مزگەوتەکان؛ لەناوەندی کۆکەرەوەوە بۆ پەرتکردنی کۆمەڵگا

١٦ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٧:٣٣ پاش نیوەڕۆ

مزگەوتەکان؛ لەناوەندی کۆکەرەوەوە بۆ پەرتکردنی کۆمەڵگا

پەنجەرە

وەکچۆن زۆربەی پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان دەبنە هۆی پەرتبوونی کۆمەڵگا و دابەشکردنی بۆ سەر دوو بەرەی دژ بەیەک، رووداوەکانی رۆژئاوای کوردستان زانایانی ئاینی و مینبەری مزگەوتەکانی بۆ سەر ئەو دووبەرە ناکۆکە دابەشکردووە.


مزگەوت؛ لە کۆدەنگییەوە بۆ ناکۆکی 

بەوپێیەی شوێنی خواپەرستی و ئەدا کردنی فەریزە ئاینییەکانە، بۆیە زۆربەی باوەڕداران بە بیروڕا جیاوازەکانەوە ڕوو لە مزگەوت دەکەن، بەڵام ناکۆکی خەریکە کەلێن لەنێو ئەو ئەو چەترە کۆکەرەوەیەشدا دروست دەکات.

گواستنەوەی ناکۆکی بۆ نێو کونجی مزگەوتەکان زادەی جیاوازیی تێڕوانینی ئاینی و ئایدۆلۆژیی نێو کۆمەڵگایە، بەوپێیەی زۆربەی ئەندامانی هێزە ئیسلامییەکان ئاینییان کردووەتە پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی رووداوەکانی رۆژئاوای کوردستان.

بەپێی تێڕوانینی ئاینی رادیکاڵی هەسەدە دژە ئاین و حکومەتی سوریا هەڵگری پاشخانی ئیسلامییە، بەڵام بەشێکی زۆری خەڵک لە دیدی نەتەوەییەوە لەو ڕووداوانە دەڕوانن و سوریا وەکو نەیاری کورد دەبینن.

لەچەند رۆژی رابردوودا، شایەتحاڵی گواستنەوەی ئەم ناکۆکییانە بووین بۆ نێو زانایانی ئاینی، کاتێک بەشێک لە زانایان سەنگەریان لە زانایەکی ئاینی گرت بەهۆی هێرشکردنیەوە بۆ سەر ژنە شەڕڤانەکان.

لەتازەترین پەرەسەندنی ناکۆکییەکاندا و ئەمڕۆ لە کاتی وتاری هەینیدا لە مزگەوتی "بەختەوەری" شاری سلێمانی، نوێژخوێنان وتاربێژی مزگەوتەکەیان لەسەر مینبەر هێنایە خوارەوە و بە پاڵپشتیکردنی حکومەتی سوریا و دژایەتی کورد لەو وڵاتە تۆمەتباریان کرد.


مزگەوت؛ لە گرژییەوە بۆ خوێندنەوەی نوێژی "غائیب"

هاوکات لەگەڵ هێنانە خوارەوەی زانایەکی ئاینیدا لەسەر مینبەر لە شاری سلێمانی، بەڵام لەلایەن زانایەکی ئاینی ترەوە و لەشاری کەلار نوێژی مردووی "غائیب" بۆشەڕڤانە شەهیدەکان کرا.

دابەشبوونی مزگەوت و مینبەرەکان بۆ سەر بەرەی پاڵپشتیکار و بەرەی نەیارانی هێزەکانی هەسەدە، پەیوەندی بەو ڕوانینە جیاوازانەوە هەیە بۆ پاشخانی فکری و ئاینی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە.

دابەشبوونی مزگەوت و ناوەندە ئاینییەکان دابڕاو نییە لە دۆخی ناسەقامگیریی کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان، کە هۆکارەکەی بۆ ململانێی حزبی و ئایدۆلۆژی سێ دەیەی رابردوو دەگەڕێتەوە.

بەمجۆرە دۆخی کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان هێندە شلۆق و ئاڵۆزبووە، تەنانەت ئازار و نەهامەتییەکانیش نابنە هۆی یەکخستنی رای کۆمەڵگاو بگرە زیاتر پەرتی دەکات.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو