چوارچێوەی هەمانگی بۆ دۆسیە ئەمنی و سیاسییەکان لە دەرگای هەرێمی کوردستان دەدات

٢ شوبات ٢٠٢٦ - ٨:٠٤ پاش نیوەڕۆ

چوارچێوەی هەمانگی بۆ دۆسیە ئەمنی و سیاسییەکان لە دەرگای هەرێمی کوردستان دەدات

پەنجەرە

بڕیارە وەفدێکی چوارچێوەی هەماهەنگی سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لەگەڵ پارتی و یەکێتی چەند دۆسیەیەک تاوتوێ بکەن، یەکێک لە دۆسیەکان دۆسیەی ئەمنییە.

وەفدەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی کە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات، پێکدێن لە هادی عامری، محەمەد شیاع سودانی و موحسن مەندەلاوی.


دۆسیەی ئەمنی 

لایەنە شیعەکان بەگومانن لە لایەنە سونەکان و پێیانوایە لەلایەن تورکیا و وڵاتانی کەنداوەوە جوڵێنراون، نیگەرانی ئەوان زیاتر لە محەمەد حەلبوسی سەرۆکی هاوپەیمانی تەقەدومە.

بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە کە لە فەرماندەیەکی باڵای سەربازی عێراقەوە وەریگرتوون، هێزە عێراقییەکان بەوردی چاودێری جوڵەی سەرۆک عەشیرەتە عەرەبە سونەکان دەکەن.

هێزە ئەمنییەکان ئاگادار کراونەتەوە لەوەی پارەیەکی زۆر تەرخانکراوە بۆ گواستنەوەی ئاڵۆزی لەسوریاوە بۆ عێراق، بۆیە رێنماییان پێدراوە بەوردی چاودێری جموجۆڵی سەرۆک عەشیرەت و تەنانەت فەرماندە سەربازییە سونەکانیش بکرێت.

بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، مەسەلەی دۆخی ئەمنی و مەترسییەکانی سەر عێراق، بەشێک دەبن لەگفتووگۆی نێوان وەفدی چوارچێوەی هەماهەنگی و بەرپرسانی پارتی و یەکێتی.


پۆستە سیادییەکان

بەشێکی گرنگی سەردانەکەی وەفدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ هەرێمی  کوردستان، پەیوەندی بە پۆستی سەرۆک کۆمار و سەرۆکوەزیرانەوە هەیە.

سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: لایەنە شیعەکان داوای رێککەوتن لە یەکێتی و پارتی دەکەن لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار و نایانەوێت ئاڵۆزی دروست ببێت.

دەشڵێت: گفتووگۆ لەسەر ڤیتۆی ئەمەریکا لەسەر کاندیدکردنی مالکی دەکرێت، بەڵام ئەمە زیاتر پەیوەندی بەناوخۆی خۆیانەوە هەیە.

بەپێی وتەی سەرچاوەکە، رێکنەکەوتنی یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار و هاتن و چوونی وەفدەکان لەبەرژەوەندی لایەنە شیعەکانە و بۆ کات کوشتنە، چونکە هێشتا خۆیان لەسەر کاندیدی سەرۆکوەزیران گرفتیان هەیە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو