەقامگیری ئێران؛ کەنداو چاودێری دۆخەکە دەکات و تورکیا لە ناسەقامگیری زیاتر دەترسێت
١٤ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ١:٢٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەکاتێکدا دۆخی ئێران ناسەقامگیرە و ئەمەریکاش هەڕەشە لەو وڵاتە دەکات، وڵاتانی کەنداو بەوردی چاودێری دۆخەکە دەکەن و تورکیاش ترسی لە ناسەقامگیری زیاتر هەیە، بەڵام تێکەڵبوون بە جەنگ لەگەڵ خواستی چین دا یەکناگرێتەوە.
وڵاتانی کەنداو؛ مانەوە لەنێوان ترس و گوماندا
وڵاتانی کەنداوی عەرەبی چاودێری وردی بارودۆخی ئێران دەکەن، بەڵام هەڵوێستیان ڕوون نەکردووەتەوە و دڵنیانین لە داهاتووی ئەو وڵاتە، هەرچەندە بەشێک لەو وڵاتانە بەهێزی ئێرانیان ناوێت.
وڵاتانی کەنداو ترسیان هەیە لەوەی پشتگیری ناڕەزایەتییەکانی ئێران بکەن و دەسەڵات لەو وڵاتە بمێنێتەوە، دواتر ئێران زیانیان پێبگەیەنێت و لەدژیان جوڵە بکات.
بەهێزبوونەوەی ئێران بۆ کەنداوی عەرەبی مایەی نیگەرانییە، بەوپێیەی ئەگەر ئەو وڵاتە بەڕووی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا بکرێتەوە ئەوان ڕۆڵیان وەکو ئێستا نامێنێت و لەڕووی ئابوورییەوە کێشەیان بۆ دروست دەبێت.
هەروەها ئێران لەسەر کۆمەڵێک دوورگە ناکۆکی هەیە لەگەڵ وڵاتانی کەنداودا، ئەمە جگە لەوەی وڵاتی بەحرەین زۆرینەی دانیشتوانەکەی شیعەیە و ئەو ترسەی هەمیشە هەبووە لەلایەن ئەو وڵاتەوە خەڵک لەدژی دەسەڵات بجوڵێنرێت.
کاتێک بەهاندانی ئێران هێرشکرایە سەر سعودیە لەلایەن ئەمەریکاوە هەڵوێستی یەکلایی کەرەوە نەنوێنرا، بۆیە وڵاتانی کەنداو نایانەوێت هەڵوێستیان ڕوون بکەنەوە و خۆشحاڵی خۆیان بەدۆخی ئێران پیشان بدەن.
لەسەردەمی شاوە تا ئێستا ناکۆکی لەنێوان ئێران و وڵاتانی کەنداودا هەیە، هەرچەندە چین هەوڵی ڕەواندنەوەی بارگرژی نێوانیانی دا بەڵام ململانێی هەژموون و ئابووری ڕێگرە لەبەردەم ئاسایی بوونەوەی نێوانیان.
وڵاتانی کەنداو دابەشبوونی ئێران و دابڕانی ناوچەی خوزستانیان لەو وڵاتە پێخۆشە، بەوپێیەی ئەو ناوچەیە دەبێتە دیوارێکی ئەمنی لەنێوان خۆیان و ئێران دا.
تورکیا؛ ترس لە ناسەقامگیری زیاتر
هەرچەندە ئێران و تورکیا هەمیشە لەململانێی ناراستەوخۆدان لەناوچەکەدا، بەڵام هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند: ئەوان خۆشحاڵ نین بەڕووخانی ئێران.
بارودۆخی سوریا پڕە لە پشێویی و دۆخی عێراقیش سەقامگیر نییە، ئەگەر بارودۆخی ئێرانیش تێکبچێت ئەوا ناسەقامگیری سنورەکانی تورکیا دەگرێتەوە، بەتایبەت ئەو وڵاتە سنورێکی فراوانی لەگەڵ ئێراندا هەیە.
هەرچەندە ڕووخانی حکومەتی ئێران وادەکات تورکیا کاریگەری لە داهاتووی ئەو وڵاتەدا هەبێت، بەوپێیەی بەشێک لە دانیشتوانی ئێران تورکن و دەوروبەری ئەو وڵاتەش بە تورکمانستان و ئازەبایجان تەنراوە.
سەرباری هەموو ئەوانە تورکیا لەگەڵ روودانی ناسەقامگیریدا نییە لە ئێران، ئەمە جگە لەوەی رووخانی ئێران دەبێتە هۆی ڕۆڵ پەیدا کردنی کورد لەو وڵاتە و ئەمەش سەرئێشەی گەورە بۆ تورکیا دروست.
جوڵەی تورکیا لەڕێگەی تورکەکانی ئەو وڵاتە و ئازەربایجان و تورکمانستانەوە بەرەو ئێران قورس نییە، لەکاتێکدا لەقۆڵی سوریاوە کورد بووەتە بەربەست لەبەردەم دەستگەیشتنی تورکیا بەکەنداوی عەرەبی.
ڕۆڵ پەیداکردنی کورد لە ئێران بۆ تورکیا مایەی نیگەرانییەکی قوڵە، بەڵام بەهۆی کەمی رێژەی کورد لەناوچە سنورییەکانی نێوانی لەگەڵ ئێران، رێگر نابێت لەبەردەم جوڵەی تورکیا لەدیوی ئێرانەوە.
چین و روسیا ؛ سنوردارێتی خواستەکانیان
لەکاتێکدا ئاڵۆزی لەنێوخۆی ئێران دروستبووە، ئەو وڵاتە بە نەیاری سیاسەتەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا و بە هاوپەیمانی چین و روسیا دادەنرێت، هەرچەندە ئەو وڵاتانە هیچیان بۆ ئێران پێناکرێت.
روسیا رۆڵی لەناوچەکەدا لاواز بووە و خواستەکانیشی بۆ پەلهاویشتن بەراورد بە جاران گۆڕاون، ئەمەش وایکردووە زیاتر سەرقاڵ بێت بە کێشەکانی خۆیەوە.
لەکاتێکدا چین پێچەوانەی ڕۆژئاوا سەرقاڵی بواری ئابوورییەوە و دژی شەڕ و ئاڵۆزییە، ئەوەی چین دەیەوێت بەدەستهێنانی وزە و فرۆشتنی شمەک و کاڵایە.
چین یەکێکە لە کڕیارانی نەوتی ئێران بەشێوەی قاچاخ، بەڵام بۆ خۆ دەربازکردن لە سزا، لەبەرامبەر نەوتدا کاڵا و شمەکی بەو وڵاتە دەدا، لەکاتێکدا ئێستا بەرهەمهێنانی نەوت لەئێران تەواو کەمبووەتەوە.
بۆیە چین خاوەندارێتی لە کێشەی هیچ وڵاتێک ناکات و ناچێتە نێو ئاڵۆزی و دۆخی بەرگرییەوە، بەمپێیە پەیوەندییەکانی چین لەگەڵ وڵاتانی دۆستی تا ئەوکاتە بەردەوام دەبن لەڕووی ئابوورییەوە لێیان سودمەند بێت.