ڕێککەوتننامەی دیمەشق و هەسەدە؛ ئاشتییەکی مێژوویی یان تەڵەیەکی ستراتیژیی بۆ توانەوەی کورد؟

١٩ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ١١:٣٨ پێش نیوەڕۆ

پەنجەرە

لە کاتێکدا جیهان چاوی بڕیوەتە گۆڕانکارییەکانی ناو جەرگەی دیمەشق و سەرکەوتنی "ئەحمەد شەرع" وەک پیاوی بەهێزی نوێ، بڵاوبونەوەی دەقی ڕێککەوتننامەی نێوان حکومەتی نوێ و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) شەپۆلێکی گەورەی لە مشتومڕ و گومان دروستدەکات. ئایا ئەمە سەرەتای کۆتاییهاتنی مەینەتییەکانی کوردە لە سوریا، یان تەڵەیەکی سیاسییە کە بە وردی بۆ بێهێزکردنی قەوارەی کوردی چنراوە؟


یارییەکە لەژێر پەردەی "یەکپارچەیی"

ڕێککەوتننامەکە لە ڕوکەشدا بۆنی سەقامگیری و ئاشتی لێ دێت، بەتایبەت کاتێک باس لە "دانپێدانان بە مافە کولتوورییەکان" و "چارەسەری کێشەی بێناونیشانەکان" دەکات. بەڵام کاتێک بە وردی دەچیتە ناو ناوەڕۆکی بەندەکان، هەست بە عەقڵییەتێکی ناوەندگەرای توند دەکەیت. داواکاریی "کشانەوەی هەسەدە بۆ ڕۆژهەڵاتی فورات" و "تێکەڵکردنی تاکەکەسی لەناو سوپا"، لە ڕاستیدا هەوڵێکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو مۆدێلە سەربازییەی کە کورد لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا بە خوێن دروستی کردووە.


ئابووری وەک چەکێکی بێدەنگ

یەکێک لە مەترسیدارترین خاڵەکانی ئەم ڕێککەوتنە، ڕادەستکردنی کێڵگە نەوتی و گازییەکان و دەروازە سنوورییەکانە.

ئەحمەد شەرع، کە نەتەوەپەرستێکی عەرەبی توندڕەوە، دەزانێت کە کورد بەبێ سەرچاوەی دارایی ناتوانێت هیچ پڕۆژەیەکی سیاسی یان کارگێڕی بەڕێوە ببات.

لێرەوە، کورد لە "هاوبەشێکی سیاسی"یەوە دەگۆڕێت بۆ "فەرمانبەرێکی ناوەند"، کە بۆ هەموو مووچە و بودجەیەک دەبێت چاوی لە دەستی دیمەشق بێت.


متمانە لە نێوان تیرۆر و نەتەوەپەرستیدا

گەورەترین نیشانەی پرسیار لەسەر "کەسایەتی" (ئەحمەد شەرعی کۆیلە - دیکتاتۆر) بەرامبەرەکەیە، چۆن دەکرێت متمانە بە ڕێککەوتننامەیەک بکرێت کە لایەنێکی واژۆکارەکەی پاشخانێکی توندڕەوی هەیە؟ مێژووی سوریا پڕە لەو بەڵێنانەی کە بە کورد دراون و دواتر لەژێر ناوی "ئاسایشی نیشتمانی"دا پێشێل کراون. ئایا خاڵی ١١ (مافە کولتوورییەکان) تەنها "ئەسپی تەڕوادە" نییە بۆ ڕازیکردنی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تاوەکو شەرعییەت بدەن بە دەسەڵاتی نوێ؟


کورد بەرەو کوێ؟

 ئەم ڕێککەوتننامەیە کورد دەخاتە سەر لوتکەی هەڵدێرێک ئەگەر جێبەجێی بکات، دەبێت دەستبەرداری هێزی سەربازی و ئابووریی خۆی بێت لە بەرامبەر "بەڵێنێکی نووسراو" کە هیچ گەرەنتییەکی  یاسایی ونێودەوڵەتیی جێگیری لەپشت نییە. ئەگەر جێبەجێشی نەکات، ڕووبەڕووی شەڕێکی سەختی سوپای نوێی سوریا و فشاری تورکیا دەبێتەوە.

لە کۆتاییدا، واژۆکردنی ئەم دەقە لەلایەن سەرۆکێکی خاوەن بیری نەتەوەپەرستی عەرەبی و تیرۆرستێکی ڕەگ داکوتاو، زیاتر لە "تەسلیمبونێکی ڕێکخراو" دەچێت نەک "ئاشتییەکی دادپەروەرانە". کات دەری دەخات ئایا کورد توانیویەتی لەم قەیرانەدا کەمترین ماف بپارێزێت؟ یان ئەمە دوا قۆناغی توانەوەی کورد بوو لەژێر چەتری سوریایەکی نوێ،بە عەقڵییەتێکی شۆڤێنیزمی عەرەبی پشتگیری کراو.


نوێترین شرۆڤەکان