تۆڕی شەیتان و سێبەری ملیاردێرەکان: تۆم باراک لە ناو فایلی دۆسییەی ئیپستیندا چی دەکات؟

٤ شوبات ٢٠٢٦ - ٦:٣٧ پاش نیوەڕۆ

تۆڕی شەیتان و سێبەری ملیاردێرەکان: تۆم باراک لە ناو فایلی دۆسییەی ئیپستیندا چی دەکات؟

پەنجەرە

لەوکاتەوەی ناوی تۆم باراک، پیاوە ملیاردێر و دیپلۆماسییەکەی واشنتۆن لەنێو فایلەکانی دۆسییەی جیفری ئیپستیندا دەرکەوتووە، پرسیارێک هاتووەتە ئاراوە: ئایا ئەو تەنها هاوڕێی کاتیی ئیپستین بوو، یان بەشێک بوو لەو سیستمەی کە جیهان بە "تۆڕی شەیتان" دەیناسێنێت؟


دۆسییەی ئیپستین؛ کاتێک دەسەڵات و ئابڕووچوون تێکەڵ دەبن

دۆسییەی جێفری ئیپستین تەنها دۆسییەکی تاوانکاریی سێکسی نییە، بەڵکو گەورەترین ئابڕووچوونی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەدەی ٢١ـە.

ئیپستین، کە لە ساڵی ٢٠١٩ لە زینداندا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا (یان هێنرا)، تۆڕێکی فراوانی هەبوو بۆ ڕاوکردنی کچانی تەمەن خوار ١٨ ساڵ و بەکارهێنانیان بۆ مەبەستی سێکسی لە دوورگە تایبەتەکەی خۆی لە "ڤێرجین ئایلاندز".

ئەو لیستەی کە پێشتر دادگای نیویۆرک و ئێستا وەزارەتی داد بڵاویانکردەوە، ناوی گەورەی تێدایە، وەک:

بێڵ کلینتۆن: سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا.

شازادە ئەندرۆ: ئەندامی خێزانی شاهانەی بەریتانیا.

دۆناڵد ترەمپ: سەرۆکی ئەمەریکا.

ئێهود باراک: سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل.

چەندین زانا، هونەرمەند، سیاسەتوان و خاوەنکار کە ناویان لە لیستی گەشتە ئاسمانییەکان یان "پەرتووکی ڕەشی" ئیپستیندا هاتووە.


تۆم باراک کێیە و چۆن ناوی لە دۆسییەکەدا هاتوە؟

تۆم باراک، ملیاردێر و دامەزرێنەری کۆمپانیای (Colony Capital) و سەرۆکی لێژنەی سوێندخواردنی دۆناڵد ترەمپ لە ماوەی سەرۆکایەتی یەکەمیدا، ماوەی ساڵێکە بووەتە باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا و هاوکات نوێنەری سەرۆکی ئەو وڵاتەشە بۆ سوریا.

بەپێی بەڵگەنامەکان، براک وەک هاوڕێیەکی نزیکی ئیپستین و دۆناڵد ترەمپ ناسراوە. لە بەڵگەنامەکاندا ئاماژە بەوە کراوە کە براک لە چەندین بۆنەی کۆمەڵایەتیدا لەگەڵ ئیپستین بینراوە لە نیویۆرک و فلۆریدا.

هەروەها ناوی تۆم باراک و ژمارەی مۆبایل و ئیمەیڵەکانی لەناو "پەرتووکی ڕەشی" ئیپستیندا هەبووە، کە ئیپستین وەک ئەجێندایەکی تایبەت بۆ ناوی کەسایەتییە کاریگەرەکان بەکاریهێناوە.

دیارترین بەشی ئەم پەیوەندییەش، نامەیەکی ئەلیکترۆنی ئیپستینە بۆ باراک کە تیایدا دەڵێت: "وێنەیەکی خۆتم بۆ بنێرە لەگەڵ مناڵێک، پێکەنین بخەرە سەر لێوم."


لێکەوتەکانی ئەم ناوهاتنە چییە؟

بڵاوبوونەوەی ناوی تۆم باراک لەم کاتەدا، لێکەوتەی قورسی بۆ سەر پێگەی سیاسی و یاساییەکەی هەیە، ئەویش لەچەند لایەکەوە:


زیان گەیاندن بە ناوبانگ:

هەرچەندە هاتنی ناو لە لیستەکەدا بە واتای ئەنجامدانی تاوان نایەت بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی، بەڵام بۆ کەسایەتییەکی وەک براک کە نوێنەرایەتی وڵاتێک دەکات و مامەڵەی ملیۆن دۆلاری لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و ئەوروپا دەکات، ئەمە وەک پەڵەیەکی ڕەش سەیر دەکرێت و متمانەی سیاسی و بازرگانیی ئەو کەمدەکاتەوە.


زیادبوونی چاودێریی دادوەریی:

تۆم باراک پێشتر لەلایەن وەزارەتی دادی ئەمریکاوە (DOJ) تۆمەتبار کرابوو بەوەی وەک "بریکاری بێگانە" بۆ ئیمارات کاری کردووە (هەرچەندە لە ٢٠٢٢ بێتاوان دەرچوو)، بەڵام هاتنەوەی ناوی لە دۆسیەی ئیپستیندا، وایکردووە جارێکی تر ناوەندە لێکۆڵینەوەییەکان چاو بە پەیوەندییە نهێنییەکانیدا بخشێننەوە.


کارتێکی فشار لە هەڵبژاردنەکاندا:

بەهۆی نزیکیی براک لە ترەمپ، دیموکراتەکان و میدیا دژبەرەکان ئەم ناوهاتنە بەکاردەهێنن وەک بەڵگەیەک بۆ ئەوەی "دەوروبەری ترەمپ پڕبووە لە کەسانی گوماناوی".


کاریگەری لەسەر بزنس:

کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان ئێستا بە وریاییەکی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو ناوانە دەکەن کە لە فایلی ئیپستیندا هاتوون، ئەمەش باراک دەخاتە گۆشەیەکی گۆشەگیری داراییەوە لە هەندێک بازاڕدا.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو