"کاندیدی سازان"؛ ئایا عەلی شوکری پۆستی سەرۆک وەزیران وەردەگرێت؟
٦ شوبات ٢٠٢٦ - ٢:٠٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە کاتێکدا ململانێی باڵە سیاسییە شیعییەکان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران چڕبووەتەوە، ناوی پڕۆفیسۆرێکی یاسا و وەزیرێکی پێشوو بە بەهێزی دەهێنرێت.
عەلی شوکری، ئەو پیاوەی کە پێشتر وەک "کاندیدی کاتە سەختەکان" یان "کاندیدی سازان" سەیر دەکرا، جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە ناو بازنەی دەستنیشانکردن بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران.
مامۆستای یاسا و وەزیری پێشوو
د. عەلی یوسف شوکری، لە دایکبووی ساڵی ١٩٦٩ـە لە پارێزگای نەجەف. ئەو تەنها سیاسییەک نییە، بەڵکو یەکێکە لە ناوە دیارە ئەکادیمییەکانی عێراق لە بواری یاسادا.
خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە یاسای گشتی (تایبەتمەند لە یاسای دەستووری). وەک مامۆستا لە زانکۆی کووفە دەستیپێکرد و دواتر بوو بە ڕاگری کۆلێژی یاسا لە هەمان زانکۆ. خاوەنی چەندین کتێب و توێژینەوەی زانستییە لەسەر دەستوور و سیستەمی فەرمانڕەوایی.
لەبواری حکومییشدا، پێشتر چەند پۆستێکی وەرگرتوە، لەوانە: لە کابینەی دووەمی نووری مالیکیدا پۆستی وەزیری پلاندانان (٢٠١١ - ٢٠١٤) وەرگرت و وەک وەزیرێکی سەرکەوتوو لە ڕووی ئیدارییەوە دەردەکەوت.
هەر لەوکاتەدا بۆ ماوەیەکیش ئەرکی وەزارەتی دارایی پێسپێردرا دوای کێشەکانی ڕافیع عیساوی.
دواتر لە سەردەمی د. بەرهەم ساڵح، شوکری پۆستی سەرۆکی دەستەی ڕاوێژکارانی سەرۆکایەتی کۆماری هەبوو، ئەمەش وایکرد نزیک بێت لە ناوەندی بڕیاردانی باڵا و کێشە سیاسییەکان.
باکگراوەند و ئاراستەی سیاسیی شوکریی؛ بۆچی کاندیدە؟
ناوی عەلی شوکری وەک جێگرەوەیەک بۆ محەمەد شیاع سوودانی لەو پۆستەدا یان لە کاتی بنبەستی سیاسی دەهێنرێت. هۆکارەکانیشی کاندیدکردنی بریتین لە:
کەسایەتییەکی (تەکنۆکرات):
ئەو وەک کەسێکی میانڕەو دەبینرێت کە لایەنە شیعەکان و تەنانەت کورد و سوننەکانیش ڤیتۆیان لەسەری نییە.
پەیوەندی لەگەڵ لایەنەکان:
شوکری پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ "دەوڵەتی یاسا" (نووری مالیکی) هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا لەلایەن ڕەوتی حیکمە (عەممار حەکیم) و هادی عامرییەوە ڕێزی لێدەگیرێت.
هاوکات یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی ئەوەیە کە لە ڕابردوودا ناوی وەکو کاندیدی ڕەوتی سەدریش هاتووە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران (لە کاتی خۆپیشاندانەکانی تشرین)، ئەمەش دەریدەخات کە دەتوانێت ببێتە پردێک لەنێوان سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی.
لەبارەی بیروڕای سیاسییەکەیشییەوە، ئەو بڕوای بە "دەوڵەتی دامەزراوەیی" و سەروەریی یاسا هەیە. وەک کەسێکی نیشتمانی دەردەکەوێت کە دەیەوێت هاوسەنگی لەنێوان پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئێران و ئەمریکا بپارێزێت، بەبێ ئەوەی وڵات بخاتە ناو جەمسەرگیرییەکی توندەوە.
چانسی دەرچوون؛ کاندیدی یەدەگ
دیمەنەکە لەبابەتی دیارییکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق ڕوونە، کێبڕکێکە لەنێوان مالیکی و سودانییە، لەئەگەری سەرنەکەوتنی هەرکامیان، ئەوکات باس دێتە سەر بژاردە یدەگەکان کە شوکریی یەکێکە لەوانە.
ئەگەر ناکۆکییەکانی نێوان (سوودانی و مالیکی) بگاتە خاڵێک کە مالیکی و سوودانی هیچیان نەتوانن ئەو پۆستە بەدەستبێننەوە، ئەوا عەلی شوکری یەکەم ناوی سەر مێزەکە دەبێت وەک "کاندیدی سازان".
بەگشتیش رەنگە بەوهۆیەی ڤیتۆیەکی ناوخۆیی و ئێرانی و ئەمریکی ئەوتۆی لەسەر نییە، چانسی لەهەمو کاندیدەکانی دیکە بەهێزتر بێت.
سەرباری ئەوەش ناوهێنانی شوکری لەوەتێپەڕناکات کە وەک "کاندیدی یەدەگی ستراتیژیی" لەحاڵەتی نەگەیشتنە ئەنجامی لایەنە شیعییە بەهێزەکاندا دەبینرێت.