جولی براون؛ ئەو رۆژنامەنوسەی گوێی بە هەڕەشە نەدا و پەردەی لەسەر تاوانەکانی جێفری ئیپستن هەڵماڵی
٤ شوبات ٢٠٢٦ - ٢:٠٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوای پەردەپۆشکردنی دۆسیەی جێفری ئیپستین بۆ ماوەی نزیکەی ١٥ ساڵ لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە، بەڵام دواجار رۆژنامەنوسێک لەساڵی ٢٠١٨ دۆسیەکەی جوڵاند و راستی تاوانەکانی دورگەی شەیتانی دا بەگوێی جیهاندا.
جولی براون، رۆژنامەنوس لە رۆژنامەی “هیرالد میامی”، ئەو رۆژنامەنوسە تەمەن ٦٥ ساڵییەیە کە لەریگەی بەدوادواچوون و بنکۆڵکردنی تاوانەکانی دوورگەی شەیتانەوە، دەسەڵاتی دادوەری ئەمەریکای ناچار کرد پەردە لەسەر دۆسیە گەورەکەی سەدە هەڵبماڵێت.
جولی براون، ساڵێکی تەرخانکرد بۆ لێکۆڵینەوەکردن لە نزیکەی ١٠ هەزار بەڵگەنامە، لەوانە لێکۆڵینەوەکانی دادگا و فایلەکانی پۆلیس، پێش ئەوەی زانیارییەکان لەبارەی جێفری ئیپستینەوە بڵاو بکاتەوە، لەرێگەی لێکۆڵینەوەوە هەموو تاوانە ئەنجامدراوەکانی پشتڕاستکردەوە.
پاش پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان و دەستگەیشتنی بەوردەکاری دۆسیەکان، جولی براون چاوپێکەوتنی لەگەڵ نزیکەی ٦٠ قوربانی دوورگەی شەیتان ئەنجامدابوو، کە ناویان لەنێو دۆسیەکانی لێکۆڵینەوەدا هاتبوو.
براون بواری بۆ ٨ کەس لە قوربانییەکان رەخساند، تا پێکەوە ئەزموونە دڵتەزێنەکانیان باس بکەن، ئەمەش هێندەی تر بووە پاڵپشتی بۆ سەلماندنی ئەو دۆسیانەی دەستی خستبوون.
جولی براون لەرێگەی بنکۆڵکارییە وردەکەیەوە، ئەوەی سەلماند کەچۆن جێفری ئیپستین بەهۆی سامانەکەی و پەیوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییە فراوانەکانیەوە توانیویەتی خۆی لە سزا دەرباز بکات.
ئەو ئاماژەی بە لاوازی سیستەمی دادوەری ئەمەریکا کرد لەبەرامبەر دۆسیەیەکی وا گەورەدا، لەمڕێگەیەوە رووبەرووی کاریگەریی سامان و پەیوەندییەکانی ئیپستن بوویەوە، تا دواجار رای گشتی ئەمەریکای لە “لادان لە دادپەروەری” لە وڵاتەکەیان بەئاگا هێنایەوە.
هەوڵەکانی ئەو رۆژنامەنوسە بووە هۆی دەستگیرکردنی ئیپستین لە ساڵی ٢٠١٩، دوای ئەوەی ئیپستین سەرباری تاوانە گەورەکانی ئازادانە دەسوڕایەوە.
جولی براون لەرێگەی جوڵاندنی دۆسیەی ئیپستنەوە، داوایکرد مافی منداڵان و قوربانییەکان لەچوارچێوەی سیستەمی دادوەری ئەمەریکادا بپارێزرێت.
بەدواداچوونە رۆژنامەوانییەکەی جولی براون جگە لەوەی پەردەی لەسەر مشتومڕاویترین دۆسیە هەڵماڵی و دونیای توشی شۆک کرد، هاوکات هێمای پرسیاریشی لەسەر دەسەڵاتی دادوەری و مۆراڵی سیاسییەکان و گەورە سەرمایەدارانی دونیاش دروستکرد.
هەڵماڵینی پەردە لەسەر تاوانەکانی جێفری ئیپستن لەلایەن جولی براونەوە لەکاتێکدایە، کاتێک لەساڵی ٢٠٠٣ رۆژنامەنوسی دیاری ئەمەریکی “ڤیکی وارد” هەوڵیدا بەدواداچوون بۆ ئەم دۆسیە بکات، بەڵام سەرنوسەری ئەو گۆڤارەی رۆژنامەنوسەکە کاری تێدا دەکرد لەژێر هەڕەشەی کوشتندا، راپۆرتەکەی بەجۆرێک بڵاوکردەوە چووە خانەی پڕوپاگەندەوە بۆ جێفری ئیپستن.
جولی براون سەرەڕای هەڕەشە و فشارەکانی سەری، پاشەکشەی نەکرد و پەردەی لەسەر گەورەترین تاوان هەڵماڵی، بەمجۆرە کۆتایی بەو بێدەنگییە هێنا کە میدیا و دەسەڵاتی دادوەری بەراموبەر دۆسیەی ئیپستن هەڵیانبژاردبوو.