هەوڵی کەنداو و ترسی ئیسرائیل؛ چۆن ئەگەری هێرشی ئەمەریکا بۆسەر ئێران گۆڕا بۆ گوتاری نەرم؟

١٥ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٢:٤٨ پاش نیوەڕۆ

هەوڵی کەنداو و ترسی ئیسرائیل؛ چۆن ئەگەری هێرشی ئەمەریکا بۆسەر ئێران گۆڕا بۆ گوتاری نەرم؟

پەنجەرە

جوڵە چڕوپڕە سەربازییەکانی ئەمەریکا بۆ هێرشی سنوردار بۆ سەر ئێران راگیران، ئەمەش کاریگەری لەسەر ناڕەزایەتییەکانی ئەو وڵاتە و هێوربوونەوەی خۆپیشاندانەکان دەبێت.

دواخستنی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، دوای هەوڵێکی چڕی هەرێمی و نێودەوڵەتی هات بۆ دوورخستنەوەی بارگرژی لەناوچەکە و ڕێگرتن لە ڕوودانی ئاڵۆزی.


ئەمەریکا؛ لە ئەگەری هێرشەوە بۆ دانوستان

هەمووان چاوەڕوانی هێرشی ئەمەریکا بوون بۆ سەر ئێران، بەڵام لەپڕ دۆخەکە لە ئەگەری هێرشەوە بۆ گوتاری نەرمی سەرۆکی ئەمەریکا گۆڕا، ئەمەش دوای سەرکەوتنی نێوەنگیرییە دیپلۆماسییەکان.

بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئەمەریکا بۆ پەنجەرە، هەموو ئامادەکارییەک بۆ هێرشکردنە سەر ئێران ئەنجامدرابوو، بەڵام کۆمەڵێک پێشهات ئاراستەی رووداوەکانیان گۆڕی.

ترس لە دەستکردنەوەی ئێران و بەرپابوونی شەڕێکی گەورە، هەوڵەکانی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی کە ماوەی هەفتەیەکە لەهەوڵێکی چڕی نێوەنگیریدان، دۆخەکەیان لە ئەگەری بەرپابوونی شەڕەوە بۆ ئارام بوونەوە وەرچەرخاند.

چاودێران دەڵێن، ئەمەریکا کۆتایی بە ئەگەری هێرشەکان نەهێناوە، بەڵکو دوایخستوون، ئەمەش لەچوارچێوەی هەوڵەکان بۆ ڕێگرتن لە ئەگەری ئاڵۆزبوونی ناوچەکە.

 ئەمەریکا دەیەوێت لەرێگەی گەمارۆی ئابووری و ناڕەزایەتی نێوخۆییەوە، هاوشێوەی "سەهۆڵی بەر هەتاو" ئێران بتوێنێتەوە، نەک "بەچەکوش سەهۆڵەکە بشکێنێت".

هەرچەندە ڕێگری لە هێرشکردنە سەر ئێران و ئاڵۆزبوونی ناوچەکە کرا، بەڵام ناکۆکی نێوان ئێران و ئەمەریکا قابیلی سەرهەڵدانەوەیە بەوپێیەی لەسەر زۆر دۆسیە ناکۆکن.


ئیسرائیل؛ ترس لە هێرشی ئێران

لەکاتێکدا ئەمەریکا هەڕەشەی هێرشی بۆ سەر ئێران دەکرد، بەڵام ئەمجارە ئیسرائیل بێدەنگی هەڵبژارد و هەوڵیدا نەبێتە بەشێک لەو شەڕەی ئەگەری هەڵگیرسانی هەبوو.

بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە کە لە بەرپرسانی شیعەی عێراقەوە دەستیکەوتوون، ئیسرائیل لە رێگەی روسیاوە ئێرانی ئاگادار کردبوویەوە ئەو بەشێک نییە لەو شەڕەی ئەمەریکا دەیەوێت هەڵیبگرسێنێت.

هەوڵەکانی ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لەرێگەی روسیاوە، بۆ بەدوورگرتنی وڵاتەکەی بوو لە ئەگەری هێرشی موشەکی ئێران لە حاڵەتی هەڵگیرسانی شەڕدا.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو