سیستەمی ئەسیکۆدا؛ چاکسازیی گومرگیی یان کارەساتی دارایی؟"
٤ شوبات ٢٠٢٦ - ٦:٣٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە کاتێکدا عێراق هەوڵ دەدات لە ڕێگەی چاکسازیی دارایی و کارگێڕییەوە کۆنتڕۆڵی دەروازە سنوورییەکانی بکات، جێبەجێکردنی سیستەمی جیهانیی "ئەسیکۆدا" بووەتە جێگەی مشتومڕێکی زۆر.
لە لایەک حکومەت وەک دەستکەوتێکی مەزن بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی دەیبینێت، لە لایەکی تریشەوە بازرگانان و چاودێرانی ئابووری دەڵێن ئەم سیستەمە بەهۆی نەبوونی زەمینەسازیی پێویست، بووەتە بارگرانی و یەکێکە لە هۆکارە شاراوەکانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕەکاندا.
ئەسیکۆدا چییە و کەی لە عێراق دەستی پێکرد؟
ئەسیکۆدا (ASYCUDA) کورتکراوەی (Automated System for Customs Data)یە، سیستمێکی کۆمپیوتەریی مۆدێرنە کە لەلایەن "کۆنفڕانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بازرگانی و گەشەپێدان (UNCTAD)" پەرەی پێدراوە.
ئەم سیستمە بۆ بەدیجیتاڵکردنی هەموو پرۆسەکانی گومرگ بەکاردێت، لەوانە: بەڕێوەبردنی بەیاننامە گومرگییەکان، وەرگرتنی باج، وردبینی و چاودێریی کاڵا تێپەڕبووەکان.
سیستمەکە هەماهەنگی لە نێوان بازرگانان، کۆمپانیاکانی گواستنەوە، بانکەکان و فەرمانگەی گومرگ دروست دەکات. هەموو زانیارییەکان بە شێوەی ئەلیکترۆنی تۆمار دەکرێن و دەستی مرۆڤ لە دیاریکردنی نرخ و باجدا کەمدەکاتەوە، ئەمەش شەفافیەت زیاد دەکات.
حکومەتی عێراقی چەند ساڵێکە کار بۆ جێبەجێکردنی دەکات و لەکۆتایی ساڵی پارەوە بە فراوانی جێبەجێکردنی دەستیپێکرد.
سەرەتا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و گومرگی ئوم قەسر (بەندەرەکان) بە شێوەی ئەزموونی دەستی پێکرد و دواتر بۆ زۆربەی دەروازە وشکانییەکانیش فراوانکرا.
کێشەکانی سیستمەکە لەعێراق و هۆکارەکانی
ئەگەرچی سیستمەکە لە جیهاندا سەرکەوتوو بووە، بەڵام لە عێراقدا چەندین کێشەی گەورەی لێکەوتەوە کە گرنگترینیان ئەمانەن:
١. پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارەوە:
ئەسیکۆدا پێویستی بەوەیە بازرگان "پسوولەی ڕەسەن" و زانیاری وردی بانکی بخاتە ڕوو. زۆرێک لە بازرگانە بچووک و ناوەندەکان ناتوانن لە "پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی" بانکی ناوەندی دۆلار بە نرخی فەرمی (١٣٢٠) بکڕن، چونکە مەرجەکانیان تێدا نییە.
کاتێک سیستمەکە لە گومرگ توند دەبێت، بازرگان ناچار دەبێت پەنا بۆ بازاڕی ڕەش ببات بۆ کڕینی دۆلار تا کاڵاکانی پێ هاوردە بکات، ئەمەش فشار دەخاتە سەر بازاڕی ناوخۆ و نرخی دۆلار بەرز دەکاتەوە.
٢. سستبوونی جوڵەی بازرگانی و قەرەباڵەغی:
بەهۆی ئەوەی کارمەندانی گومرگ و بازرگانان ڕانەهاتوون لەسەر سیستمەکە، پرۆسەی مۆڵەتدان و بەڕێخستنی کاڵاکان لە چەند کاتژمێرێکەوە بووەتە چەندین ڕۆژ.
ئەمەش بووەتە هۆی کۆبوونەوەی هەزاران بارهەڵگر لە دەروازەکان و تێکچوونی هەندێک کاڵای خۆراکی.
٣. کێشەی ژێرخانی تەکنەلۆژی:
نەبوونی هێڵی ئینتەرنێتی خێرا و بەردەوام لە دەروازە سنوورییەکان و پچڕانی کارەبا، دەبێتە هۆی وەستانی سیستمەکە بۆ چەندین کاتژمێر، کە ئەمەش پەککەوتنی تەواوی کارەکان دەگەیەنێت.
٤. ململانێی گەندەڵی و بەرژەوەندییەکان:
سیستمەکە دەستی ئەو کەس و گروپانە دەبڕێت کە پێشتر لە ڕێگەی دەستکاریکردنی بەیاننامە گومرگییەکانەوە پارەیان وەردەگرت. بۆیە قسە هەیە لەسەر ئەوەی "بەرگرییەکی ناڕاستەوخۆ" لە ناو فەرمانگەکاندا هەیە لەلایەن ئەوانەی زیان لە سیستەمەکە دەکەن، بۆ پەکخستنی سیستمەکە و پیشاندانی ئەوەی کە سەرکەوتوو نییە.
هەنگاوەکانی حکومەت بۆ چارەسەری کێشەکان
حکومەتی سوودانی جەخت لەوە دەکاتەوە کە پاشەکشە لە ئەسیکۆدا ناکەن، چونکە مەرجی نێودەوڵەتی و بنەمای چاکسازییە.
لەگەڵ دروستبونی کێشەکانی سیستەمەکەشدا، چەند هەنگاوێکی نا، لەوانە:
- پێکهێنانی لیژنەی باڵا بۆ چاودێریی سیستمەکە.
- کردنەوەی خولی ڕاهێنان بۆ کارمەندان و بریکارە گومرگییەکان.
- هەوڵدان بۆ بەستنەوەی سیستەمی ئەسیکۆدا بە "پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی" بانکی ناوەندییەوە بۆ ئاسانکاریی دابینکردنی دۆلار.
- داشکاندنی نرخی گومرک بەڕێژەی ٢٥٪.
چی بکرێت؟
بەڕای چاودێران، بۆ ئەوەی سیستەمەکە سەرکەوتوو بێت، دەبوایە بیر لەم خاڵانەی خوارەوە بکرایەتەوە، یان جێبەجێ بکرایەن، ئەوانیش:
١. قۆناغبەندیکردنی جێبەجێکردن:
پێویستە سیستمەکە بە یەکجار و بە شێوەی سەپاندنی کتوپڕ جێبەجێ نەکرایە؛ باشتر وابوو سەرەتا تەنها لەسەر کاڵا گەورەکان بێت و دواتر وردە وردە بۆ هەموو کاڵاکان فراوان بکرێت.
٢. ئاسانکاری بۆ بازرگانە بچووکەکان:
پێویستە بانکی ناوەندی ڕێکارەکانی پێدانی دۆلاری فەرمی بەو بازرگانانە ئاسان بکات کە سیستەمی ئەسیکۆدا بەکاردێنن، وەک پاداشتێک بۆ ئەوانەی دەچنە ناو سیستەمە یاساییەکە.
٣. باشکردنی ژێرخانی دیجیتاڵی:
دابینکردنی هێڵی ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد (بۆ نموونە) بۆ دەروازەکان بۆ ئەوەی لە کاتی پچڕانی هێڵە ئاساییەکان، کارەکان نەوەستن.
٤. کەمکردنەوەی باج بە شێوەیەکی کاتی:
بۆ هاندانی بازرگانان و ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان لە بازاڕدا، حکومەت دەتوانێت بۆ ماوەیەک ڕێژەی باجی گومرگی کەم بکاتەوە تا هاوسەنگییەک لەگەڵ تێچووی نوێی سیستمەکە دروست دەبێت.
دەرمانە تاڵەکە
چاودێران وایدەبینن سیستەمی ئەسیکۆدا "دەرمانێکی تاڵە" بۆ ئابووری عێراق؛ چونکە ئەگەرچی لە ئێستادا ئازاری بۆ بازاڕ و نرخی دۆلار دروستکردووە، بەڵام لە درێژخایەندا تەنها ڕێگەیە بۆ ئەوەی عێراق ببێتە خاوەن ئابوورییەکی شەفاف و بتوانێت داهاتە نانەوتییەکانی کۆنتڕۆڵ بکات.
وەکخۆیان دەڵێن، سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیە بەستراوەتەوە بەوەی تا چەند حکومەت دەتوانێت هاوسەنگی لە نێوان تەکنەلۆژیا و بژێوی خەڵکدا دروستبکات.