شەڕی هەسەدە و سوریا؛ لە هەڵگەڕانەوەی خێڵە عەرەبەکانەوە تا رۆژنامەنوسی چەکدار
١٩ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٨:١٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
پێش ئەوەی گروپە چەکدارە سورییەکان بەرەو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە جوڵە بکەن، پەیوەندییەکی نهێنی چڕ و پڕ لە نێوان خێڵە عەرەبەکان و حکومەتی سوریادا بە پاڵپشتی تورکیا و وڵاتانی کەنداو دروستبوو.
پەیوەندیی ژێر بەژێری نێوان خێڵە عەرەبەکان و حکومەتی سوریا، زەمینەی بۆ ئەنجامدانی پرۆسە سەربازییەکان بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لەبارتر کرد.
هەڵگەڕانەوەی چەکدارە عەرەبەکان
چەکداری عەرەب بەشێکی بەرچاو لە هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە پێکدەهێنن، ناوی هێزەکەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی وەکو چەترێک بۆ کۆکردنەوەی پێکهاتەکان لێیبڕوانرێت.
تەنها چەند ڕۆژێک ئاڵۆزی بەسبوو بۆ ئەوەی بسەلمێنرێ ئەو ئامانجەی هەسەدەی لەپێناو دروستکرا تا گوزارشت بێت لەوەی هێزی هەموو پێکهاتەکانە شکست بهێنێت، کاتێک چەکدارە عەرەبەکانی ناو هێزەکە هەڵگەڕانەوە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی پەنجەرە، پێش هەڵگیرسانی شەڕ حکومەتی سوریا پەیوەندی لەگەڵ خێڵە عەرەبەکان و فەرماندە عەرەبەکانی نێو هەسەدە دروستکردووە، لەڕێگەی لێبوردن و پێدانی پۆست و پارەوە پاڵپشتی بەدەستهێناون.
لەگەڵ گەیشتنی شەڕ بەناوچە عەرەبنیشینەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، خێڵە عەرەبەکان چەکیان هەڵگرت و بەشێکی زۆر لە چەکدارە عەرەبەکانی نێو هەسەدەش هەڵگەڕانەوە.
ڕەنگە ڕووداوەکان تبپەڕن و دواجار ئاڵۆزییەکانیش کۆتاییان بێت، بەڵام ئەو ڕووداوانە بوونە ئەزموونێک بۆ فەرماندەیی گشتی هەسەدە و پێناچێت چیتر درێژە بەو رێتمە لە کارکردن بدەن.
ڕۆژنامەنوس بە چەکەوە
حکومەتی سوریا بۆ شەڕی هەسەدە پشتی بە چەکداری خێڵەکان و ئەو لێشاوە میدیا و سۆشیال میدیایە بەست کە چالاکوانانی عەرەب هەیانبوو، بەجۆرێک هەموو توانایەکی خۆیان خستەگەڕ بۆ دروستکردنی بارگرژی لە سنوری هەسەدە.
لەکاتێکدا لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی کوشتوبڕ کردنی خێڵە عەرەبییەکان، دیمەشق هێندەی تر خێڵە عەرەبەکانی لە دژی هەسەدە هان دەدا، هاوکات لێشاوێک میدیا و چالاکوانی عەرەبیش زەمینە سازییان بۆ سەرخستنی پلانەکان دەکرد.
ژمارەیەکی زۆر چالاکوانی عەرەب کە جلی ڕۆژنامەوانیان لەبەر کردبوو، لەنێو شەقامەکانەوەو لە ڕێگەی هاتوهاوارەوە دۆخەکەیان ئاڵۆزتر دەکرد و خێڵەکانیان هاندەدا، ئەمە جگە لەوەی ڕووداوەکانی نێو بەرەکانی شەڕیان بە پێچەوانەوە دەگێڕایەوە.
ئەوەی جێی سەرنج بوو بەشێک لەو چالاکوانانەی جلی ڕۆژنامەوانییان لەبەرکردبوو، دەمانچە و چەکیان پێیبوو، هەروەها رووخساریشیان ئاماژەبوو بۆ ئەوەی چەکدارن و سەرخستنی پلانی دیمەشق پیشەکەی پێگۆڕیوون.