شای کوڕ؛ ئەو پیاوەی نیو سەدەیە خەون بە کۆشکەکەی باوکییەوە دەبینێت
١٧ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٢:٥٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
تەمەنی 65 ساڵە و کاتێک خێزانەکەی دەسەڵاتی لە ئێران لە دەستدا تەنها 19 ساڵ تەمەنی بوو، بەڵام دوای نزیکەی نیو سەدە دەیەوێت بۆ نێو کۆشکەکەی باوکی بگەڕێتەوە، هەرچەندە نیمچە هێوربوونەوەی بارگرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا جارێکی تر نائومێدی کردەوە.
بەدەنگەوە هاتنی خۆپیشاندەرانی ئێران بۆ بانگەوازەکەی وزەیەکی گەورەی بە رەزا شای کوڕ بەخشی، بەتایبەت کاتێک خۆپیشاندەران دروشمی "ئەمە شەڕی کۆتاییە، پەهلەوی دەگەڕێتەوە"یان هەڵگرت.
هەرچەندە پاساوی خۆپیشاندەرانی ئێران دەربڕینی ناڕەزایەتی بوو بەرامبەر دۆخی ئابووری وڵاتەکەیان، بەڵام لە پڕ داواکارییەکانیان گۆڕا بۆ داواکاری سیاسی و رەزا پەهلەویش بووە سیمایەکی دیاری سەر میدیاکان، ئەمەش هێندەی تر دەسەڵاتدارانی ئێرانی توڕەتر کرد.
بەپێی یاسا بەکارەکانی ئێران، پاڵپشتیکردنی شای لەکارخراو و نەوەکانی تاوانە و سزای توندی بۆ دانراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناوی "شا" بووە وێردی سەر زمانی خۆپیشاندەرە توڕەکانی ئێران.
چاودێران دەڵێن، لە هۆکارەکانی پاڵپشتیکردنی رەزا پەهلەوی دڵنیانین لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە، بەوەی پشتگیرییەکی جددی و راستەقینەیە یاخود بیزاری خەڵک لە دەسەڵاتی ئێران هۆکاری پشتەوەیەتی.
پاڵپشتیکردنی شا کۆمەڵگای فارسی تێپەڕاند و دوو هونەرمەندی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ڕووبەڕووی کاردانەوەی توندی کۆمەڵگای کوردی بوونەوە، کاتێک لەڕێگەی سۆشیال میدیاوە پاڵپشتی خۆیان بۆ شا دەربڕی.
پاڵپشتیکردنی شا و خێزانەکەی لەلایەن کوردەوە حەرام و ڕێگە پێنەدراوە، بەوپێیەی بەکوشتنی "قازی محەمەد" و سەرکردە کوردەکان تۆمەتبار دەکرێن، ئەوکاتەی دەسەڵاتی ئێرانیان بە دەستەوەبوو.
چاودێرانی نزیک لە ئێران پێیانوایە، پاڵپشتیکردنی شای کوڕ لەلایەن هونەرمەند و دەم و چاوە دیارەکانەوە لایەنی دارایی لە پشتەوەیە، بەوپێیەی شا بۆ پیشاندانی قورسایی خۆیی درێغی لە بەخشینەوەی پارە ناکات.
خەلیل نادری، وتەبێژی پارتی ئازادی کوردستان، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند:رەزا شا هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ حزبە کوردییەکاندا نییە، چونکە ئەو بەلای ئێمەوە قەبوڵ نەکراوە.
بەڕای چاودێرانی سیاسی، رەزا شا خاوەن پێگەی جەماوەری بەهێز نییە لەسەر ئاستی ئێران، ئەمە جگە لەوەی نزیکەی نیو سەدەیە لە کۆمەڵگای ئێرانی دابڕاوە و ئاشنایەتی لەگەڵ سروشتی ئاڵۆزی ئەو کۆمەڵگایەدا نەماوە.
گرتنەبەری رێوشوێنی توند لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە بەرامبەر سەرکردە ناڕازییەکانی ناوخۆی ئێران کە بە ریفۆرمخوازەکان ناسراون، وایکردووە چاوەکان زیاتر بچنە سەر ئۆپۆزسیۆنی دەرەکی.
هەرچەندە ناڕەزایەتییە بەهێزەکانی ئەم دواییەی ناوخۆی ئێران و نزیکبوونەوەی ئەگەری پێکدادان لەگەڵ ئەمەریکا، هاندەری جموجۆڵە فراوانەکانی شای کوڕ بوون، بەڵام پێناچێت ئاقاری رووداوەکان بە دڵی شای کوڕ بن.
بەشێک لەچاودێرانی سیاسی دەڵێن، پەهلەوی خاوەن پێگەی بەهێز نییە لەناوخۆیی ئێران و خاوەن کەسایەتییەکی کاریزمی بەهێزیش نییە، بۆیە پێناچێت بتوانێت پاڵپشتی و سەرنجی بەرپرسانی کۆشکی سپی بەلای خۆیدا ڕابکێشێت.
ئەگەرچی بەشێک لە پسپۆڕان ئەگەری رووخانی ئێران لەلایەن ئەمەریکاوە بەدوور دەزانن، ئەمەش لەپێناو هێشتنەوەی باڵانسی هێز لەناوچەکەدا لەنێوان جەمسەری شیعی و سونی، بەڵام ئەمە نەبووەتە مایەی دوورخستنەوەی رەزا پەهلەوی لە خەونی گەڕانەوە بۆ کۆشکەکەی باوکی.
پەهلەوی، بە رۆژنامەی ۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمەریکی ڕاگەیاندووە: زۆرێک لە ئێرانییە بەتەمەنەکان ڕۆژی لەدایکبوونی من و جوانی ئێرانی ئەو سەردەمەیان لەبیرە.