سەرچاوەیەک لە ئاراستەی "زەرگەتە": کۆمسیۆن چەند بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە دۆخی یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان دەرکرد

١٥ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٦:٥٦ پاش نیوەڕۆ

سەرچاوەیەک لە ئاراستەی "زەرگەتە": کۆمسیۆن چەند بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە دۆخی یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان دەرکرد

پەنجەرە

سەرچاوەیەک لە ئاراستەی گردی زەرگەتەی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، لەلایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە نوسراوێکیان بۆ هاتووە داوای بەستنی کۆنفرانس دەکات، ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی سەر بە ئاراستەی "کوردسات"ـیش ئەو زانیارییانە ڕەد دەکاتەوە.

سەرچاوەکەی ئاراستەی گردی زەرگەتەی گۆڕان، بە پەنجەرەی وت: نووسراوەکە لەلایەن فەرمانگەی کاروباری پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە ئاراستەکراوە و چەند خاڵێک لەخۆدەگرێت، دیارترینیان کۆتاییهاتنی وەکالەتە کۆنەکانە، بەشێوەیەک کۆمسیۆن جەختی کردووەتەوە کە بابەتی سیفەتی یاسایی (زمناکۆ جەلال) وەک موخەوەل کۆتایی هاتووە، بەوپێیەی وەکالەتەکەی بۆ سەردەمی ژیانی (نەوشیروان مستەفا) دەگەڕایەوە و دوای کۆچی دوایی ناوبراو، ئەو وەکالەتە لە ڕووی یاساییەوە هەڵوەشاوەتەوە.

وتیشی: لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەدا هاتووە، کە بەهۆی دەستلەکارکێشانەوە و تەواوبوونی ماوەی یاسایی، چیتر (عومەر سەید عەلی) هیچ سیفەتێکی فەرمی نەماوە و مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت، بەهەمانشێوە، وەکالەتەکەی (دانا ئەحمەد مەجید)ـیش کۆتایی هاتووە، چونکە وەکالەتەکەی ئەو لە (عومەر سەید عەلی)ـیەوە سەرچاوەی گرتبوو، بە نەمانی سیفەتی یاسایی ناوبراو، وەکالەتەکەی ئەمیش هەڵوەشاوەتەوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، کە لەسەر بنەمای ئیمزای (١٢٠٠) ئەندامی دەستەی گشتی، ئێستا (یاسین حەمە عەلی) وەک موخەوەلی فەرمی ناسێندراوە، تەنها بە مەبەستی ئەنجامدانی ڕێکارەکانی بەستنی کۆنفرانسی دامەزراندن (المؤتمر التأسيسي).

هەروەک لە ئاگانامەکەدا کۆمسیۆن بزوتنەوەی گۆڕانی پابەندکردووە کە پێویستە لە ماوەی مانگێکدا لە ڕۆژی وەرگرتنی ئاگادارییەکەوە، تەواوی ئەندامانی دەستەی گشتی ئاگادار بکەنەوە و کات و ڕۆژی بەستنی کۆنفرانس دیاری بکەن، ئەمەش بەوتەی سەرچاوەکە.

لەبەرامبەردا ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان- ئاراستەی کوردسات، ئەو زانیارییانە ڕەد دەکاتەوە.

مەریوان ڕەحیم، بە پەنجەرەی وت: هیچ نووسراوێکی لەو شێوەیە دەرنەکراوە و بۆمان نەهاتووە.

وتیشی: "ئەگەر نووسراوی وا هەیە بۆچی بڵاوی ناکەنەوە؟"

بەوتەی ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان- کوردسات، ئاراستەکەی تر داوای لە کۆمیسیۆن کردووە هەزار ئەندامیان بۆ زیاد بکات، بەڵام بۆیان نەکراوە.

ئەم قسانە لەکاتێکدایە هەردوو ئاراستەکەی بزوتنەوەی گۆڕان تائێستا نەیانتوانیوە پرسی شەرعییەتی بزوتنەوەکە بەشێوەیەکی یاسایی یەکلایی بکەنەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو