ئەندامێکی تۆڕی ئابووریناسانی عێراق لەبارەی نرخی زێڕ و زیو بۆ پەنجەرە دەدوێت
١ شوبات ٢٠٢٦ - ٧:٣٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئەندامێکی تۆڕی ئابووریناسانی عێراق دەڵێت، بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ و زیو و کانزاکان پەیوەندی بە پێشهاتە سیاسییەکان و دۆخی ئاڵۆزی جیهان و ناوچەکەوە هەیە.
محەمەد حسێن، ئەندامی تۆڕی ئابووریناسانی عێراق، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: کاتێک ئاڵۆزی سیاسی لەجیهاندا ڕوو لە هەڵکشان دەکات بازاڕی زێڕ و کانزاکان گەرم دەبێت، چونکە خەڵک متمانەی زیاتر بەکانزاکانە وەک لە پارە.
دەشڵێت: شەڕی نێوان روسیا و ئۆکرانیا، ململانێی چین و ئەمەریکا و مەترسی ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران، هۆکارن بۆ گەرمبوونی بازاڕی زێڕ و کانزاکان.
جەختیشیکردەوە: هیچ کەسێک ناتوانێت پێشبینی بۆ نرخ و بەهای کانزا و دراوەکان بکات، چونکە ئەوە هاوکێشەیەکی ئاڵۆزە و گرێدراوە بە سەقامگیری جیهانەوە.