دیجیتاڵ لەبەرامبەر قەڵاکانی گەندەڵی؛  کاتێک چاکسازیی لە عێراقدا شکستدێنێت

٦ شوبات ٢٠٢٦ - ١:٥٦ پێش نیوەڕۆ

دیجیتاڵ لەبەرامبەر قەڵاکانی گەندەڵی؛  کاتێک چاکسازیی لە عێراقدا شکستدێنێت

پەنجەرە

عێراق، ئەو وڵاتەی لەسەر دەریایەک لە نەوت وەستاوە، ساڵانێکە لە نێوان دروشمی چاکسازی و واقیعی داڕماندا دەخولێتەوە. هەرچەندە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکان باس لە گۆڕانکاریی ڕیشەیی دەکەن، بەڵام لەسەر زەوی پڕۆژەکان یان هەر لە سەرەتاوە لەباردەبرێن، یان لە ناو قوڕاوی رۆتین و بەرژەوەندیی سیاسییەکاندا پەکدەخرێن. نموونەی هەرە دیاری ئەم ململانێیە، جێبەجێکردنی سیستەمی "ئەسیکۆدا"یە لە گومرگەکانی وڵاتدا.


ئەسیکۆدا؛ تاقیکردنەوەیەکی سەخت بۆ شەفافیەت

سیستەمی "ئەسیکۆدا" (ASYCUDA) کە سیستەمێکی ئەلیکترۆنی جیهانییە و لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە (UNCTAD) پەرەی پێدراوە، بۆ ئۆتۆماتیکردنی کارە گومرگییەکان بەکاردێت.

ئامانجی ئەم سیستەمە کەمکردنەوەی دەستێوەردانی مرۆیی، ڕێگریکردن لە بەهەدەردانی دارایی و زیادکردنی داهاتی دەوڵەتە.

بەڵام بۆچی لە عێراقدا ئەم سیستەمە بووەتە سەرئێشە؟

بەپێی ڕاپۆرتە ئابوورییەکان، جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە ڕووبەڕووی بەرگرییەکی توند بووەتەوە. 

نەبیل مەرسومی، پسپۆڕی ئابووری عێراقی، ئاماژە بەوە دەدات کە "سیستەمە ئەلیکترۆنییەکان قازانجی گروپە دەستڕۆیشتووەکان دەبڕن کە ساڵانە ملیارەها دۆلاریان لە ڕێگەی قاچاخچێتی و ساختەکردنی پسوڵە گومرگییەکانەوە دەستدەکەوێت."


بۆچی چاکسازییەکان لەباردەبرێن؟

پسپۆڕان و ڕاپۆرتەکانی "ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی" و "بانکی جیهانی" هۆکارەکان لە سێ خاڵی سەرەکیدا کۆدەکەنەوە:

یەکەم: سیستەمی پشکپشکێنە (المحاصصة):

ئەمە گەورەترین بەربەستە. لە عێراقدا دامەزراوەکان نەک لەسەر بنەمای لێهاتوویی، بەڵکو لەسەر بنەمای پشکی حزبی دابەشکراون. هەر هەوڵێک بۆ چاکسازی لە وەزارەتێک یان بەڕێوەبەرایەتییەک، وەک هێرش بۆ سەر بەرژەوەندیی حزبێکی دیاریکراو دەبینرێت.

بۆیە وەزیرەکان زۆرجار ناتوانن (یان نایانەوێت) چاکسازی بکەن، چونکە کورسییەکانیان بەستراوەتەوە بە ڕەزامەندی لایەنە سیاسییەکان.

دووەم: "دەوڵەتی قووڵ" و مافیاکانی ئابووری:

لە پشت پەردەی حکومەتەوە، تۆڕێکی ئاڵۆز لە بازرگان و گروپە چەکدارەکان هەن کە سوودمەندی یەکەمی پشێوی و نەبوونی سیستەمی ئەلیکترۆنین.

بۆ نموونە لە دۆسیەی "ئەسیکۆدا"ـدا، تێکدانی سیستەمەکە یان هێواشکردنەوەی کارەکانی، دەبێتە هۆی ئەوەی بازرگانەکان ناچاربن بگەڕێنەوە سەر شێوازە کۆنەکە (مامەڵەی کاغەز) کە تێیدا گەندەڵی و بەرتیل تێیدا ئاسانە.

سێیەم: رۆتینی بەردین و نەبوونی ژێرخانی مرۆیی:

بەشێکی زۆری فەرمانبەرانی عێراق لە ڕووی تەکنیکییەوە ڕانەهێنراون بۆ کارکردن لەگەڵ سیستەمە پێشکەوتووەکان.

جێبەجێکردنی چاکسازیی دیجیتاڵی پێویستی بە گۆڕانکاری لە عەقڵیەتی ئیداری هەیە، کە ئەمەش لە عێراقدا بەهۆی سیستەمی کۆنی کارگێڕییەوە زۆر زەحمەتە.


دەرەنجامی شکستی چاکسازییەکان

بەپێی ڕاپۆرتێکی بانکی جیهانی، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین ڕێژەی "بەهەدەردانی دەرفەت"ـی هەیە. 

ئاستەنگیی درووستکردن بۆ پڕۆژەکانی وەک "ئەسیکۆدا"، تەنها کێشەیەکی تەکنیکی نییە، بەڵکو مانای وایە کە ویستێکی گەورە هەیە بۆ ئەوەی ئەم وڵاتە پێشنەکەوێت و چاکسازیی لە کەرتەکانیدا نەکرێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو