تۆم باراک ئامادەی ساتی واژۆ کردنەکە بوو؛ حکومەتی سوریا لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمەریکی و قەتەری لەسەر دەرهێنانی غاز گەیشتە رێککەوتن
٥ شوبات ٢٠٢٦ - ٢:٤١ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
کۆمپانیای نەوتی سوریا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمەریکایی و قەتەری واژۆ کرد بۆ پەرەپێدانی یەکەم کێڵگەی نەوت و گاز لە ژێر دەریادا، تۆم باراک نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا ئامادەی واژۆ کردنی لێکتێگەیشتنەکە بوو.
تۆم باراک، رێککەوتنەکەی بە مێژوویی نابرد و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، رایگەیاند: شەرەفمەند بووم بەوەی شایەتحاڵی ئەم وەرچەرخانە مێژووییەی سوریا بووم سەبارەت بە گەڕان بەدوای غاز لەژێر دەریادا.
گرێبەستەکە لەنێوان کۆمپانیای نەوتی سوریا و کۆمپانیای شێڤرۆنی ئەمەریکایی و پاوەر ئینتەرناشناڵ هۆڵدینگی قەتەری ئەنجامدراوە.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی سانای سەر بە حکومەتی سوریا،گرێبەستەکە بۆ دۆزینەوە و دەرهێنانی گاز و نەوتە لەو ناوچە دەریاییانەی دەکەونە چوارچێوەی سنوری دەوڵەتی سوریاوە. گرێبەستەکە هەوڵدانی فراوانیش لەخۆ دەگرێت بۆ پێشخستن و وەبەرهێنانی زیاتر لە کەرتی وزەی سوریا.
یوسف کەبەڵاوی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نەوتی سوریا، رێککەوتنەکەی بە "گرنگترین" گرێبەستی گەڕان بەدوای وزەی ژێر دەریا لە مێژووی سوریادا ناوبرد.
کەبەڵاوی، رایگەیاند: پێدەچێت پرۆسەی گەڕان چوار ساڵ بخایەنێت بۆ گەیشتن بە یەدەگی غاز.