چی وایکرد حەلبوسی و پارتی پشت لە یەکتری بکەن؟

٥ شوبات ٢٠٢٦ - ٨:٠٥ پاش نیوەڕۆ

چی وایکرد حەلبوسی و پارتی پشت لە یەکتری بکەن؟

پەنجەرە

بۆ ماوەی چەند ساڵێک، پەیوەندیی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕێبەرایەتی مەسعود بارزانی و پارتی "تەقەدوم" بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی، وەک یەکێک لە بەهێزترین هاوپەیمانییە تائیفی و نەتەوەییەکان لە عێراقدا دەبینرا.

ئەم دوو هێزە کۆڵەکەی هاوپەیمانی "ڕزگارکردنی نیشتمان" بوون لەگەڵ سەدر. بەڵام لە ئێستادا، ئەو دۆستایەتییە گۆڕاوە بۆ جۆرێک لە شەڕی سارد و لێدوانی توندی میدیایی.

پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: چی وایکرد ئەم دوو هاوپەیمانە مێژووییە، لەیەکتری دوور بکەونەوە؟


شەڕی "مانەوە" و "زەعامەت"

کێشەی سەرەکی نێوان پارتی و حەلبوسی لە ئێستادا لە "گۆڕانی بەرژەوەندییەکان" و "شەڕی مانەوە"ـدا کورت دەبێتەوە.

پارتی دیموکراتی کوردستان هەست دەکات حەلبوسی لە پێناو پاراستنی پێگەی خۆی لە بەغدا، بووەتە بەشێک لەو هەوڵانەی کە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەو دەدرێن.

لە بەرامبەردا، حەلبوسی وا دەبینێت کە پارتی لە کاتی دوورخستنەوەیدا لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، پشتیوانییەکی ئەوتۆی لێ نەکردووە و تەنانەت لەگەڵ نەیارە سوننەکانی (وەک خەمیس خەنجەر و موسەنا سامەڕائی) نزیکبوونەوەی هەبووە.

هاوکات پێشیوایە لەو لایەنانە بووە کە نەیهێشتووە ببێتەوە بە سەرۆکی پەرلەمان لەم خولەدا.

هەموو ئەمانەش وایکردووە کە زمانێکی زبر لە نێوان میدیاکانی هەردوولادا سەرهەڵبدات، تا بگاتە ئەوەی حەلبوسی دوێنێ بڵێت هەرگیز نایاتە هەولێر و پارتیش بە "سپڵە" ناوی ببات.


دەستی ناوخۆیی لە ئاڵۆزبوونەکەدا

لەپاش ئەوەی هاوپەیمانێتییە سێقۆڵییەکەی پارتی و سەدر و حەلبوسی نەیتوانی لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراقدا دەسەڵات بگرێتەدەست، حەلبوسی بۆ ئەوەی "لەکاروان جێ نەمێنێت" و پێگەکەی لەدەستنەدات، پەنای بۆ نزیکبوونەوە لە هێزە شیعییەکانی نزیک لە ئێران برد.

ئەم پەنابردنە، بە دیدی پارتی پشتهەڵکردن بوو لەو، کە ئەمەش حزبەکەی نیگەران و تووڕە کرد.

لەلایەکی دیکەوە حەلبوسی چەند ساڵێکە هەنگاو بۆ ئەوە دەنێت ببێت بە مەرجەعی سیاسیی سوننەکان، ئەمەش کارێکە پارتی پێی ناخۆشە، بەتایبەتی کە ئەوان مەسعود بارزانی بەوە دەبینن. هەربۆیە مەرامەکەی حەلبوسی بە لێدان لە پێگەی بارزانی لێکدەدەنەوە.


دەستی وڵاتانی هەرێمایەتی لە پرسەکەدا

لەکاتێکدا تورکیا وەک پشتیوانێکی سەرەکی هەردوو لایەن (پارتی و سوننەکان) ناوی دەبرێت، بەڵام ئێران وەها دەبینرێت کە دەیەوێت درز بخاتە نێوان هاوپەیمانەکانی پێشووی سەدر.

حەلبوسی بۆ مانەوە لە گۆڕەپانەکەدا ناچاربوو نزیکبێتەوە لە لایەنە نزیکەکانی ئێران (چوارچێوەی هەماهەنگی). لەبەرامبەردا پارتی بەمە نیگەران بووە بەتایبەتی کە خۆی لەژێر فشاری توندی ئێراندایە.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بەو گەرموگوڕییەی پێشوو پشتگیری لە یەکڕیزی پێکهاتەکان ناکەن و زیاتر جەخت لە سەقامگیریی عێراق دەکەنەوە، هەربۆیە هەر لایەنە و بە تەنیا هەوڵی ڕزگارکردنی خۆی و بەدەستهێنانی هەرچی زیاترە لە هێز و بەرژەوەندیی بدات.

ئێستا پەیوەندیی نێوان پارتی و حەلبوسی لە "مانگی هەنگوینی سیاسییەوە" گەیشتووەتە قۆناغی "ڕکابەریی توند". پرسیار ئەوەیە: ئایا ئەمە دەبێتە هۆکاری جیابوونەوەی یەکجارەکی، یاخود وەک لە دێڕە بەناوبانگەکەدا هاتووە: "لەسیاسەتدا دۆست و دوژمنی هەمیشەیی بوونی نییە!"


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو