هەڵگەڕانەوەی عەشایەری؛ ئەو هەنگاوەی لە رەقە و دێرەزوور نرا و لەحەسەکە شکستی پێهێنرا
٢ شوبات ٢٠٢٦ - ٨:٠٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
هەڵگەرانەوەی عەشایەری عەرەبی لە هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە و دەست تێکەڵکردن لەگەڵ حکومەتی سوریا، نیشانەی پرسیاری لەسەر بانگەشەی "برایەتی گەلان" دروستکردووە کە کورد لە رۆژئاوا هەڵگری بوو.
پێکهاتەی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە تێکەڵەیەکە لە چەکداری کورد و عەرەب، بەڵام لەکاتی روودانی پێکدادان لەنێوان ئەو هێزە و گروپە چەکدارە سورییەکاندا، بەشێک لە چەکدارە عەرەبەکان پشتیان لەهەسەدە کرد.
"برایەتی گەلان"؛ ئەو دروشمەی بۆ واقیعی سوریا نەگونجا
دوای هەڵگەڕانەوەی چەکدارە عەرەبەکان لەهێزەکانی سوریای دیموکرات، یەکێک لەو رەخنانەی ئاراستەی فەرماندەیی هەسەدە دەکرێت متمانەکردن بوو بەو چەکدارانە و نەگونجانی دروشمەکەیان بوو لەگەڵ واقیعی سوریا.
لەکاتێکدا کورد هەڵگری دروشمی "برایەتی گەلان" بوو، بەڵام دۆخی ئاڵۆزی سوریا کە پڕە لە ئەجێندا و دەستوەردانی دەرەکی و هاندانی پێکهاتەکان لەدژی یەکتری، بۆیە بەڕای چاودێران ئەو دروشمە لەگەڵ دۆخەکەدا یەکناگرێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، فەرماندەکانی هەسەدە پێیانوایە ئەوان راستگۆبوون لەگەڵ بەرزکردنەوەی دروشمی "برایەتی گەلان" و شکستیان نەهێناوە، ئەوەی شکستیهێناوە پێکهاتەی عەرەبییە کە بەکردار پشتیان لە برایەتی کرد.
هەڵگەڕانەوەی عەشایەری؛ زیانی گەورە و باجی قورس
هەڵگەڕانەوەی عەشایەرە عەرەبەکانی دێرەزوور، رەقە، حەلەب و باشوری حەسەکە زیانی گەورەی بەهێزەکانی سوریای دیموکرات گەیاند، ئەو هێزانەی ناچار کرد لەو ناوچانە پاشەکشە بکەن.
پێش سەرهەڵدانی ئاڵۆزی لەنێوان سوریا و هەسەدە پەیوەندی نهێنی لەگەڵ عەشایەرە عەرەبەکاندا دروستکرابوو، ئەمەش وایکرد هەسەدە بەناچاری ناوچە عەرەبییەکان بەجێبهێڵێت.
کشانەوەی هێزەکانی هەسەدە لەناوچە عەرەبییەکانی سوریا پەیوەندی بە فشاری سەربازی گروپە چەکدارە سورییەکانەوە نەبوو، بەڵکو گرێدراو بوو بە هەڵگەرانەوەی عەشایەرە عەرەبییەکان و بەشێک لە چەکدارە عەرەبەکانی.
بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، ئەگەر لەنێو هێزەکانی سوریای دیموکرات و لە ناوچە عەرەبییەکان هەڵگەڕانەوە رووینەدایە، هەسەدە دەستبەرداری ئەو ناوچانە نەدەبوو، لێیان نەدەکشایەوە.
حەسەکە؛ لەنێوان خواستی هەڵگەڕانەوە و تایبەتمەندی دۆخەکەدا
بەشێک لەدانیشتوانی حەسەکە عەرەبن و خواستی هەڵگەڕانەوەیان لەکورد لادروستبووە، بۆیە ئەمڕۆ لەکاتی رۆیشتنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سوریا بۆ نێو ئەو شارە هەندێک گرفت روویدا.
ئەگەر هەڵگەڕانەوەی عەرەبەکان لەناوچە عەرەبییەکان کاریگەری لەسەر کشانەوەی هەسەدە دروستکردبێت، ئەوا دۆخەکە لە حەسەکە جیاوازە و هەسەدە بەتوندی رووبەرووی هەرجۆرە هەوڵێک بۆ هەڵگەڕانەوە دەبێتەوە.
دوای ئەوەی لە حەسەکە هەوڵی نانەوەی ئاڵۆزی درا، ئەمشەو هێزەکانی سوریای دیموکرات نمایشی سەربازییان لەنێو حەسەکە ئەنجامدا و لەمڕێگەیەوە پەیامیاندا بەگوێی عەشایەرە عەرەبەکاندا.
حکومەتی دیمەشقیش هیچ جۆرە پێشوازییەکی لە جوڵەی عەشایەرە عەرەبەکانی حەسەکە نەکرد، بەوپێیەی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە و لەچوارچێوەی رێککەوتنەکەدا سنوریان بۆ دانراوە، ئەمەش هێندەی تر کاریگەری لەسەر گۆڕینی رای عەشایەرەکانی حەسەکە هەبوو.