ناکۆکی نێوان مالیکی و حەلبوسی دەتەقێتەوە
٤ شوبات ٢٠٢٦ - ٢:٠٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ناکۆکی نێوان نوری مالیکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا و محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی هاوپەیمانی تەقەدوم بەتەواوەتی روو لە تەقینەوە دەکات.
دوای کاندید کردنی نوری مالیکی لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، هاوپەیمانی تەقەدوم ناڕەزایەتی پیشاندا، لەکاتێکدا پێشتر مالیکی دژی گەڕانەوەی حەلبوسی بوو بۆ سەرۆکایەتیکردنی ئەنجومەنی نوێنەران.
لەچاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا، مالیکی ناراستەوخۆ هێرشیکردە سەر حەلبوسی و رایگەیاند: هەندێک کەس لەقەبارەی خۆیان گەورەتر کراونەتەوە.
بڕیارە لەچەند کاتژمێری داهاتوودا و لەمیانی دیدارێکی رۆژنامەوانیدا، حەلبوسی وەڵامی مالیکی بداتەوە و وەکخۆی دەڵێت: ژێر بەڕە دەهێنێتە سەر بەڕە.
بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، بەشێک لە لایەنە شیعەکان پێیانوایە، حەلبوسی بەشێکە لەو پلانەی تورکیا و کەنداو رابەرایەتی دەکەن بۆ دروستکردنی ئاڵۆزی لە عێراق.