ڕۆژئاڤا؛ لەمپەر لەبەردەم خەونی گەیشتنی تورکیا بە کەنداو
١٦ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٧:٣٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوای رووخانی رژێمی ئەسەد و گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە، پەیوەندییە سیاسی و سەربازییەکانی نێوان سوریا و تورکیا هێندە چوونەتە پێشەوە هەندێک تورکیا وەکو حوکمڕانی سوریا دەبینن.
تورکیا وەکو هێزێکی هەژمووندار لە سوریا خۆی وێنا دەکات، جگە لە پلانە سەربازییەکانی خواستی سەرمایەگوزاری ئابووریشی لە سوریا هەیە، لەکاتێکدا جێبەجێکردنی ئەم خواستەی سەقامگیری سیاسی دەوێت.
ناکۆکی نێوان حکومەتی سوریا و پێکهاتەکانی کورد، درووز و عەلەوی پێدەچێت کۆسپی گەورەی بەردەم سەقامگیری سیاسی و سەربازی لە سوریا بن، ئەمەش تورکیا لە خواستە ئابوورییەکانی چەند هەنگاوێک دوور دەخاتەوە.
کورد بەشێکی گرنگ لە جوگرافیای سوریای لەژێر کۆنترۆڵدایە، بەشێک لە سنوری وشکانی نێوان سوریا و تورکیا بەناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدا تێپەڕ دەبن، ئەمەش بۆ تورکیا مایەی نیگەرانی گەورەیە.
تورکیا چاوی لە گەیشتنە بە کەنداوی عەرەبی لەڕێگەی سوریاوە و دەیەوێت دەرگای وڵاتەکەی بەسەر بازاڕی ئەو وڵاتانەدا واڵا بکات، بەڵام کورد بە لەمپەر و دیواری نێوانیان دادەنێت.
بوونی هێزەکانی هەسەدە لە ناوچە سنورییەکانی وڵاتەکەی بۆ تورکیا مایەی نیگەرانییە، بۆیە هەمیشە هەوڵیداوە ئەو ناوچانە بەو هێزە سورییانە پڕ بکاتەوە کە بەڕووکەش سەر بە وەزارەتی بەرگری سوریا و بە کردار لەژێر هەژموونی خۆیدان.
ئەگەر کورد لەلایەن تورکیاوە بە لەمپەری بەردەم دەستگەیشتنی بە کەنداو دابنرێت، ئەوا لەلایەن دیمەشقیشەوە بەدەست بەسەردا گرتنی سامانی وڵات تۆمەتبار دەکرێت، ئەمەش هێندەی تر پاڵی بەرەو لای یەکتری پێوە ناون بۆ پلاندانی هاوبەش دژی هەسەدە.
ئەوەی بۆ تورکیا و دیمەشق مایەی نیگەرانییە بوونی بەشێکی زۆر لە نەوتی سوریا و کانزا گرنگەکانە لەناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە، لەکاتێکدا تورکیا خواستی سودبینین و دیمەشقیش خواستی دەستبەردارگرتنی ئەو ناوچە ئابوورییانەی هەیە.
دوای دروستبونی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان، تورکیا ساڵانێکی زۆر بەگومانەوە مامەڵەی لەگەڵ ئەم ئەموونەدا دەکرد، بەڵام دواجار سیاسەتی ئەمری واقیعی قەبوڵ کرد و ئێستا دەروازەکانی هەرێم پێکهێنەری بەشێکی گەورەی ئابووری تورکیان.
مامەڵەی توندی تورکیا لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستان ئەو پرسیارەی دروستکردووە، ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان دواجار دەبێتە ئەمری واقیع و کرانەوەی دەروازەیەکی نوێی کوردی بەڕووی تورکیا، یاخود دەبێتە قوربانی پیلانگێڕییەکی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی.