سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق: ئەمساڵیش مەترسی فەوتانی 2 موچەی موچەخۆرانی هەرێم هەیە

١٥ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٢:٥٠ پاش نیوەڕۆ

سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق: ئەمساڵیش مەترسی فەوتانی 2 موچەی موچەخۆرانی هەرێم هەیە

پەنجەرە

سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەڵێت، ئەگەر حکومەتی هەرێم هەوڵی رێککەوتنی پێشوەخت و چارەسەرکردنی کێشەی بودجە لەنێوان خۆیی و عێراق نەدات، ئەوا ئەمساڵیش دوو موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەفەوتێت.

سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی راگەیاند: عێراق دەیەوێت بۆ ساڵی 2026، هەمان ئەو پارە رەوانەی هەرێم بکات کە لە ساڵی 2025 ناردوویەتی، ئەمەش دەکاتە 11%ـی بودجە نەک 14%.

سەرچاوەکە دەڵێت: بەمپێیە دوو موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەکەوێتە مەترسییەوە، بۆیە دەبێت هەرێم پێشوەخت گفتوگۆ بکات و ئەم دۆسیە یەکلایی بکاتەوە.

ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرایە بنەمایەک بۆ رێککەوتن لەنێوان هەرێم و بەغدا بۆ ناردنی موچە، تا ئێستا نەوت بەبێ گرفت هەناردە دەکرێت و کۆمپانیای "ود ماکنزی"ـیش کە ئەرکی وردبینیکردن و هەژمارد کردنی تێچووی نەوتە، دەست بەکاربووە.

دوای کۆبوونەوەی نێوانیان لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی حەمەساڵەح رێکخەری رەوتی هەڵوێست، بە پەنجەرەی راگەیاند: سودانی بەڵێنیداوە مانگانە موچەی هەرێم ڕەوانە بکات.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو