لە ئەگەری گوێڕایەڵی نەکردنی ئەمەریکادا ئەو سزا ئابوورییانە چین کە دەبنە هۆی داڕووخانی عێراق؟

١ شوبات ٢٠٢٦ - ٧:٥٢ پاش نیوەڕۆ

لە ئەگەری گوێڕایەڵی نەکردنی ئەمەریکادا ئەو سزا ئابوورییانە چین کە دەبنە هۆی داڕووخانی عێراق؟

پەنجەرە

لەئەگەری گوێڕایەڵی نەکردنی ئەمەریکا لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی و کاندیدکردنەوەی نوری مالکی، یەکێک لەو ئەگەرانەی وەکو مەترسی ئاماژەی بۆ دەکرێت سزادانی عێراقە لەڕووی ئابوورییەوە.

هەرچەندە هێشتا زووە بۆ قسەکردن لەسەر ئەگەری سزادانی عێراق لەڕووی ئابوورییەوە و دەستبردن بۆ ئەم بژاردە ئەگەرێکی بەهێز نییە، بەڵام پەنجەرە هەندێک لەو سزایانە دەخاتەڕوو کە ئەمەریکا دەتوانێت وەکو کارت لەدژی عێراق بەکاریان بهێنێت.


ئەمەریکا؛ پارێزەری هەژمارە بانکییەکانی عێراق

ژمارەیەکی زۆر وڵات و کۆمپانیا و سەرمایەداری گەورە بڕێکی زۆر قەرزیان لای حکومەتی عێراقە، مێژووی قەرزەکان بۆ سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق دەگەڕێتەوە و ئەوکات قەرزیان بە حکومەتی بەعس داوە.

خاوەن قەرزەکان لە دادگا متمانەپێکراوەکانی جیهان سکاڵایان تۆمارکردووە و سکاڵاکانیان بردووەتەوە، بەپێی بڕیاری دادگاکان پارەی عێراق لەهەر بانکێک هەبێت دەبێت ئەو قەرزانەی لێبدرێتەوە.

هێشتا زانیاری ورد لەبارەی بڕی ئەو قەرزانەوە نییە بەڵام بەنزیکەی 40 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، بەمپێیە دەبێت عێراق پارەی نزیکەی حەوت مانگی فرۆشی نەوتەکەی تەنها بدات بەو قەرزە کۆنانە.

ئیدارەی ئەمەریکا بە بڕیارێکی سیادی پارێزبەندی بۆ هەژمارە بانکییەکانی عێراق دروستکردووە، ئەگەر ئەو پارێزبەندییە هەڵبگیرێت و ئەو قەرزانە لە داهاتی نەوت بدرێنەوە، ئەوا عێراق دووچاری گرفتی گەورەی ئابووری دەکات.


دۆلار؛ کارتی کاریگەری ئەمەریکا دژی عێراق

لە ئەگەری سزادانی ئابووری عێراق دا بەهۆی مامەڵەکردنی لەگەڵ ئێران، یەکێکی تر لەو کارتانەی ئەمەریکا دەتوانێت لەدژی عێراق بەکاری بهێنێت رێگرتنە لە فرۆشتنی نەوتەکەی بە دۆلار.

ئەگەر ئەمەریکای رێگری بکات لە فرۆشتنی نەوتی عێراق بە دۆلار، ئەوکات عێراق ناچار دەبێت نەوتەکەی هاوشێوەی ئێران بە هەرزان و بە قاچاخ بفرۆشێت، ئەمەش دووچاری داڕووخانی ئابووری دەکات.

لەئەنجامی دابەزینی نرخی نەوت و بەهۆی زۆری خەرجی و کەمی داهاتەکانی، عێراق لەئێستادا کە بە فەرمی نەوت دەفرۆشێت دووچاری گرفت بووە، ئەگەر سزا بخرێتە سەر نەوتەکەی ئەوکات ئابوورییەکەی بەتەواوەتی دادەڕووخێت.


ئابووری عێراق؛ ئابوورییەکی ناسەقامگیر

لەئەگەری سزادانی عێراق بە بچووکترین سزای ئابووری لەلایەن ئەمەریکاوە، زیانێکی گەورە بەر ئابوورییەکەی دەکەوێت و بەهای دیناری عێراقی بەتەواوەتی دادەڕووخێت.

لەئێستادا هەواڵە سیاسییەکان و دەنگۆی سزادانی عێراق لەلایەن ئەمەریکاوە، ییاری بە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دەکات، ئەگەر سزاخستنە سەر عێراق هەنگاوی بۆ بنرێت ئەوا ئابوورییەکەی بەتەواوەتی دادەڕووخێت.

ئابوری عێراق فرە چەشن نییە و بەزۆری پشت ئەستورە بە داهاتی نەوت، بۆیە سزادانی عێراق لەلایەن ئەمەریکاوە هەموو جومگە ئابوورییەکانی وڵات دووچاری شەلەل و گرفتی گەورە دەکات.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو