ود ماکنزی؛ چاوە تیژەکەی جیهان لە کێڵگە نەوتییەکانی کوردستاندا

١٦ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٧:٥٠ پاش نیوەڕۆ

ود ماکنزی؛ چاوە تیژەکەی جیهان لە کێڵگە نەوتییەکانی کوردستاندا

پەنجەرە

حکومەتی عێراقی بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی نرخی ڕاستەقینەی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمدا، هەستاوە بە گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیای ود ماکنزی.

لەم ڕاپۆرتەدا تیشکدەخەینە سەر کارەکانی کۆمپانیاکە و ناوبانگ و ڕۆڵی لەم جۆرە کێشانەدا.


ود ماکنزی چییە و لەکوێوە هاتووە؟

کۆمپانیای (Wood Mackenzie)، کۆمپانیایەکی جیهانیی ڕاوێژکاریی و لێکۆڵینەوەیە لە بوارەکانی وزە، کانزا و مادە کیمیاوییەکان.

کۆمپانیاکە لە ساڵی ١٩٢٣ لە شاری (ئەدینبرە) لە سکۆتلەندا دامەزراوە. سەرەتا وەک کۆمپانیایەکی ئاڵوگۆڕی پشکەکان دەستی بەکارەکانی کرد، بەڵام لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە بووە پێشەنگی جیهانی لە شیکردنەوەی کەرتی نەوت و گاز.

ئەرکی سەرەکی کۆمپانیاکە، کۆکردنەوەی داتا، شیکردنەوەی بازاڕ، هەڵسەنگاندنی تێچووی دەرهێنانی نەوت و پێشکەشکردنی ڕاوێژی ستراتیژییە بە حکومەتەکان و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک (ExxonMobil, Shell, BP).

ود ماکنزی لە زیاتر لە ٣٠ وڵاتی جیهاندا ئۆفیسی هەیە و لە هەموو ئەو شوێنانەی نەوت و گازیان تێدایە، ئامادەییان هەیە.


ئایا جیهان متمانەی بە "ود ماکنزی" هەیە؟

لە ناوەندەکانی توێژینەوەی زانکۆکانی وەک (ئۆکسفۆرد بۆ لێکۆڵینەوەی وزە) و (سەنتەری سیپا لە زانکۆی کۆڵۆمبیا)، ود ماکنزی بە "ستانداردی زێڕین" (Gold Standard) دادەنرێت.

جیاواز لە کۆمپانیاکانی وردبینی دارایی، ود ماکنزی لە ڕووی
تەکنیکی و بازرگانییەوە قسە دەکات. ڕاپۆرتەکانی ئەوان نەک هەر بۆ حکومەتەکان، بەڵکو بۆ بانکە جیهانییەکانیش وەک بنەمای بڕیاردان بۆ پێدانی قەرز بە پڕۆژە نەوتییەکان سەیر دەکرێت.

کاتێک ئەم کۆمپانیایە ڕاپۆرتێک لەسەر کێڵگەیەکی نەوت دەردەکات، بازاڕەکانی جیهان وەک ڕاستی مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن.

هاوکات زۆربەی ئاژانسە هەواڵییە ئابوورییەکانیش داتاکانی ئەم کۆمپانیایە وەک سەرچاوەی یەکەم بەکاردەهێنن.

ئەوەی ئەم کۆمپانیایە لەوانی تر جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە ئەوان دەزانن لە ژێر زەویدا چی هەیە و شارەزای وردی جیۆلۆجی و ئەندازیاری و ئابوورین بەیەکەوە.


ئەرکی ئەم کۆمپانیایە لە کەرتی نەوتی هەرێمدا چییە؟

لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ و سەرەتای ٢٠٢٦، کۆمپانیای "ود ماکنزی" وەک لایەنی سێیەمی بێلایەن لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی سێ قۆڵی نێوان حکومەتی فیدراڵ لە بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت، هەڵبژێردرا.

کۆمپانیاکە ئەرکی هەژمارکردن و وردبینیکردنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم دەگرێتە ئەستۆ. واتا هەڵسەنگاندن دەکات بۆ تێچووی هەر بەرمیلێک نەوت لە کێڵگەکانی هەرێم کە ئێستا و بەشێوەیەکی کاتیی بە ١٦ دۆلار دانراوە و حکومەتی عێراقی پێی زۆرە و حکومەتی هەرێم و کۆمپانیاکانیش پێیان کەمە.

ئامانج لەم کارەش چارەسەرکردنی ناکۆکییە درێژخایەنەکانە دەربارەی شایستە داراییەکانی کۆمپانیا بیانییەکان کە لە بواری نەوتی هەرێمدا کاردەکەن.

دیارییکردنی ئەم کۆمپانیایە، جگە لەوەی جێبەجێکردنی خاڵێکی ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا و کۆمپانیا نەوتییەکانە بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لەڕێگەی سۆمۆوە، هاوکات ڕێگایەکی درووستیشە، ئەویش بەوهۆیەی کۆمپانیاکە خاوەنی ناوبانگێکی پیشەیی گەورەیە. بەڵام پرسیار ئەوەیە: تاچەند عێراق و هەرێم و دواجاریش کۆمپانیاکان، بە ڕا و داوەریی و شیکارییەکانی قایل دەبن؟!


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو