شیعە و سونەی عێراق خۆیان بۆ رووداوی گەورە ئامادە دەکەن
٢ شوبات ٢٠٢٦ - ٨:٠٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
شیعەکانی عێراق لەرێگەی پێکهێنانی هێزی زیاتری چەکدارەوە خۆی بۆ پێشهاتە سیاسییەکان ئامادە دەکات، لەکاتێکدا لایەنە سونەکانی عێراقیش چاوەڕوانی لێدانی ئێران و قۆستنەوەی دەرفەتن بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتی شیعی لە عێراق دا.
شیعە و ئامادەکاری
لایەنە شیعەکانی عێراق سەرقاڵی پێکهێنانی هێزی زیاتری چەکدار و وەرگرتنی خۆبەخشن، ئەوان پێیانوایە ئەو دۆخەی لە سوریا هەیە درێژ دەبێتەوە بۆ عێراق و مەترسی لەسەر پێگە و دەسەڵاتیان دروست دەبێت.
پێکهێنانی هێزی زیاتری چەکدار لەلایەن هێزە شیعەکانەوە ئامادەکاری پێشوەختە، بۆ ئەوەی لە ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران و روودانی ئاڵۆزی لە عێراق بتوانن ناوچەکانیان کۆنترۆڵ بکەن و بیپارێزن.
لایەنە شیعەکان بەوجۆرە لەدۆخەکە دەڕوانن ئەوەی لەسوریا ڕوودەدات بەشێکە لەپلانێکی گەورەی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی، عێراقیش لەنێو پلانەکەدایە و جێبەجێکردنی پلانەکەش لەسەر هێرشکردنە سەر ئێران وەستاوەتەوە.
جگە لە پێکهێنانی هێزی زیاتری خۆبەخش و ناردنی هێزێکی زۆر بۆ ناوچە سنورییەکان، شیعەکان چاودێری جموجۆڵی سەرکردە و سەرۆک عەشیرەتە سونەکان دەکەن، هەروەها فەرماندە باڵا سونەکانیشیان خستووەتە ژێر چاودێرییەوە.
وەکچۆن کورد لە رۆژئاوای کوردستان زیاد لە ئەندازە پشتی بە ئەمەریکا بەست و دواتر باجەکەیدا، شیعەکانی عێراقیش زیاد لەپێویست پشتیان بە ئێران بەستووە و ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران، بەتەواوەتی ترسی لا دروستکردوون.
لایەنە شیعەکان لەرێگەی ئامادەکاری پێشوەخت و پێکهێنانی هێزی خۆبەخشەوە، دەیانەوێت خۆیان بۆ ئەگەری لاوازبوونی زیاتری ئێران و پشت بەخۆبەستن ئامادە بکەن.
سونە و دەرفەت
سونەکانی عێراق نەیاری دەسەڵاتی شیعین لە عێراقدا و هەمیشە بەدوای دەرفەتدا گەڕاون بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو دەسەڵاتە، یاخود خۆ دەربازکردن لەژێر دەسەڵاتی شیعە.
بەهێزبوونی سونە لە سوریا و رووخانی بەشار ئەسەد، بوونی پلانێکی عەرەبی تورکی بۆ لاوازکردنی دەسەڵات و پێگەی شیعە لە عێراق، ئەو دەرفەتەیە سونەکانی عێراق دەیانەوێت لێی سودمەند ببن، هەرچەندە بەترسەوە لە ئەنجامی هاوکێشەکان دەڕوانن.
بەپێی وتەی چەند چاودێرێکی سیاسی عەرەبی سونە بۆ پەنجەرە، عەرەبی سونە بەبێ هێرشکردنە سەر ئێران و رزگاربوون لە هەژموونی ئەو وڵاتە هیچ جوڵەیەک ناکات، بەڵام ئەگەر هێرش بکرێتە سەر ئێران سونە بەخێرایی دەجوڵێت.
لەکاتێکدا محەمەد حەلبوسی سەرۆکی هاوپەیمانی تەقەدوم بەتەواوەتی لە ئێران نزیک بووبوویەوە، بەڵام لەئێستادا ئاراستەی جوڵەکانی بەرەو لای تورکیا و کەنداو گۆڕیووە.
فەرماندە سەربازییەکانی عێراق دەڵێن، جگە لەوەی پارەیەکی ئێجگار زۆر بۆ سونەکانی عێراق تەرخانکراوە، هاوکات ژێر بەژێر هێزێکیشیان بۆ ئامادەکراوە لە دەرەوەی وڵات و هێزەکە لەلایەن "رەعد دلێمی"ـیەوە سەرپەرشتی دەکرێت.