لێکۆڵەرێکی نێودەوڵەتی: مالیکی لای ئەمەریکا فایلی هەیە و ئەستەمە چانسی پێبدرێتەوە
٤ شوبات ٢٠٢٦ - ٢:٠٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لێکۆڵەرێکی نێودەوڵەتی دەڵێت، ئەگەرچی پەیوەندیی نێوان مالکی و ئەمەریکا دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی بۆش، بەڵام پەیوەندییەکە لەسەردەمی ئۆبامادا بەرجەستە دەبێت، بۆیە ئۆباما مەلەفی عێراقی دا بە جۆ بایدن.
د. سەردار عەزیز، دەڵێت: بایدن بڕوای وەهابوو کە مالیکی ڕازی دەبێت بەوەی ئەمریکا لە عێراق بنکە دابنێت، بەڵام مالیکی ڕازی نەبوو. هەرچەندە مالیکی بە مەرجێک ڕازی بوو کە نەبرێتە پەرلەمان. بەڵام ئەمریکیەکان ئەوەیان دەویست کە سەربازەکانیان پارێزبەندییان هەبێت، بۆیە بەلایانەوە گرنگ بوو بچێتە پەرلەمان. دیارە پاشان سۆفا دەچوو و ئەمریکا کشایەوە.
دەشڵێت: کۆمارییەکان ئۆباما وەها تاوانبار دەکەن کە نەیتوانی پێگەی ئەمریکا لە عێراق بهێڵێتەوە. جەماعەتی ئۆباما مالیکی تاوانبار دەکەن بەوەی ئەمریکای کردە دەرەوە، بەڵام جەماعەتی بۆش ئۆباڵەکە دەخەنە مل ئۆباما.
جەختیکردەوە: کاتێک کە شەڕی د۱عـ.،ـش دێت، ئەمریکا هاوکاری عێراق بە مەرجێک دەکات کە مالیکی لاچێت. ئەوەی جێگای سەرنجە ئەو کاتە جۆن کییری هەڕەشەی بڕینی هاوکارییەکانی ئەمریکا دەکات لە عێراق کە هەمان هەڕەشەیە ئێستا ترەمپ دەیکات.
بەپێی خوێندنەوەی سەردار عەزیز، مالیکی لای ئەمریکیەکان فایلی هەیە. یانی کەسێک نیە کە نەناسراوبێت هەتا بتوانن بڵێن با چانسێکی بدینێ. وەک چۆن ئێستا چانس دەدەن بە ئەحمەد شەرع. هەروەها ئەمریکا مالیکی وەها دەبینێت کە ئاسان نیە کاری لە گەڵدا بکرێت.