ئێران لەبەردەم ئاڵۆزییدا؛ جەنگ یان بەکارهێنانی سیاسەتی ئەوپەڕی فشار؟
٣١ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٨:٤٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوای هێوربوونەوەی کاتی بارگرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران، جارێکی تر ناکۆکی نێوان ئەو دوو وڵاتە سەری بۆ جوڵاندنی هێز و هەڕەشە لەیەکتر کردن کێشایەوە.
پاش هێوربوونەوەی ئاڵۆزییەکانی سوریا و رێککەوتنی دیمەشق و هەسەدە، ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر ئەنجامی ململانێی نێوان ئێران و ئەمەریکان بەوەی دۆخەکە دەگاتە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ یان نە.
ترەمپ چی دەوێت؟
گەورەترین گرفتی دیپلۆماتکاران و تەنانەت دەزگا هەواڵگیرییەکانی ئەمەریکاش ئەوەیە، خوێندنەوە بۆ نیازی ترەمپ و پلانەکانی ئاسان نییە، بەتایبەت ئەو دۆخەکە تا ئەوپەڕی ئاڵۆزی دەبات و لەپڕ هێوری دەکاتەوە.
بەکارهێنانی ئەوپەڕی فشار بۆ ناچارکردنی بەرامبەر بە خواستەکانی بەشیکی گرنگە لە سیاسەتی ترەمپ، هەر ئەمەش وایکردووە سەرباری جوڵاندنی هێز و کەشتیگەلی جەنگی هێشتا متمانە بە ئەگەری روودانی شەڕ زۆر بەهێز نەبێت.
ئیدارەی ئەمەریکا دەیەوێت ئێران ناچار بە تەسلیم بوون و بردنی بە لاوازی بۆ سەر مێزی گفتووگۆ بکات، ئێران بەمە رازییە بەڵام متمانەی نییە بەوەی دوای ئەمە وازی لێبهێنن.
ئەگەر لەسەر بنەمای جوڵاندنی ئەو هەموو هێزەی ئەمەریکا لە دۆخەکە بڕوانین، هەر دەبێت رووداوێک رووبدات جا روودانی جەنگی گەورە بێت یان سنوردار، بەڵام ئەگەر لە سیاسەتەکانی رابردووی ترەمپیش وردبینەوە دوور نییە لەپڕ هەموو شت بگۆڕێت.
ترەمپ بردنی ئێرانی بەلاوازی بۆ سەر مێزی گفتووگۆ و کۆکردنەوەی دەستکەوتی زیاتری بۆ ئیدارەکەی دەوێت، لەکاتێکدا ئێران متمانەی نییە بە ئەنجامی تەسلیم بوونەکەی.
بۆیە دەکرێت بڵێین، چەندە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ بەهێزە، هێندەش گۆڕانی خێرایی هاوکێشەکان چاوەڕوانکراوە، سەرگرتنی یەک لەم دوو ئەگەرە لەسەر بڕیارە کوت و پڕەکانی ترەمپ دەوەستێتەوە.
رووخانی ئێران؛ ئایا خواستی ئەمەریکایە؟
بەشێک لە دیپلۆماتکاران پێیانوایە رووخانی ئێران بەشێکە لە پلانی ئیدارەی ترەمپ، بەڵام چۆنیەتی جێبەجێکردنی پلانەکە بۆ ئەمەریکا قورسە.
لەکاتێکدا ئەمەریکا نایەوێت پلانی رووخانی ئێران بە سەربازی خۆی جێبەجێ بکات، خەڵکی ئێرانیش هێندە راپەڕیون و ئومێدیان لەسەر رۆژئاوا هەڵچنیووە، هێندەش کوشتوبڕ کراون ئەستەمە چیتر متمانە بەدەرەوە بکەن.
لێدانی گورزی ئاسمانیش نابێتە هۆی رووخانی رژێم هەرچەند لاوازی بکات، هەروەها هیچ ئاماژەیکیش نییە بۆ ترازانی سوپای ئێران و بەکارهێنانی سوپا لەدژی رژێمەکە، بۆیە چۆنیەتی جێبەجێکردنی پلانی خستنی رژێمەکە ناڕوونە ئەگەر کاریشی لەسەر بکرێت.
دیدێکی تری باو هەیە ئەویش گۆڕانکارییە لەنێو خودی رژێمی ئێران دا، بەوەی لەڕێگەی پاڵپشتیکردنی هەندێک لە سەرکردە ریفۆرمخوازەکانەوە کە خوازیاری نزیکبوونەوەن لە وڵاتانی رۆژئاوا گۆڕانکاری لەو وڵاتە دروست بکرێت.
بەشێکی تر لە دیپلۆماتکاران پێیانوایە، فشارەکانی سەر ئێران و ئەگەری گورزی سنوردار، بەشێکە لە سیاسەتی ئەوپەڕی فشار بۆ ئەوەی ئێران ناچار بە تەسلیم بوون بکرێت.
هێشتا ئەو رایەش زاڵە ئەمەریکا ئێرانێکی ململانێکەری ناوێت، بەڵام پێویستی بە مانەوەی ئێرانێکی تەسلیم بووە بۆ راگرتنی باڵانس لەنێوان جەمسەری شیعی و سونی لەناوچەکەدا.
تورکیا و کەنداو؛ ترس لە ئەنجامی ئاڵۆزییەکان
لەماوەی رابردوودا، تورکیا و عومان جموجۆڵی چڕیان هەبوو بۆ نێوەنگیری کردن لەنێوان ئێران و ئەمەریکا، عومان بەشێک نەبووە لە کێشەکان لە رابردوودا و جوڵەکانی چاوەڕوانکراون، بەڵام جوڵەی تورکیا ترس هەیە لە پشتیەوە.
دۆخی سوریا ئاڵۆزە، دۆخی عێراق سەقامگیر نییە و ئاڵۆزی باڵی بەسەر تەواوی ناوچەکەدا کێشاوە، بۆیە تورکیا دڵنیا نییە لە ئەنجامی کێشمەکێشەکان لە ئێران و لە ئەنجامەکەی دەترسێت.
کێشەی ئاوارە، تەنینی سنوری وڵاتەکەی بە ئاڵۆزی، ترس لە پەرتبوونی ئێران و گەیشتنی پریشکی ئاڵۆزی بە سنورەکانی، هەموو ئەمانە مایەی مەترسین بۆ تورکیا لە ئەگەری ئاڵۆزبوونی دۆخی ئێران دا.
هاوشێوەی تورکیا روودانی ئاڵۆزی بۆ وڵاتانی کەنداویش پێشهاتێک نییە پێیخۆشحاڵ بن، ئەگەرچی لە رابردوودا هەمیشە لەناکۆکیدا بوون لەگەڵ ئێران و لۆبییان لەدژی کردووە.
ئێران لاواز بووە و مەترسی لەسەر پێگەی کەنداو لەناوچەکەدا کەمبووەتەوە، هەروەها لە ئەگەری روودانی ئاڵۆزیشدا ترسیان هەیە لەوەی پریشی ئاڵۆزییەکان بەر وڵاتەکانیان بکەوێت.