ژنانی رۆژائاوا پێداگری دەکەن؛ ئەوان چەکدانان رەتدەکەنەوە
٤ شوبات ٢٠٢٦ - ٧:٥٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
هێزەکانی یەپەژە کە سەرجەمیان ژنن و سەرکردایەتی شەڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامی (د۱عـ.،ـش)یان کردووە، ڕەتیدەکەنەوە چەک دابنێن، ئەمەش بەپێی راپۆرتی ئاژانسی فرانس پرێس.
یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) کە ژمارەیان لە لوتکەدا گەیشتووەتە ٢٤ هەزار چەکدار، بەڵێنیان داوە چەک دانەنێن، سەرباری رێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی سوریا.
ئەوان دەڵێن، خەباتی هێزەکانی یەپەژە بۆ ئۆتۆنۆمی و گەیشتنە بە مافەکانی ژنان، ئەمەش خەبات و بەردەوامی دەوێت.
روکسەن محەمەد، وتەبێژی یەپەژە، بە ڕۆژنامەی تەلەگرافی ڕاگەیاند: وەک ژنێک بۆچی چەکم هەڵگرت؟ چونکە دەبینم کۆمەڵگاکەم، ئۆتۆنۆمیم، شوناسم لەژێر هەڕەشەدایە.
هێزەکانی یەپەژە رۆڵی گرنگیان گێڕا لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و دامەزراندنی ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە شەڕی فراوان لەنێوان گروپە چەکدارە سورییەکان و هێزەکانی سوریای دیموکرات هەڵگیرسا، ئەنجامەکەی بە کشانەوەی هەسەدە بۆ ناوچە کوردییەکان و لاوازبوونی هەژموونی هەسەدە کۆتایی هات.
روکسەن محەمەد دەڵێت: ئەگەر شەڕ روو بدات، ئێمە ئامادەین بۆ شەڕ و بەرگری، ئەگەر رێککەوتن مافەکانی گەلەکەمان دەستەبەر بکات بۆ ئەمەش ئامادەین.
هێزەکانی سوریای دیموکرات و دیمەشق لەژێر فشاری ئەمەریکادا ناچار بەرێککەوتنێکی ناچاری کران، دیمەشق پێویستی بەوەیە بانگەشەی یەکپارچەیی خاکی سوریا بکات، هەسەدەش بەدوای دەرفەتدا دەگەڕێت بۆ پەلهاویشتن و خۆ دەربازکردن لە لەقاڵبدان.
روکسەن محەمەد وتی: ئێمە رۆڵمان هەبووە لەبەرەنگاربوونەوەی داعش و بەرەی نوسرە، بۆیە ناتوانین بەبێ هێزی ژنان بژین.
جەختکردنەوەی هێزەکانی یەپەژە لەبەردەوامبوون لە خەبات لەکاتێکدایە، بوونی هێزی ژنان لەگەڵ ئایدۆلۆژیای هێزەکانی سوریادا یەکناگرێتەوە کە ئێستا دەسەڵاتدارن لە دیمەشق.
کاتێک گروپە چەکدارە سورییەکان هێرشیان بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە چڕ کردەوە و چەکدارە عەرەبەکان هەڵگەڕانەوە، ئیدارەی خۆسەر بۆ پارێزگاریکردن لەناوچەکان پشتی بە هێزەکانی یەپەژە و یەپەگە بەستن.