شڵەقاندنی گۆمە مەنگەکە؛ یەکێتی و نەوەی نوێ لە سەنگەرێکی هاوبەشدا دژی پارتی

١٧ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٢:٤٣ پاش نیوەڕۆ

شڵەقاندنی گۆمە مەنگەکە؛ یەکێتی و نەوەی نوێ لە سەنگەرێکی هاوبەشدا دژی پارتی

په‌نجه‌ره‌

دوای ساڵانێکی زۆر لە کێشمەکێش و ناکۆکی دواجار یەکێتی و نەوەی نوێ سەرەتایەکی نوێیان دەستپێکرد، سەرەتایەک کە پێکەوە دەیانباتە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ پارتی. به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه‌: پارتى به‌م پێشهاته‌ قایل ده‌بێت؟


شڵه‌قاندنه‌وه‌ى دۆخی مه‌نگی سیاسیی هه‌رێم

دوای ئازاد کردنی لە زیندان، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، دۆخی مەنگخواردووی هەرێمی کوردستانی شڵەقاندەوە، کاتێک چووە پاڵ یەکێتی و سەنگەری لە پارتی گرت.

ساڵێک و سێ مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕ دەبێت، هێشتا یەکێتی و پارتی لەسەر پێکهێنانی حکومەتی هەرێم ناکۆکن، بەڵام شڵەقاندنەوەی گۆمەکە لەلایەن عەبدولواحیدەوە سیناریۆی نوێ دەهێنێتە پێشەوە.

یەکێتی یارییەکانی لە پارتی هەڵگێڕاوە، بەوپێیەی پارتی پێشتر هەوڵیدا لەگەڵ نەوەی نوێ حکومەت پێکبهێنێت و پۆستەکان بۆ یەکێتی بەجێبهێڵێت، بەڵام ئەمجارە یەکێتی نەوەی نوێی بەرامبەر پارتی بردە سەنگەری خۆی.

ئەگەر نزیکبوونەوەی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ نەبێتە هۆی ملدانی پارتی، بەڵام دەبێتە هۆی شڵەقاندنەوەی گۆمی مەنگخواردووی سیاسی هەرێم، بەوپێیەی گەڕێکی نوێی دانوستان و لەیەکترنزیکبوونەوە یاخود کێشمەکێش دەهێنێتە ئاراوە.


نەوەی نوێ؛ لەهێزێکی توندەوە بۆ گوتار نەرمی

نەوەی نوێ بەهێزێکێ توند و نەیاری پارتی و یەکێتی هەژمارد دەکرا، بەڵام لە ماوەی پێنج مانگدا ئەم هێزە بەشێک لە جەماوەرەکەی لەدەستدا و دوای ئازادکردنی سەرۆکەکەشی، گۆڕانکاریی به‌رچاو بە سیاسەتەکانییەوە دەبینرێت.

هێشتا ناوەڕۆکی رێککەوتنی نێوان یەکێتی ونەوەی نوێ ڕوون نییە، سەرباری ئەوەی ئاماژە بەوە دەکرێت ئازادکردنی بە مەرجی سەرۆکی نەوەی نوێ و کردنەوەی دەرگای ئابووری بەڕووی کۆمپانیاکانیدا دیوی پشتەوەی نزیکبوونەوەکە بێت.

دوای ئازادکردنی لەزیندان و ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی، بافڵ تاڵەبانی وەڵامی چاڵنجێکی شاسوار عەبدولواحیدی دایەوە کاتێک ئامادەیی خۆی بۆ ئەنجامدانی هاوپەیمانێتی و ڕاستکردنەوەی باڵانسی حوکمڕانی خستەڕوو، ئەمەش کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوانیانی لێکەوتەوە.

هەرچەندە بەشێک لە هێزە رکابەرەکانی یەکێتی و نەوەی نوێ پێیانوایە، پێشتر نەخشە بۆ گفتووگۆی نێوانیان دانراوە و کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە کلیلی جێبەجێکردنی نەخشەکەبو، بەوپێیەی پێشتر سروە عەبدولواحید رایگەیاندبوو: گۆڕانکاری لە سیاسەتی خۆماندا دەکەین.


پارتی ؛ لەنێوان ملدان و ڕەتکردنەوەی ڕێککەوتنەکەدا 

پارتی دیموکراتی کوردستان کە گفتووگۆکانی لەگەڵ یەکێتی تائێستا بێئەنجام بوون، بەشێکی گرنگی نزیکبوونەوەی نێوان نەوەی نوێ و یەکێتی کاریگەری لەسەر جوڵەکانی داهاتووی ئەو حزبە دادەنێت.

پاساوی پارتی بۆ بردنی زۆربەی پۆستە گرنگەکانی هەرێم زۆرینەبوون بووە، بەڵام ئەگەر لەمەودوا یەکێتی و نەوەی نوێ پێکەوە بچنە دانوستان لەگەڵی، ئەوا ئەم پاساوەی لاواز دەبێت، هەرچەندە ڕوون نییە پارتی بەیەک تیم دانوستانیان لەگەڵ دەکات یاخود نە.

ئەوەی ڕوونە ئەوەیە یەکێتی بەسود وەرگرتن لە نەوەی نوێ دەتوانێت فشاری زیاتر لەسەر پارتی دروست بکات و سەقفی داواکارییەکانی بەرز بکاتەوە، بەڵام هێشتا ئەوە دیار نییە پارتی بە بەشداری نەوەی نوێ لە حکومەت رازی دەبێت یاخود نە.


پارتی توڕەیە

ئاراستەی رەخنەکانی یەکێتی ڕوو لە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتن، بەوپێیەی تۆمەتبار دەکرێت بە تاکڕەوانە بەڕێوەبردنی حکومەت و قوڵکردنەوەی ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی لەپێنج ساڵی رابردوودا.

بافڵ تاڵەبانی وتی: دەمانەوێت رێڕەوی حوکمڕانی هەرێم ڕادەست بکەینەوە و حکومەتێکی خزمەتگوزار پێکبهێنین، حکومەتێک نەک وەک حکومەتی پێنج ساڵی رابردوو.

ئەوەی ئاشکرایە یەکێتی سەقفی داواکارییەکانی بەرز دەکاتەوە و داوای پۆستی زیاتر دەکات، ئەمەش دۆخەکە دەخاتە بەردەم دوو ئەگەرەوە، ئەگەری رازیبوونی پارتی بە خواستەکانی یاخود ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخەکە.

لەئەگەری ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخی هەرێم و دابڕانی زیاتری یەکێتی و پارتی لە یەکتری، ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن دێتەوە پێش، بەڵام ڕوون نییە ئەمەریکا بەمە ڕازییە یاخود نە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو