دۆسییە ئابڕووبەرەکانی ئیبستن تادێت کاردانەوەی گەورە دروست دەکات
٣ شوبات ٢٠٢٦ - ٤:٤٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوایین بەڵگەنامەکانی حکومەتی ئەمریکا سەبارەت بە تۆڕەکەی جێفری ئیبستین، ناوی نوێی کەسایەتییە گشتییە باڵاکانی ئاشکرا کردووە، لەوانە شازادە مێت ماریت شاژنی داهاتووی نەرویج، کاسی واسەرمان، سەرۆکی لیژنەی ڕێکخستنی ئۆڵۆمپیاتی لۆس ئەنجلۆس، میرۆسلاڤ لاچاکی ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا.
وەزارەتی دادی ئەمریکا هەفتەی ڕابردوو دۆسیەی لێکۆڵینەوەی نوێی لە بارەی ئیبستن بڵاوکردەوە، هەرچەندە بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەکان زیاتر لە مانگێک لەوادی خۆی دواکەوت.
دۆسیە بڵاوکراوەکان سێ ملیۆن لاپەڕە و نزیکەی دوو هەزار ڤیدیۆ و ١٨٠ هەزار وێنە لەخۆدەگرێت.
تۆد بلانچ جێگری داواکاری گشتی ئەمریکا لە واشنتۆن ڕایگەیاند: بڵاوکردنەوەی ئەم بەڵگەنامانە بەشێکە لەشەفافیەت و خستنەڕوویان بۆ گەلی ئەمەریکا.
بەڵگەنامە دزەپێکراوەکان دۆسیەی یەکێک لە گەورەترین کارە ئابڕووبەرەکان قوڵتر دەکاتەوە، ئەویش بازرگانیکردنی سێکسییە کە منداڵانی لەئەمەریکا تێدا کراوەتە ئامانج.
هەرچەندە ئیبستن لە ساڵی ٢٠١٩دا و پێش ئەوەی دادگایی بکرێت، تەرمەکەی بەهەڵواسراوی دۆزرایەوە لەو ژوورەی کە تێیدا زیندانی کرابوو، بەڵام دوای خۆی کارەکانی لەسەر ئاستی دونیا کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە.
شازادە مێت ماریت؛ لەنێو قوڵایی دۆسیەکاندا
میدیای نەرویجی بڵاویکردەوە، ناوی شازادە مێت ماریت، هاوسەری شازادەی جێنشین زیاتر لە هەزار جار لەنێو بەڵگەنامەکاندا هاتووە.
نامەکانی نێوان شازادە و ئیبستن لە نێوان ساڵانی ٢٠١١ بۆ ٢٠١٤ ئاڵوگۆڕکراون، کاتێک ئیبستن لە ساڵی ٢٠١٢ بۆی نوسیووە: لە پاریس "بەدوای ژندا دەگەڕێت".
لە وەڵامدا ئەویش وتویەتی: پایتەختی فەرەنسا بۆ ناپاکی باشە بەڵام وڵاتانی ئەسکەندەنافیا ژنی باشتر بەرهەم دەهێنن.
لە نامەیەکی دیکەدا، میت ماریت سوپاسی ئیبستن دەکات بۆ ئەو گوڵانەی کە بۆی ناردووە کاتێک بیتاقەت بووە، واژۆی لەسەر نامەکەش کردووە و لەسەری نوسیووە: لەگەڵ خۆشەویستی م.م.
دواتر شازادە دانی بەوەدا ناوە هەڵە بووە و ڕایگەیاندووە: زۆر پەشیمانە لە هەر پەیوەندییەک لەگەڵ ئیبستن هەیبووە.
دەست لەکارکێشانەوە بەهۆی ئیبستنەوە
ڕۆبەرت فیکۆ، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند: دەستلەکارکێشانەوەی ڕاوێژکارەکەی میرۆسلاڤ لاچاکی قەبوڵ کردووە، دوای ئەوەی تێوە گلاوە لە گۆڕینەوەی نامە لەگەڵ ئیبستن کە مێژووەکەی بۆ ساڵی ٢٠١٨ دەگەڕیتەوە و بەڵێنی رێکخستنی ژنی تێدا دراوە.
ئاشکرابوونی ئەم کارە بووە هۆی هەڵچوونێکی سیاسی گەورە لەناو حکومەتی سلۆڤاکیا.
مەندێلسۆن دەستی لە پارتی کرێکاران کێشاوەتەوە
پیتەر ماندێلسۆن باڵیۆزی پێشووی بەریتانیا لە واشنتۆن دەستی لە پارتەکەی کێشایەوە، دوای ئاشکرابوونی پەیوەندییەکەی لەگەڵ ئیبستن ئەمەش بۆ خۆ دەربازکردن لەو شەرمەزارییەی تێیکەوتبوو.
ماندێلسۆن ڕووبەڕووی پرسیار کرایەوە سەبارەت بە ٧٥ هەزار پاوەن کە خۆیی و هاوبەشەکەی وەریانگرتووە، هەروەها تۆمەتبار کراوە بەوەی دەستوەردانی کردووە بۆ ئەوەی حکومەت لە ساڵی ٢٠٠٩دا، باج بسەپێنێت بەسەر بانکەکاندا لەسەر فەرمانی ئیبستن.
ماندێلسۆن ساڵی ڕابردوو بەهۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیبست لە پۆستی باڵیۆزی واشنتۆن دوورخرایەوە. ئەو سەرکردایەتی پارتی کرێکارانی بەریتانیای لە بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی ئاگادارکردەوە و پەشیمانی خۆی دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە کە ئەو تۆمەتانە ناڕاستن، هاوکاریش دەبێت لە هەر لێکۆڵینەوەیەکی پێویست لەوبارەیەوە بکرێت.