ئاڵۆزییەکانی سوریا؛ شیعەکانی عێراق ترسیان لە بارودۆخی ناوچەکە هەیە
١٨ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٦:٥٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرکردەیەکی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، ئەگەر گروپە چەکدارە سورییەکان بەسەر هێزەکانی سوریای دیموکرات دا باڵادەست بن، لە قۆناغی داهاتوودا فشار بۆ سنورەکانی عێراق دەگوێزنەوە.
سەرکردەکەی دەوڵەتی یاسا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند:گروپە چەکدارە سورییەکان مەترسی گەورەن لەسەر شیعە و هاندەری سونەی عێراق دەبن بۆ دابەشکردنی عێراق. هاتنە سەر دەسەڵاتی توندڕەوەکان لەسوریا وادەکات ئەو وڵاتە ببێتە هەناردەکاری تیرۆر.
گروپە چەکدارە سورییەکان کە هێرشێکی چڕیان بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد دەستپێکردووە، بە جێبەجێکاری پلانێکی نوێی عەرەبی-تورکی تۆمەتبار دەکرێن.
ساڵەح موسلم، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات ( پەیەدە)، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: توندڕەوەکان لایەنگیری تورکیان و ئەجێندای تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر ئێمە جێبەجێ دەکەن، بۆیە ئێستا هێرشمان دەکەنە سەر.
هێشتا ئاڵۆزییەکانی سوریا کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر ئاسایشی عێراق نەبووە، بەڵام هێزە عێراقییەکان ناوچە سنورییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان بە تەواوەتی کۆنترۆڵکردووە.
ڕووبەری سنوری عێراق لەگەڵ سوریا زیاتر لە 600 کیلۆمەترە، هێزە عێراقییەکان بە شێکی زۆر لەو ڕووبەرە سنورییەیان بە دیواری کۆنکرێتی و تەلبەندکردن و خەندەقی پان و قوڵ و کامیرای گەرمی بینین کۆنترۆڵکردووە، ئەمە جگە لە بڵاوەپێکردنی هێزێکی زۆری سوپاو حەشدو پاسەوانی سنور.
سەرکردەکەی دەوڵەتی یاسا پێیوایە، ئامانجی داهاتووی وڵاتانی ڕۆژاوا لە قۆناغی داهاتوودا عێراق و ئێرانە، چونکە تەنها عێراق و ئێران ماونەتەوە کە لەگەڵ بەرەی ڕۆژئاوادا نین.
ئەو دەڵێت: هەوڵەکان بەردەوام دەبن بۆ پەرتکردنی عێراق و سوریا، تا مەترسی لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل نەهێڵرێت. هەرچەندە سونەکانی عێراق وانەیان لە ڕووداوەکانی ڕابردوو وەرگرتووە.